ئەمڕۆ چوارشەممە حكوومهتی ههرێمی كوردستان ژمارهیهك بڕیاری نوێی بۆ خۆپارێزی و بهرگرتن له بڵاوبوونهوهی پهتای كۆرۆنا دهركرد، لە ناویشیاندا راگرتنی هاتوچۆی نێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد كە لە رۆژی 14ی ئەم مانگەوە تاكو رۆژی 28ی ئەم مانگە، واتە بۆ ماوەی 15 ڕۆژ هاتوچۆی نێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان رادەگرن.بە پێی راگەیەندراوەكە، ئەم بڕیارە تەنها هاتوچۆی تیمە پزیشكییەكان ناگرێتەوە، لەگەڵ شاندە دیبلۆماسی و ڕێكخراوە جیهانییەكان و هێزە ئاسایشییەكان.
ئەمانەی خوارەوە دەقی بڕیارەكانن:
1- راگرتنی هاتوچۆکردنی هاووڵاتیان لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جگە لە تیمە تەندروستییەکان و دیپلۆماتکاران، رێکخراوەکان و ئاژانسەکانی un، هێزە ئەمنییەکان و بازرگانەکان و بۆ هەر حاڵەتێکی دیکە پێویستی بە رەزامەندی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان هەیە کە لە پارێزگاکان و یەکە سەربەخۆکان پێکهێنراوە بە سەرۆکایەتی پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و ئەم راگرتنە لە نێوان 14-3-2020 تاوەکو 28-3-2020 بەردەوام دەبێت.
2- سنووردارکردنی جموجۆڵ و هاوردەکردنی بازرگانی لە هەرسێ دەروازەی باشماخ، پەروێزخان و حاجی ئۆمەران و دەسەڵات دەدرێتە بەڕێوەبەری گشتی گومرگ بۆ رێکخستنەوەی جموجۆڵی بازرگانی بەشێوەیەک هیچ جۆرە بەرکەوتنێک لەنێوان هاووڵاتیان و شۆفێران دروست نەبێت.
3- راگرتنی هاتن و چوون لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق جگە لە حاڵەتی زۆر پێویست کە ئەویش بە رەزامەندیی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان هەیە کە لە پارێزگاكان و یەكە سەربەخۆكان پێكهێنراوە بە سەرۆكایەتی پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان و ئەم راگرتنە لە نێوان 14-3-2020 تاوەکو 28-3-2020 بەردەوام دەبێت.
4- ئەو هاووڵاتیانەی هەرێمی كوردستان كە لە كۆماری ئیسلامی ئێران تاوەکو ئێستا نەگەڕاونەتەوە دوایین وادە بۆ گەڕانەوەیان 16-3-2020 دەبیت و لە 17-3-2020 تاوەکو 1-4-2020 رێگە بە كەس نادرێت لە ئێران بگەڕێتەوە.
5- پێویستە هاووڵاتیان پابەندبن بە رێنماییەكانی خۆپاراستن لە ڤایروسی كۆرۆنا كە لەلایەن
حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرچووه بەتایبەتی كەمكردنەوەی گەشتەكانی نەورۆز و نابێت لە یەك خێزان زیاتر لە شوێنێك كۆببێتەوه.
6- پێویستە دەستەی گەشتوگوزار ئەو شوێنە گەشتیارییانە و هاوینە هەوارەکان دابخات كە دەبنە
هۆكارى گردبوونەوەی گەشتیاران و دروستبوونی جەنجاڵی.
7- راگرتنی گشت چالاكییە وەرزشییەكان تاوەکو 1-4-2020 جگە لە خولی نایابی عێراق كە هەندێك لە یارییەكانى لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و پێویستە یارییەكان بە بێ هاندەر بەڕێوەبچێت.
8- دەسەڵات دەدرێتە پارێزگاكان بۆ رێكخستنەوەی بازاڕەكان بە تایبەتی بازاڕە ميللیەكان و رێگرتن لە درۆستبوونی قەرەباڵخی.
9- داوا لە هاووڵاتیانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەكەین كە پابەند بن بە هەموو رێنمایی و رێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
10- راگرتنی گەشتی ئاسمانی لە هەر دوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی لەگەڵ فڕۆكەخانەكانی بەغدا و بەسرە لە 14-3-2020 تاوەکو 28-3-2020 جگە لە دیپلۆماتکاران و شاندە فەرمییەکان و گەشتەکانی رێکخراوی un و هاوپەیمان.
11- راگرتنی گەشتەکانی ھێلی ئاسمانی (اجنحة الشام) بۆ فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان و تەنھا رێگا بە 2 گەشت دەدرێت بۆ گەڕانەوەی ھاوڵاتییانی سوری بۆ سوریا.
12- ئەم بەیانە لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت.









