وەزیری نەوت و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە رایدەگەیەنێت، هەوڵێک هەیە بۆ کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران.
سامر غەزبان، وەزیری نەوت و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە لە بەرنامەیەکی کەناڵی (سۆمەرییە نیوز)، رایگەیاندووە، ئەمساڵ رێژەی تەرخانکردنی پارە بۆ مووچە بەهۆی زیادبوونی گرێبەست و دامەزراندن، زۆر زیادی کردووە.
سامر غەزبان هەروەها رایگەیاندووە، عێراق پێویستیی بە نزیکەی 45 ملیار دۆلار بۆ دابینکردنی مووچە هەیە.
جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە ئاماژەی بەوە کردووە، حکوومەتەکەی ناتوانێ بەو داهاتەی ئێستا ئەو برە پارەیە بۆ مووچەخۆران دابین بکات، بۆیە هەوڵێک هەیە بۆ پێدانی مووچەی بنەڕەتی بەبێ هیچ زیادەیەک بۆ فەرمانبەران.
سامر غەزبان هەروەها رایگەیاندووە، بۆ مانگی 5، مووچە وەک خۆی دابەش دەکرێ، بڕیاری بڕینی دەرماڵەکان بۆ مانگەکانی داهاتووە و ئەو پارەیەی لە سەرووی مووچەی بنەڕەتییەوە لە فەرمانبەران دەبڕدرێ، وەک پاشەکەوت بۆیان هەڵدەگیرێت.









