هێزێکی چەکداری ناسراو کە دەگوترێت سەر بە کۆمپانیای پێشووی دابەشکردنی غازن لە کوردستان، خاوەنی ئەو کۆمپانیا نوێیە کە غازی ماڵان بەسەر هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان دابەشدەکات دەڕفێنن و رێگری دەکەن لە گەیشتنی گازی پێویست بۆ هەولێر.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر لە بارەی کێشەی کەمی غازی ماڵان لە هەولێر لە لێدوانێکدا بە رووداوی رایگەیاند: “کێشەی غاز ماوەی چەند رۆژێکە روویداوە، ئێمە پێشتریش رامانگەیاندبوو، کە کێشەکە لە دەرئەنجامی ئاڵۆگۆڕی نێوان دوو کۆمپانیایەیە، پێشتر کۆمپانیایەک لەگەڵ داناغاز گرێبەستی کردبوو بۆ دابەشکردنی غاز بەسەر کوردستان، ئێستا ئەو گرێبەستە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە هەڵوەشێندراوەتەوە و دراوەتە کۆمپانیایەکی دیکە، کۆمپانیا نوێیەکە دوێنێ دەستبەکاربوو، ئێمەش ئاگادار کراینەوە ئەو بڕە غازەی پێویستمان پێیەتی بۆمان رەوانە دەکەن، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش رامانگەیاند کە کێشەکە چارەسەر بووە”.

نەبەز عەبدولحەمید، دەڵێ: “دوای چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و دەستبەکاربوونی کۆمپانیای نوێ لە کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، زۆر بەداخەوە دوێنێ ئێوارە ئاگادار کراینەوە، کە خاوەنی کۆمپانیا نوێیەکە لەلایەن هێزێکی چەکداری ناسراوەوە پەلاماردراوەو رفێندراوە و زۆریش ئەزیەت دراوە و رێگری لێکراوە بۆ ئەوەی غازەکە بهێنێت”.

بەگوتەی قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر “کۆمپانیای پێشوو کە پاڵپشتییەکی زۆریان هەیە بە پاڵپشتیی سەربازیشەوە، رێگرن لەوەی غاز بەسەر شارەکانی کوردستان دابەش بکرێت”.

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر داوا لە سەرۆکایەتی حکومەت دەکات “زۆر بە جیددی و زۆر بە تووندی دەستوەردان لەو بابەتە بکات و ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، ناکرێت خەڵکی هەموو کوردستان بەقوربانی گیرفانی چەند کەسێک بکرێت، کەوا لە بەرژەوەندی خۆیان رێگری دەکەن ئەو غازە بێت”.