خهبات: رەمزی میرەكانی:-
یاریزانی نێودەوڵەتی ژاپۆنی، تاكۆمی مینامینۆ، تازە یاریزانی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزیی، دەوێت چاكەی راهێنەرەكەی، یۆرگن كلۆپ، بەو متمانەیەی پێی هەبوو بداتەوە، ئەویش لە رێگەی پێشكەشكردنی باشترین ئاستی لەسەر یاریگەدا. ئەمەو مینامینۆ، لە یاری وۆلڤەرهامبتۆن، بۆ یەكەمجار لە خولی نایابی ئینگلتەرادا دەركەوت، دوای پەیوەندیكردنی بە سوورپۆشەكان لە ماوەی گواستنەوەی زستانە، لە مانگی كانونی دووەمی رابردوودا. مینامینۆ، لە میانی لێدوانی بۆ ماڵپەڕی فەرمی یانەی لیڤەرپوول وتی:هەست بە متمانەی راهێنەر بە تواناكانم دەكەم، بۆیە دەمەوێت چاكەكەی بدەمەوە. وتیشی: لە ئاستم بەرامبەر وۆلڤەرهامبتۆن رازی نیم، دەمەوێت مایەی پێشبینییەكانی هەمووان بم، هەست بە هیچ گوشارێك ناكەم و هیچیشم نییە لە دەستی بدەم. مینامینۆی تەمەن 25 ساڵان، لە یاری جام بەرامبەر ئیڤەرتۆن، لە ناوەڕاست یاریكرد، بەڵام لە یاری خول بەرامبەر وۆلڤەرهامبتۆن، لە باڵەكانی راست و چەپ یاریكرد. دووپاتیشی كردەوە: دەتوانم لە هەردوو باڵ یاری بكەم، ئەگەر بتوانین لەگەڵ یاریزانەكان لە یەكدی بگەین، دەمەوێت زیاتر بێمە قووڵایی یاریگەوە، چونكە وا هەست دەكەم باشتر دەبێت. لە كۆتاییشدا وتی: دوای ئەوەی هاتمە نێو یاریگە، وۆلڤەرهامبتۆن گۆڵی یەكسانبوونی تۆمار كرد، ئەوەش كەمێك بێهیوای كردم، بەڵام دوای ئەوەی گۆڵی دووەممان تۆماركرد، بە پەرۆشەوە بەرگریم لە گۆڵەكە دەكرد.









