وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری کارکردنی تەکسی بە سیستەمی تاک و جووت هەڵدەوەشێنێتەوە، هاوکات بڕیاریش لە دەستبەکاربوون و ئاساییکردنەوەی کارەکانی مینی پاس و پاسەکان لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەدات.

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ئاساییکردنەوەی ژیان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: “دوای راوێژکردن لەگەڵ هەردوو بەڕێز وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی، دوای فەرمانی وەزاریمان ژمارە 81 لە 24-4-2020 بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە پێماندراوە بڕیارماندا: بە هەڵوەشاندنەوەی کارکردنی تەکسییەکان و دەستبەکاربوون و ئاساییکردنەوەی کارەکانی مینی پاس و پاسەکان لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم، هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بە سیستەمی تاک و جووت و ئاساییکردنەوەی کارەکانیان بەپێی مەرجەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە لە وەزارەتی تەندروستی دەرچووە“.

بە گوتەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم فەرمانە لە رێککەوتی 11-5-2020وە جێبەجێ دەکرێت.

سەبارەت بە هێڵەکانی گواستنەوەی نێوان پارێزگاکانیش، ئانۆ جەوهەر گوتی: “ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆ راگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە، ئەو بابەتەش لە دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆیە، ئەوان رێنمایی تایبەت لەو بارەیەوە دەردەچووێنن”.