مەلا حاتم حەمەجان

چواردەی چوارە یادگاریەکی خامۆش نەبووی پڕتاوانە چۆن باسیکەم چۆن ریزی تاوانەکە خاڵ بە خاڵی کۆکەمەوە ئەرشیفی چاوەکانم زۆر بە خێرا تاوانەکە دێنێتە پێش واملێدەکات هەر ئەمڕۆیە و چواردەی چوارە و هەمان سەعات لە  گەرمیانم هەمان بەهار هەمان ساڵە وڵاتێکی ترس داگرتوو دانیشتوانی سەرگەردانە و بڕیار نییە و کەس بە کەسە و زەوی پڕ دڕندەیە و ئاسمان هاژەی فڕۆکە و زەوی بکوژ بکوژ و پڕ تاوان و تاڵانچێتی و مەرگەساتە تەگبیر نەما باوک و ئەولاد لێک جیابووە گریان نەما تۆقاندن وای کردووە دەموچاو زەرد هەڵگەراو و لێو شەقبردوو، کەس نازانێت بۆ کوێ دەڕوات لەبەر چاوت ماڵ دەسوتێ خەڵک دەگیرێت.

سەر و سەروەت بەرەڵایە لوولەیی تفەنگەکان بۆ پێش ناروات هێواش هێواش فڕیدەدرێت دێ دەسوتێ ژن قیژەیدێ مناڵەکانی گرێ و ڕۆ ڕۆ باوک وەک ئەو تەنها گریان سەرگەردانە و هێزی نییە کۆمەڵ کۆمەڵ بە یەکدا دێن هیچ تەگبیرێک لایان نییە عەسکەر دێت و ڕاپێچ دەکات هەندێ کوردیش جامانەدار جلی کوردی تاقم لە پشت چەک بە شان و خوێری شێوە نعم نعم بۆ زابتی جێشەکەیان دێن و دەچن بێدەسەڵات بۆ پاراستنی مناڵێک جگە لەوەش تاڵانچین و دز و جەردەی مەڕ و ماڵات لەم ڕۆژەدا خەمم زۆرە و چارەکەمە یادی کێ بکەم یادی باوک کە ڕیش هاتوو بێ دەسەڵات یادی دایک پڕ قیژە و رۆ یادی برای جەربەزەی خۆم کە هیچی بە دەستی نەماوە خوشکی پڕ حورمەتم یادی خێزانم کچ و کوڕم یادی چی بکەم لەم رۆژەدا یادی برازا و براژن کچ و کوڕی جوانیان بکەم یادی ئەم یادە پڕ تاوانە هەرچی کرا بەم میللەتە هەمووی کرا کەسیش نەما هەمووی برا هەمووی کوژرا هەمووی کۆمەڵ کۆمەڵ گوللە باران و زیندەبەچاڵ کرا، بە بەرچاوی هێزی خوا و بێگوێدانە ڕێساکانی لێژنەکانی مافی مرۆڤی سەر زەوی بێنرخ کرا لەم ڕۆژەدا پێتان دەڵیم کوشت و بڕمان کەی کۆتایە خۆ هیچ گەلێک وەکو ئێمە ناوی خاکی لە قورعانی پیرۆزدا نایە شاخی جودی بەرز بەرز دیارە لە ناوخاکی کوردستانی باکووردایە چەن بیرکەمۆ ئا لەم یادە خەریکم مەئویس دەبم کە ئێستاش زۆربەی ئەوانە کاربەدەست و دارودەستەن هەم لەم کایە لەم یادەدا ئەمن تەنها دەڵێم ئێوە چون و بێناز بوون و جینۆساید کران و لەناو بیلبیلەی چاوانی ئەوانەی کوردپەروەرن وێنەکانتان هەڵواسراوە ئەوەی ئێوەی بەم دەردە برد لە بەر چاوی هەموو دنیا گۆڕ بە گۆڕە لە مێژوودا بێزراوە تەنها منیش پێتان دەڵێم کوردستانمان وا سەربەرزە و ئاڵادارە.

 نەفرەت لەوەی دەستی هەبوو لەو تاوانەی چواردەی چوارا خۆزگە ئەم مێژووە نەبووایە ئەم تاوانە ڕووی نەدایە ئەم مێژووەش نەنووسرایە سڵاو و ڕێز دەبارێنم بە سەر تاک بە تاکی شەهیدانی ئەنفال و کوردستانم دڵنیابن لە بیر ناچن تاوانێکە و تاوانبارانيشی دیارە.

١٤/٤/٢٠٢٠

کەسوکاری ئەنفال