وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەبارەت بە ڕووداوی شەهیدبوونی چوار هاووڵاتی لە گوندی چەخماەی قەزای دوبز ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و جەخت دەکاتەوە دەبێ ئەو بۆشاییە ئەمنییە بە هاوبەشیی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق پڕ بکرێتەوە.
لە بەشێک لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە: “بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەو شێوەیە داوا دەکەین لەڕێگەی دیالۆگی نیشتمانیی و بەرپرسیارانە هەنگاوەکانی رێککەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق کورتتر و خێراتر بکرێتەوە، هاوکات ئەو بۆشایە ئەمنییەی ئەو سنوورە پڕ بکرێتەوە بەهاوبەشی و وجودی هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراقی فیدڕاڵ”.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
راگەیندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە
شەوی ١٨ لەسەر ١٩ ی ئەم مانگە، لە ئەنجامی پەلامارێکی ترسنۆکانەی تاریکپەرستان و تیرۆریستانی داعش بۆ سەر گوندی ”چەخماخە“ ی سەر بە قەزای دوبز لە ڕۆژئاوای كەركووك، چوار هاووڵاتی بێ گوناح شەهید و سێ هاووڵاتیی تریش بریندار بوون.
ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدانی ئەو ڕووداوە تیرۆریستییە رادەگەینین و هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمانیان بۆ دووپاتدەکەینەوە، هیوای چاکبوونەوەی بەپەلەش بۆ برینداران دەخوازین.
لەماوەی رابردوودا، چەندین جار هۆشداریمان داوە لە مەترسی جموجۆڵەکانی تیرۆریستان لەو ناوچانە و دەرفەتی سەرهەڵدانەوەیان لە ئەنجامی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی هەیە، بۆیە رایدەگەینین، ئەرکی حکومەتی عیراق و سوپای عیراق و هێزەکانی ترە کە گیان و ماڵی دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە کورد، عەرەب، تورکمان و پێکهاتەکانی تر بپارێزێت و سەلامەتی ئەوان لە ئەستۆی ئەو هێزانە دایە کە لەو ناوچانە بوونیان هەیە.
ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە خەبات و نەبەردی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، بە خوێنی رۆڵە ئازاکانی بەبێ جیاوازی، خەڵکی ناوچە دابڕاوەکانی بە ھەموو نەتەوە و پێکهاتەکان پاراستووە، بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەو شێوەیە داوا دەکەین لەڕێگەی دیالۆگی نیشتمانیی و بەرپرسیارانە هەنگاوەکانی رێککەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق کورتتر و خێراتر بکرێتەوە، هاوکات ئەو بۆشایە ئەمنییەی ئەو سنوورە پڕ بکرێتەوە بەهاوبەشی و وجودی هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراقی فیدڕاڵ.
هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە، ئێستاش دەتوانرێ بە هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگه و سوپای عیراق و هێزە ئەمنیەکان، ئاسایش و سەقامگیری تەواوەتی بۆ ئەو ناوچانە فەراهەم بکرێت.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان









