خەبات: پەریهان عومەر:- هونەرمەند سروشت کامەران لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی توی مەلیك لە دایكبووە، دەرچووی بەشی ئیدارە و مەکتەباتە لەزانکۆی سلێمانی، لە تەمەنی مناڵییەوە کاری نواندنی کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، لەپاڵ کاری نواندن کاری ڕاگەیاندنیش ئەکات.

لەبارەی ڕەسەنایەتی هونەری کوردی و مۆدێرنەوە هونەرمەند سروشت کامەران بۆ ماڵپەری خەبات گووتی: ئەگەر مەبەست لەکلتوری کوردییە، ئێستا کۆمەڵگا گۆڕاوە ئەبێت بەشێوەیەك کاربکەیت مۆدێرن و ڕەسەنایەتی کلتوری بپارێزیت.

لەبارەی درامای کوردییەوە سروشت بۆ ماڵپەری خەبات گووتیشی: لە ئیستایە بەڕای من درامای کوردی لەئاستێکی باشدایە، ئەمساڵ چەند درامایەکی کوردی بەرهەم هاتووە کە ئەمە جێگای خۆشحاڵییە.

لەبارەی نوێترین کاری هونەرییان هونەرمەند سروشت گووتی: بەداخەوە کۆرۆنا ئیشەکانی دواخستم، ئەگەرنا پڕۆژە و کاری هونەریم هەبوو، بەڵام دوای باشبوونی ئەم دۆخە و نەمانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وردە وردە دەست بەکارەکانمان ئەکەینەوە.

لەبارەی ئەوەی سروشت کامەران لە کام کاری تیایدا زۆر سەرکەوتوو بووە، لەو بارەیەوە بۆ ماڵپەری خەبات گووتی: ئەوە ئەبێت بینەر بڕیار لەسەر سەرکەوتنی یەکێک لەکارەکانم بدات، بەڵام ئەگەر بڵێی کام کارم لا جوان و خۆشەویستە، ئەوا من هەموو کارەکانم خۆش ئەوێت،  لای من هەر یەکێک لەکارەکانم جوانی و چێژی تایبەت بە خۆی هەیە.