خەبات: پەریهان عومەر:-
هونەرمەند ھادی مەحمود ساڵانێکی زۆرە خەریکی کاری نواندنە لە چەندین کاری دراما و تەلەفزیۆنی و پرۆگرامی تەنزی کۆمیدی کاری کردووە، لە ئێستادا یەکێکە لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی پرۆگرامی مقۆ مقۆ کە لە شاشەی کەناڵی سپێدە پیشان ده‌درێت، بەرھەمی تیپی ھونەری (زەنێ)ـیە.

له‌باره‌ی هونەری شانۆ و درامای كوردی هادی مه‌حمود بۆ خه‌بات گووتی: من بە ھۆی ئەوەی زیاتر بەشداری کاری درامییم کردووە، کاری شانۆییم ئەنجام نەداوە حاڵی شانۆ لە دراما زۆر باش نیە، چونکە دراما لە ھەموو دونیادا لەسەر دەستی کۆمپانیای ھونەری بەرھەم دەھێندرێت، کەچی لە کوردستان دەرھێنەر دەبێتە سینارست و دەرھێنەر و بەرھەمھێنەر من وەک خۆم لە دوای درامای گەردەلول کە تا بمێنم جێگەی شانازیم دەبێت، تاکە بەرھەمھێنان لە بواری دراما کۆمپانیای (بابیلۆن میدیا) لە سلێمانی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بە سیستەم درامایان بەرھەم ھێناوە، چونکە دراما کاری کەسێک و دووان نیە، لە ئێستادا درامای کوردی لە حاڵێكی باشدایه‌ و ھیچ دراماییەکی کوردی وا نابینیم جێگەی سەرنجی بینەربێت، من وەک ئەکتەرێکی سەرەکی پرۆگرامی مقۆ مقۆ شانازی دەکەم لەو بەرنامەیەدا بتوانم توانای خۆم نیشان بدەم.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا تا چه‌ند كاری كردووه‌ته‌سه‌ر سستی كاره‌كانتان، هونەرمەند هادی گووتیشی: بۆ ئێمەش سەختی و دژواری ھەیە، بەڵام ئێمە وەک تیپی ھونەری زەنێ و کاستی پرۆگرامی مقۆ مقۆ بڕیارماندا پرۆگرامەکەمان درێژە پێبدەین، تا ئێستا چەندین کورتە ڤیدیۆیی ھۆشیاریمان بەرھەمھێناوه‌ و لە رێگەی کەناڵی سپێدە و پەیجی پرۆگرامی مقۆ مقۆ بەردەوامیمان داوە بە پرۆگرامەکەمان، نەوەستاوین ئەوەشیان له‌ پێناو ئەوەی بتوانین بینەرانمان وشیار بکەینەوە بۆ رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لەو بارودۆخەی ئێستا چی بە هەوادارانی خۆت ده‌ڵێیت: ھیوام وایە ھەموو لایەک ساغ و سەلامەتبن، لە ماڵەکانیان بمێننه‌وه‌، ئەو دۆخە کاتییە و بە پشتیوانی خوای گەورە تێدەپەڕێت منیش وەک ھادی مەحمود و سەرجەم ھاوکارانم لە پرۆگرامی مقۆ مقۆ ھیوامان وایە خەڵکی دژایەتی ئەم بارودۆخە نەکەن و خۆپارێزی بکەن بە ئامانج.

هونه‌رمه‌ند هادی مه‌حمود له‌كاتی وێنه‌گرتنی یه‌كێك له‌ به‌رنامه‌كان