محەممەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق رایگەیاند کە کشاوەتەوە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و دەشڵێت، لەنێوان پۆستی سەرۆکوەزیران و خەڵکدا ئەو خەڵکی هەڵبژاردووە.
محەممەد تۆفیق عەللاوی کە رۆژی دووشەممە 02-03-2020 دوایین رۆژی بوو بۆ پێکهێنانی حکومەت، لە پەیامێکدا رایگەیاند، ئەو بژاردەیەی لەبەردەستدابووە بژاردەیەکی ئاسان و ئاشکرا بووە، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە لەگەڵ خەڵکی خۆڕاگڕی عێراق دا بووە و گوتیشی ” هەندێک لایەنی سیاسیی جیدی نەبوون لەسەر بابەتی چاکسازیی و ئەو پەیمانانەی بە خەڵکی عێراقیان دابوو نەیان بردەسەر و بەربەستیان خستەبەردەم لەدایکبوونی حکومەتێکی سەربەخۆ”.
محەممەد تۆفیق عەللاوی دەشڵێت، ئەو پەیامەی پێشکەش بە سەرۆککۆماری عێراق کردووە و هاوکات سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، دەستیان کردووە بە راوێژکردن سەبارەت بە دانانی کەسێکی جێگرەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ لە ماوەی 15 رۆژدا.









