شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
لە دوو وتاری پێشوومدا لە ماوەی راسپاردنی محەمەد عەللاوی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق كە لە رۆژنامەی “خەبات” بڵاوبوونەوە، لە یەكێكیاندا پێشبینی ئەوەم كرد، محەمەد عەللاوی ناتوانێت حكوومەتەكەی دروستبكات و لەوەی دووەمیشدا دەستەواژەی (گریمان)م بۆ توانستی ئەو پیاوە بەكارهێنا، هەمدیسان لە پرسی پێكهێنانی حكوومەتدا، واتە لە دووەمیشدا گومانم لێی هەبوو ئەو پیاوە بتوانێ وەك كارەكتەرێكی سیاسی كابینەكەی دروستبكات! رێك بە فەشەلێكی گەورەوە، مێژووێكی ناشیرینی بۆ خۆی تۆمار كرد، هەر هیچ نەبێت، لای كورد وەك دژە كورد ناوی چووە مێژووەوە. ئاخر پێش ئەوەی دەسەڵات بگرێتە دەست، چەقۆی خستە سەر ملی كورد، بەڵام نەیتوانی ئامانجەكەی بپێكێت، ئەگەرچی تازە لای كورد، وەك ئەوە وایە خوێن لە ملی كورد هاتبێت، ئاخر ئەو پیاوە هەوڵی خۆی دا، بەڵام سەركردایەتییەكی بەهێزی كوردستانی لە هەولێرەوە رووبەڕووی بۆیەوە و فەشەلی بە هەوڵە دوژمنكارییەكانی هێنا.
راستە عەللاوی پیاوێكی لاواز بوو، چانس وای كرد وێنە خوێنساردەكانی سۆشیاڵمیدیا و ماڵپەڕ و شاشەكان بتەننەوە، بە تایبەتی باری دەروونی هاووڵاتییانی كوردی تێكدا بەوەی خەڵكێك چاوەڕێی رۆژگارێكی خراپیان لە سەردەمی ئەودا دەكرد، وێڕای ئەوە زەنگێك بوو بۆ كورد لێدرا، بەوەی هێشتا عەقڵییەتێكی راسیست لە بەغدا بە جیدی كار بۆ سڕینەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان دەكات و هەموو رێگەیەكیش تاقی دەكاتەوە، راستییەكەی محەمەد عەللاوی بەشێكی بچووكی خۆی بوو، بەشە گەورەكەی ئەو عەقڵییەتە راسیستی و فاشیلەی عێراقییە مەزهەبییەكان بوو بەردەوام بۆ كورد لە بۆسەدان و هەرچی تاكتیك و تاقیكردنەوە هەن، پەنای بۆ دەبەن بۆ خستنی هەولێر، لە نموونەی هێرشی عەبادی بۆ سەر هەرێمی كوردستان كە لە سحێلا و پردی هاوكێشەكە گۆڕا و سنووری بۆ داندرا.
محەمەد عەللاوی وێڕای ئەوەی دەموچاوێكی ناشیرین بوو، بەخێرایی هات و بەخێراییش سڕایەوە، بەڵام رەهەندی باشیشی هەبوو، بەوەی ئەو پیاوە پێیگوتین كورد پێویستە یەكگرتوو بێت لە پرسی لەمجۆرەی هەوڵدانەكەی بۆ سرینەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان لە پەنای گەمەی بێلایەنی و حكوومەتی تەكنۆكرات لە عێراقێكدا كە بە ژیانی نابێتە وڵاتی مۆدێرن و دیموكراسی و سەرۆكێكی بێلایەنیش بەخۆیەوە نابینێت.
عەللاوی دەبوو زۆر باش ئەو پەیامەی سەرۆك بارزانی بخاتە بەردەم فۆكەس و جوانیش لێی ورد ببووایەتەوە كاتێك وەك هۆشدارییەك و لەوپەڕی هەڵوێستی توندی هەرێمی كوردستانەوە، گوتی: ئەگەر عەللاوی بەبێ بەشداری كورد و سوننە كابینەكەی پێكهێنا، پیرۆزی بێت! ئەوە بەهێزترین هەڵوێستی سەرۆك بارزانی بوو كە دەبوو عەللاوی دوای ئەو هەڵوێستە، نەختێك رێزی لە خۆی و ئەو كابینەیەی بگرتایە كە دەیویست دروستی بكات، ئاخر سەرۆك بارزانی بەوە ناسراوە، لەسەر هەموو شتێك قسە ناكات، بەڵام كە قسەی كرد، قسەی جیدی دەكات. ئەو پیاوەش واتە محەمەد عەللاوی ئەگەر یەك تۆز سەرەدەری لە سیاسەت و شارەزای ئەزموون و هەژموونی سەرۆك بارزانی بووایە، بەم جۆرە رەفتاری لەگەڵ هەولێردا نەدەكرد كە سەرئەنجام بەهۆی ئەو ناتێگەیشتنەی خۆیەوە، سەری خۆی و كابینەكەشی خوارد و هەموو ئەوانەشی نائومێد كرد كە دەیانویست لەپڕێكدا ببن بە وەزیر و كاربەدەست لە حكوومەتەكەیدا، بەڵام ئیرادەیەكی سیاسی بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستانەوە كە لە كۆبوونەوەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنەكاندا جەخت لەسەر پاراستنی پێگەی هەرێم دەكرایەوە بە تایبەتی سووربوونی هەرێمی كوردستانی رادەگەیاند لەوەی پێویستە رێز لە پێگەی هەرێمی كوردستان بگیرێت، بەڵێ، ئەوە و یەكگوتاری كورد بوو، توانی لۆبی دروستبكات و سوننەكانیش وا لێ بكات، هەڵوێستییان هەبێت، ئەو ئیرادەیە هەر زوو فەشەلی بە هەوڵی دروستكردنی كابینەكەی عەللاوی هێنا، بەو رادەیەی ئێستا بووەتە وانەیەك بۆ ئەوانەی وەك ئەو پیاوە بیر دەكەنەوە.
محەمەد عەللاوی وێڕای ئەوەی خۆی دەیزانی دەستێك هەیە هانی دەدات بۆ ئەوەی دووبارە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا لەسەر دەستی ئەودا تێك بچێتەوە، كەچی سووربوو لەسەر هەڵوێستە راسیستییەكانی بە جۆرێك تا هەیمەنەی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا بچووك بكاتەوە، بە تایبەتی لەو خاڵەدا دەیویست بێ گەڕانەوە بۆ قەوارەی یاسایی و دەستووری هەرێمی كوردستان، وەزیرەكان دیاری بكات، ئاخر ئەو زۆرباش دەیزانی وەزیرێك ئەگەر لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دیاری نەكرێت، ناتوانێت نوێنەرایەتیی هەرێم بكات، دروستتر هەر نوێنەری خەڵكی كوردستانیش نابێت، كەچی ئەو پیاوە سووربوو لەسەر ئەو گەمە نەزۆك و ترسناكەی كە دواجار سەری كابینە رانەگەیەندراوەكەی خوارد.









