خەبات-عەلی بانیشاری
عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانی هەولێر لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ( خەبات) دەڵێت: بۆ وەرگرتنی پارەی زبڵ و خاشاك لە ماڵان خەریكی كۆكرنەوەی زانیارین. سەبارەت بە تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكانیش دەڵێت: 6 شارەوانی خەریكی دیراسەكردنی ئەو بابەتە و لەگەڵ گەیشتی تەواوی داتاكان و رێنماییەكانی پەیوەست تاپۆكردنی خانووەكان ئێمەش بەزووترین كات كاری خۆمان ئەنجامدەدەین. لەبارەی زەوییەكانی 8ـی حەسارۆكیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات هەركات ئاو و كارەبا و ئاوەڕۆ بۆ ناوچەیە دابینكرا شارەوانیش بە كاری خۆی هەڵدەستێت.
شەقامی150 مەتری
سەبارەت بە كاركردن لە شەقامی 150ی مەتری؟ عەبدولواحید ئەحمەد دەڵێت: كۆمپانیای هێمن گروپ بەبەردەوامی لە شەقامەكەدا بەو شەو و رۆژ كار دەكات تا بەزووترین كات تەواوی بكات، كەش و هەوا هەندێك كات كاركردنی بۆ ماوەیەكی كەم راگرتووە. دەشڵێت: قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە لە رێگای بەحركە تا رێگا پیرمامە و زیاتر لە 50% تەواو بووە. گوتیشی: تا ئەو قۆناغە تەواو دەبێت ئێمە سەیرێكی نەخشەكەی قۆناغی دووەم دەكەین كە لە رێگای پیرمام تا رێگای كۆیە-كەسنەزانە. ئەوەشی گوت: لەگەڵ تەواو بوونی قۆناغی یەكەم شارەوانی هەولێر بۆ قۆناغی دووەم ئامادە دەبێت و لیژنەكانیش بۆ چاودێری پڕۆژەكە بەكارەكانی خۆیان هەڵدەستن. قۆناغی یەكەمی شەقامی 150 مەتری 7 كیلۆمەتر و نیووە و بڕیارە تا كۆتایی 2020 تەواو ببێت.
تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان
سەبارەت بە تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان و ئەو یاسایەی لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە؟ سەرۆكی شارەوانی هەولێر گوتی: لیژنەكانمان و شەش بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی خەریكی دیراسەكردنی ئەو بابەتەن، قۆناغی یەكەمدا نەمان هێشتووە ئەو زەویانەی زێدەڕۆن و كەوتوونەتە سنووری شارەوانی هەولێر لەگەڵ گوندەكانی داخڵی سنووری بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی كە سەر بە سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێرن خانوویان لەسەر دروست بكرێت و ئەوەمان وەستاندووە، چونكە دەیانویست پەلەی تێدا بكەن و بیكەنە خانوو تا رێنماییەكان بیانگرێتەوە.
گوتیشی: بەپێی رێنماییەكانی وەزارەت ئێمە هەڵسوكەوت لەگەڵ بابەتی زێدەڕۆیی زەوی و خانوو دەكەین. عەبدولواحید ئەحمەد دەشڵێت: هەر كات 6 بەڕێوەبەرایەتییەكە تەواو زانیارییەكان كۆكردەوە و راپۆرتی خۆیان بۆ ئێمە نووسی تا بزانین چەند خانووی زێدەڕۆمان هەیە بەتایبەت گوندەكانی داخڵی سنووری بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی و حەسارۆك وە هەروەها رێنماییەكان بەتەواوی گەیشتە دەستمان ئەو كات ئێمە كاری خۆمان بە تەواوی ئەنجام دەدەین. ناوبراو زیاتر گوتی: شارەوانییەكان بە تەواوی كاری خۆیان دەكەن و بەردەوامیشن لە كۆكردنەوەی زانیارییەكان. عەبدولواحید ئەحمەد ئەوەشی گوت: ئەگەر تەواو زانیاری شارەوانییەكان و رێنماییەكان بگاتە دەستیان لە ماوەی 3 مانگدا كاری تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان دەستپێدەكات
كەرتی 8ـی حەسارۆك
سەبارەت بە زەوییەكانی 8ی حەسارۆك كە زیاتر لە 16 هەزار پارچە زەوییە؟ عەبدولواحید ئەحمەد دەڵێت: 8ـی حەسارۆك لە ژێر دیراسەدایە. دەشڵێت: پێش ئەوەی شارەوانی بە كارەكانی خۆی هەڵبسێت، دەبێت كارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ بۆ 8ـی حەسارۆك دابین بكرێت، پاشان ئەركی شارەوانی دەستپێدەكات. سەرۆكی شارەوانی هەولێر ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات كێشەی زەوییەكان لەئێستادا پەیوەستە بەو سێ لایەنەوە، شارەوانی مەعنی نییە بەو بابەتە تا ئەوان بە كاری خۆیان هەڵنەستن.
پارەی زبڵ و خاشاك
سەبارەت بە وەرگرتنی پارەی زبڵ و خاشاك لەم ساڵدا لە هاووڵاتیانی شاری هەولێر؟ عەبدولواحید ئەحمەد دەڵێن: نرخی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشتر دیاریكراوە، لە قۆناغی یەكەمدا پارەكە لە شوێنە بازرگانییەكان و شەقامە سەرەكییەكان وەرگیرا. دەشڵێت: قۆناغی دووەم كە گەڕەكەكانە هێشتا دەستی پێنەكردووە، دەبێت زانیاری تەواو بۆ ئەو مەبەستە كۆ بكرێتەوە.
لەبارەی ئەو كۆمپانیایەی كە بە كارەكە هەڵدەستێت؟ ناوبراو گوتی: سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر كۆكردنەوەی داهاتی زبڵ و خاشاك و تابلۆكان گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (میدیا تێك) كردووە، گرێبەستی كۆمپانیاكە تا مانگی 6ـی ئەمساڵە. زیاتر لەو بارەیەوە گوتی: تا گرێبەستی كۆمپانیاكە تەواو دەبێت ئێمە سەرجەم زانیارییەكان كۆدەكەینەوە، لەم قۆناغەدا تەنها خەریكی زانیاری كۆكردنەوەین، پاش ئەم قۆناغە بڕیار لەسەر وەرگرتنی پارەی زبڵ و خاشاك دەدەین.









