خهبات: پەریهان عومەر:-
هونەرمەند سەميعه مەحەمەد ، ناسراوە بە سەميعه هەڵەبجەی لە دايكبووى ساڵی 1971ی پارێزگای هەڵەبجەیە، خوێندنی سەرەتای و ناوەندی لە هەڵەبجە تەواو کردووە پاشان چووتە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی شانۆ، پاش تەواوکردنى پەيمانگا لەساڵی 1991 لەهەڵەبجە دهبێت بەمامۆستا و هەر لەوێ دەستیکردووە بەکاری هونەری، ئهندامی دهستهی تیپی شانۆی ههڵهبجه بووه، لە خانەوادەیەکی هونەری گەورەبووە، براو خوشکەکانی هاندەری سەرەکی بوون و هاوسەرەکەشی وهك پاڵپشتیهك بووه له کارەکانی هونهریدا.
سەمیعە لەم دیمانەیەدا باسی ئێستای هونەری کوردی دەکات و دەڵێت: هونەر له ئێستادا سەرباری ئەم هەموو نەهامەتی و بێ دەرامەتییەی هەیە تا رادەیەکی باش بەردەوام بووە، ئەمەش بە هۆی دڵسۆزی هونەر دۆستەکانەوە بووە، لە وڵاتی ئێمە هونەرمەندی شانۆكار وەکو سەربازێکی ونبوو لە بواری شانۆ و درامادا كار دهكات.
لهبارهی ڕۆڵبینین لهبواری نواندی ئاسایی و سەرەکی خاتوو سهمیعه گووتی: ڕۆڵی ئاسايى بێت يان سەرەكى بەلای منەوە هیچ جیاوازی نییە، ئێمە هونەرمەندین دەبێت هەموو کارەکتەرەکان بەلامانەوە ئاسای بێت، کە ئەو ڕوڵەت بۆ پێشنیار دەکەن، دەبێ وەکو خۆی ببینیت، بەڵام زۆر کات دەگەڕێتەوە بۆ بوونی کاتەکە چونکە ڕۆڵی سەرەکی ماوەیەکی زۆری دەوێت بۆ کاتی وێنەگرتن.
هەروەها لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا خاتوو سهمیعه گووتیشی: هونەر زۆر شتی بەمن بەخشیووە، هونەر ئەوەی بەمن بەخشی کەبزانم کەسایەتی خۆم بدۆزمەوە و تێکەڵ بە دونیایەکی دیكه ببم.
خاتوو سهمیعه له بەردەوامی قسەکانیدا باس لەو کارانەش دەکات کە تێیدا بەشداری کردووە: من يەكەم كارم ساڵی 1982 بەناوی جگەرگۆشەکان بوو لە شاری هەڵەبجەی شەهید،لە 15 شانۆگەری لەناو پەیمانگادا بەشداربووم، لەساڵی(1987) لەگەڵ تیپی شانۆی سلێمانیش کارمکردووە ئەویش شانۆی دڕندەی توروس بوو كه له هەولێریش نمایشکرا، لەهەموو فیستیڤاڵەکانی پەیمانگا بەشداریم کردووە، لە یەکەم کاری سینەمایدا بەشداربووم ئەویش وڵاتی بێ ئاسمان بوو دوای ئەویش فیلمی ڕاپەرین له ساڵی 1998 بهشداریم كردووه، دوای ئەوە دەستم کرد بەکاری دراما، لەساڵی 2001 لەگەڵ هونەرمەندی کورد خوالێخۆشبوو حوسێن میسری دەستم بەکاری دراما کرد، وەک ئەو درمایانەی کەبەشداریم تێدا کردووە بریتین لە: خەمی چۆلەکان – ڕەشەی پۆلیس – حەسەنەفەنی – جومعە- نیشتیمان- ساتەکانی ژیان – ئەستێرەی بەختەکان – پەپولەماندووەکان – گەردەلول – سایە – سۆما – ریحانە – سەراب – سەمای تەرزە، بوون.
لهبارهی دواههمین کاری تازهیان خاتوو سهمیعه دهڵێت: دواكارى ئەم ساڵیشم فیلمى رێگابوو لەسينەما سالم نمایشكرا تائێستاش بەردەوامم لەکاری هونەری ئێستاش خهریكی خۆئامادهكردنم بۆ كارێكی دیكهی هونهری.









