ئەمڕۆ دووشەممە 4-5-2020، ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق لەگەڵ لێژنەی ئامادەکاری بودجەی گشتیی وڵات کۆبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی پێشنیازەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی کراوە، کە یەکێک لەو پێشنیازانە، کەمکردنەوە و پاشەکەوتی مووچەیە، بەشێوەیەک مووچەی هیچ کەسێک لە عێراق پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێ و مووچەی خانەنشیش لە چوار ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
هەروەک ئاژانسی فەرمیی عێراقی بڵاوی کردووەتەوە، بە چەند رێژەیەکی جیاواز مووچەی مووچەزۆران پاشەکەوت دەکرێت، بەمشێوەیە؛
– مووچەی پلە باڵاکان بە رێژەی %75 پاشەکەوت دەکرێ
– رێژەی %50ـی موخەسەساتی فەرمانبەران پاشەکەوت دەکرێ
– مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی بە رێژەی %25 پاشەکەوت دەکرێ
– مووچەی خانەنشینان بە رێژەی %12 پاشەکەوت دەکرێ
بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە جیهان، نرخی نەوت بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە 30 ساڵی رابردوو دابەزیوە و بەهۆیەوە عێراق تووشی قەیرانێکی سەختی دارایی بووە.









