تیدروس ئەدهانوم، سکرتێری‌ گشتی‌ رێکخراوی‌ تەندروستی‌ جیهانی‌ بە میدیاکانی‌ راگەیاند، لە ئێستادا ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا وەک پەتایەكی جیهانی دەناسێنن و نیگەرانی‌ رێکخراوەکەشی‌ لە خێرایی‌ بڵاوبونەوەی‌ ڤایرۆسەکە خستەڕوو.

سکرتێری‌ گشتی‌ رێکخراوەکە ئاماژەی‌ بەوەشکردووە، لەماوەی دووهەفتەی رابردوودا ژمارەی توشبووان لەدەرەوەی چین 13 هێندە زیادیكردووە، بەوەش مەترسیەكانی‌ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە زیاتربووە.

وتیشی‌: “مەترسییان هەیە کە لەهەندێک شوێن رێوشوێنی‌ پێویست بۆ رووبەڕووبونەوەی‌ ڤایرۆسەکە نەگیرێتەبەر”.

لای‌ خۆشیەوە مایک رایان، بەڕێوەبەری‌ جێبەجێکار بۆ کاروبارە لە ناکاوەکانی‌ رێکخراوەکە رایگەیاند، هەرچەندە ڤایرۆسەكە بووە بە پەتایەكی جیهانی، بەڵام دەكرێت كۆنتڕۆڵبكرێت و رێكخراوەكە لە سەر پلانەكانی خۆی بەردەوام دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی.

رایان ئاماژەی بەوەشكردووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا چەند وڵاتێكی دیكەش هاوشیوەی ئیتاڵیا و ئێران ڤایرۆسەكە تێیاندا تەشەنە دەكات.

ئەمەش لەكاتێكدایە، بە پێی ئامارە فەرمییەكان تائێستا زیاتر لە 120 هەزار كەس لە جیهاندا تووشی ڤایرۆسەكە بون و لەو ژمارەیەش چوار هەزار و 373 كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 66 هەزاریش چاكبوونەتەوە.