ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە سادق جەعفەر عەلاوی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دەستخۆشی لە د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر كرد، لەبارەی ڕێوشوێنەكانی خۆپاراستن لە پەتای كۆرۆنا.
عەللاوی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا دەستخۆشی و پێزانینی حکوومەتی عێراق و وەزارەتی تەندروستی عێراقی بە پارێزگاری هەولێر ڕاگەیاندووە و باسی لە ڕژدیی هەوڵ و هەنگاوەکانی پارێزگاری هەولێر و هاوکارانی لە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر کردووە، کە چۆن بە وریایی و پەرۆشییەوە کاریان لەسەر دەرکردنی ڕێکار و رێنماییە پێویستەکان کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە سنووری پاڕێزگای هەولێر.
لای خۆیەوە د.فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر سوپاسی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراقی کرد لە پاڵپشتیکردن و پێزانینی بەرامبەر بە ڕێکارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا.









