بەبۆنەی ٢٩یەمین ساڵیادی راپەڕینەکەی ئادارى ١٩٩١، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

لە پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان کرد و رای گەیاند: ”راپەڕینی شکۆداری ١٩٩١ وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا کە بەرامبەر ستەم و داگیرکاریدا راپەڕی و ئەو پەیامەی بە هەموو جیهان گەیاند کە گەلی کوردستان ژێردەستەیی و چەوساندنەوە و نکۆڵیکردن لە مافە رەواکانی رەتدەکاتەوە“

ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی راپەڕینی گەلی کوردستان.

ئەمڕۆ بیست ونۆ ساڵ بەسەر راپەڕینی مەزنی گەلی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١  تێدەپەڕێت . بەم بۆنە شکۆدارەوە ، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەم.

راپەڕینی شکۆداری ١٩٩١ وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا کە بەرامبەر ستەم و داگیرکاریدا راپەڕی و ئەو پەیامەی بە هەموو جیهان گەیاند کە گەلی کوردستان ژێردەستەیی و چەوساندنەوە و نکوڵیکردن لە مافە رەوکانی رەتدەکاتەوە.

راپەڕینی مەزنی ئاداری ١٩٩١ ، بەرهەمی یەکگرتوویی و یەکڕیزی هەموو چین و توێژ وپێکهاتەکانی کوردستان بوو ، دەسکەوتەکانی ئێستای گەلی کوردستان و ئەو ئاوەدانیی و پێشڤەچوونەی دۆزی رەوای خەلکی کوردستان و پێگەی دیاری هەرێمی کوردستان لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ، بەرهەمی شۆڕش و سەرهەڵدانە بەردەوامەکانی خەڵکی کوردستان و لە نێویشیاندا راپەڕینی مەزنی ١٩٩١ ە کە پێویستە بە هەمان گیانی یەکڕیزی و  یەکدەنگی راپەڕینەوە پارێزگاری لە دەسکەوتە نیشتمانییەکانمان بکەین.

ساڵیادی راپەڕینی ئاداری ١٩٩١ پیرۆزبێت و کوردستانیش هەمیشە ئارام و ئاوەدان بێت.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

٢٠٢٠/٣/٥