ڕاگەیەندراوێك بە ناوی گوتەبێژی فەرمیی بارەگای بارزانی
لە كاتێكدا كە هێزە سیاسییە نیشتمانییەكان و پێكهاتەكانی عێراق بەرەو پێكهێنانی حكوومەتێكی نیشتمانی هەنگاو دەنێن، تا بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا زاڵ بن كە بەرۆكی دەوڵەتی عێراقیان گرتووه، لەم كاتە هەستیارەدا كە پێویستی‌ بە یەكڕیزیی هەمووان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەدیاتەكان و گەیاندنی وڵات بە كەناری ئارامی، گوێبیستی هەندێ دەنگی نەشاز دەبین بە تێكەڵكردنی كارتەكان و، دەیانەوێ مەبەستە راستەقینەكەی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو بە لاڕێدا ببەن، بەوەی كە لە پرسی هێشتنەوەی چەك لە دەستی‌ دوڵەتدا و، لە نەهێشتنی هەموو شێوەكانی هەبوونی سەربازیی ناشەرعی و نادەستووری، ئاماژە بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش كراوە.
ئێمە لە كاتێدا‌ رایدەگەیێنین كە پشتیوانی لە هەموو هەنگاو و كارەكانی حكوومەت دەكەین بۆ بونیادنانی دەوڵەتێكی دیموكراسی و شارستانی كە تیایدا دەستوور و یاسا و هاونیشتیمانیبوون تێیدا سەروەر بێ، ئەو هەوڵانەش ڕەت دەكەینەوە كە هەوڵی رێگریكردن لە هەنگاوی راست و دروست‌ و لێدوانی‌ نابەرپرسیارانە دەدەن و دەشڵێین: پێشمەرگە بە گوێرەی بڕگەی پێنجەمی ماددەی 121/ دەستوور هێزێكی شەرعی و یاساییە.
هێزی پێشمەرگە‌ دوای دەیان ساڵ لە خەباتدا بووە دژی دیكتاتۆرییەت و قوربانیی زۆری داوە لە پێناو دۆزی گەلی كورد و دەوڵەتی عێڕاقدا، نابێ ناوی بخرێتە لیستی ئەو كۆمەڵە چەكدارانەی‌ بە نایاسایی‌ دروست بوونە و سەروەریی دەوڵەت و گەلانی عێراقیان پێشێل و ئەتك كردووە و وەك هێزێكی دەوڵەتی ناو دەوڵەتدا ڕەفتار دەكەن، كە جگە لە خزمەتكردنی بەرژەوەنییە تەسكەكانی خۆیان و جێبەجێكردنی ئەجێندای دەرەكی ئامانجێكی دیكەیان نییە.
ئەوە‌ی پێشمەرگە ناناسێ با بچێ لاپەڕەكانی مێژوو بگەڕێ، ئەو كاتە دەزانێ كە پێشمەرگە قەدەری میللەتی كورد‌‌ و هێڵی سوورە، لە رابردوودا قەڵای پۆڵایین و پارێزەری باوەڕپێكراوی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی كوردستان بووە و هەر وایش دەمێنێتەوە‌. هێزی پێمەرگە بەشێكە لە هێزە سەربازییە دەستوورییەكان و، هەر هەنگاوێكیش كە بنرێ بەرەو هێشتنەوەی چەك تەنیا بە دەستی دەوڵەتەوە، دەبێ دوور لە موزایەداتی ئەوانەی شارەزای مێژوو نین ئەو راستییە لە بەرچاو بگیرێ.
ڤیان دەخیل
گوتەبێژی فەرمیی بارەگای بارزانی
۱۸ـی ٤ـی ۲٠۲٠