عەدنان فاخر

بوونی جیاوازی یا کەلێنێکی گەورە لە نێوان خواست و پێداویستیەکانی مرۆڤ وخێرایی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان بووەتە هۆی ئەوەی ئەم دۆخە ی کە لە ئەنجامی ئەم کرانەوە رەها و لە ناکاوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دروست بووە، بەرگەی ململانێکانی پێشکەوتن وداهێنانەکانی ئابوری سیاسی و… تر نەگرێت و دواجار بگۆرێت بۆ جەنگێکی گەرم و درێژخایەنی فرە ڕەهەند.

بە درێژایی مێژووی نوێ و هاوچەرخیش هەرچوار وڵاتی سوریا وعێراق وئێران وتورکیا وەک ناوەندێکی هەمیشەیی ململانێ وجەنگی درێژ خایەنی زلهێزە ئیمپراتۆرەکانی جیهانی بووە، بڵاوبوونەوەی زانست و تەکنۆلۆجیاش بە جیهاندا ئەگەر بۆ گەلانی ئازاد و پێشکەوتوو، مایەی خۆشگوزەرانی بێت، بەڵام بۆ گەلانی ژێر دەست و داگیرکراو وەکو ژەهروکارەساتی کوشندە بووە، تەرێب لەگەڵ دۆخێکی ئاوادا لەم دەیەی دواییدا کۆمەڵێک سیمای جیاوازو توخمی جیاواز دەرکەوتوون کە بەرێوەبردنی هەموو جیهان لە ئەستۆ دەگرن، زۆربوونی جەمسەرەکانی هێزوداهێنان و پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و کاراو کاریگەربوونی هێزی نەرم (راگەیاندن) بەهەموو جۆرەکانیەوە هەر خاوەنی ئەم چەکانەن ئێستا بوونەتە ئەو ئیمپراتۆرانەی کە رۆژیان لێ ئاوا نابێ وهەناردە وهاوردەی هەموو کێشە و قەیرانەکانی هەموو جیهانیان بە دەستەوەیە، بێ گومان ئەم فرە جەمسەرییە بووەتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی لە هەرێم و شوێنگە جیۆپۆلەتیکیەکانی جیهان. تێکچوونی هاوسەنگیش هەمیشە یا ئاوێتە بوون دروست دەکات یان ئاوێتەکان شیتەڵ دەکات، وەک چۆن دەرەنجامی هاوسەنگ بوونی هێزو هاوکێشەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم دابەش و دامەزراندنی چەندین وڵاتی لێکەوتەوە بەهەمان شێوە هاوسەنگ بوونی دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەراست کە کورد لە چەندین لاوە تەوەری سەرەکیە تیایدا پێشبینی دەکرێ ئەم جارەش بە وێکهێنانەوەی تورکیاو دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان و برینی دەنووک و قاچەکانی ئێران تا وەکو (لەق لەق)ەکەی مەلا مەشووری لێبێ و هێزە موجەب وسالبەکانی ناوچەکە لە دۆخێکی هاوسەنگدا بمەیێنرێن …! ئەگەر مومکینێکی دوور مەوداش بێ …! ئەرکی هەنووکەیی و بەپەلەی کورد، وێرای دەوڵەمەندی سەرکردایەتی کورد بە ئەزموونی تفت و تاڵی هەرێمی و نێودەوڵەتی، دەبێ کورد ئێستا لەهەموو سەردەمەکانی تر وشیارتر و زیرەکتر بێ، نەک هەر بە سادەیی نەکا بکەوێتە تەڵەی ناحەزو دوژمنانیەوە، و نەشبێتە کاڵای نێوان چەکوچ و سندانی هێزەکانەوە، بەڵکو وەکو یاری زانێک یا توخمێکی سەرەکی و زیندووی ناو هاوکێشە سیاسی و ئابووری و خۆی دەربخاو دۆست و ناحەزە دیارو نادیارەکانی بە چاکی بناسێتەوە، چوونکە هاوسەنگی هاوکێشەکانی سیاسەتی نوێ و سەردەم زۆر چیاوازترن و هێزی گەورەو بچوک ودیارو نادیارو مادی و مەعنەوی لە خۆ دەگرن بۆیە بزاڤی کوردی جگە لە دەست نیشان کردنی نەخشەی سەرچاوەکانی تێکچوونی هاوسەنگی ناوچەکە دەبێ توخمە بنەرەتیەکانی خۆیشی پەرە پێ بدا کە سەرمایەو سەرچاوەی هێزی دینامیکیەتی بزاڤەکەن، بە پلەی یەکەمیش هێزی ئیرادەو هێزی مرۆییە، لە لایەکی دیکەوە دەبێ دارێژەران و بەرێوە بەرانی ستراتیجیەتی بزاڤی کوردی لە هەرچوار پارچەی کوردستان لە هانگاوەکانی هەردووو جۆرە هاوسەنگیەکە غافل نەبن وزۆر بە وردی کاری لە سەر بکەن، جۆری یەکەمیان ئەو هاوسەنگیەیە کە وڵاتە ئقلیمیەکان بە هاوکاری وڵاتە گەورەو بریار بەدەستەکانی جیهان پێ ی هەڵدەستن.

دووەمیان ئەو هاوسەنگیەی لەژێر هەژموونی سیستەمی چەکی ئەتۆمی وچەکە ستراتیجیەکانی تردا دروست دەبێ ..کیبرکێ ی خۆ پر چەک کردنی ولاتانی ئقلیمی و کەنداودش فاکتەرێکی هەرە گرنگی تێکچوونی ئەو هاوسەنگیەیە دۆزینەوەی نەخشەی ئەم سەرچاوانە کارێکی ئاسان نیە بەڵام مەحاڵیش نیە…! ئەگەر کورد هەماهەنگ و یەک دەست بێ.