دڵشاد مستەفا وەسانی
دوای گەشتێك بەناو ساتیرەكانی مامۆستا سەلام عەبدوڵڵا لە كتێبی (تەقەی خۆشی رامەگرن)دا، هەستم كرد نووسەر توانیویەتی لەرێگەی ساتیرەكانیەوە، قسە لەسەر زۆربەی لایەنەكانی ژیانی كۆمەڵگەی كوردستان بكات، شێوازی خستنەڕووی رەخنە و دەست خستنە سەر كەموكوڕی و دیاردە ناشیرینەكان لەبەرگێكی تەنزئامێزدا، جیا لەوەی چێژبەخشە، خوێنەر دەباتە ناخی برینە ناسۆرەكانی كۆمەڵگە، ئەگەرچی ساتیرەكان لە هەشتا و نەوەدەكانی سەدەی رابردوو نووسراون، بەڵام دەكرێ بڵێین ئەو رووداوانەی بوونەتە كەرەسەتەی ساتیرەكان، بۆ چارەكی كۆتایی سەدەی بیست دەگەڕێنەوە، هەموو ئەو رووداو و بەسەرهاتانەی لە ساتیرەكانیشدا بەرجەستە كراون، نووسەر لەگەڵیاندا ژیاوە و لە ژینگەی جیاجیاوە هەڵێنجراون، بۆیە لە هیچ یەكێك لە ساتیرەكاندا، هەست ناكرێت نووسەر بە زۆرەملێ شتێكی نامۆی دوور لە واقیعی بەسەر كۆمەڵگەدا سەپاندبێت، لەبەرئەوە پاش خوێندنەوەی كتێبەكە، وەك خوێنەرێك ئەم چەند سەرەقەڵەم لا گەڵاڵە بوون.
زۆربەی نووسەر و ئەدیبانی كورد، توانای خۆیان بۆ شیعر و رۆمان و چیڕۆك تەرخان كردووە، زۆر كەمتر لایان لە ئەدەبی تەنز یان ساتیر كردۆتەوە، هەر بۆیە لە مەیدانی ئەدەبی كوردیدا، هەر نووسەر و ئەدیبێك ناوی خۆی لێدەنرێت، وەك شاعیر و رۆماننووس و چیڕۆكنووس، بەڵام كەمتر ناوی تەنزنووسمان گوێ لێ دەبێت، ئەمەش وایكردووە، ئەوانەی تەنز یان ساتیر دەنووسن، دەگمەن بن، سەلام عەبدوڵڵا لەو نووسەرانەیە كە وێڕای نووسینی رۆمان و وتاری سیاسی، وەك تەنزنووسیش ناسراوە، هەروەها نووسەر و شاعیر و رەخنەگر حەمەسەعید حەسەن لەو بوارەدا سەركەوتووانە ئەسپی خۆی تاوداوە، بەتایبەت لە كتێبی (ڕاوەژن) و ساتیرە شیعرەكانیدا.
ئەدەبی تەنز ئامرازێكە بۆ گوزارشتكردن لە مەینەتی و غەم و دەردەسەری، پەیامێكی روون و دیارخستنی بەرژەوەندیی خەڵكی چەوساوەیە، بەو پێیە كە نووسین ئەمانەت و پەیام و ئینتیمایە، ئەم جۆرە نووسینە بۆ كات بەسەربردن نییە، كاڵایەكیش نییە بۆ كڕین و فرۆشتن، بەڵكو بۆ ئەو كاتەیە كە هێڵی سوور هەیە، ئەو هێڵە سوورەی بوار بەوە نادات بەكارهێنانی شێوازێكی گونجاو هەڵبژێری، چەكێكە لە ئاگر و شمشێر بەهێزترە، ئاخر چەندین قەڵەمی گڕدار، شۆڕشی گەلانیان بەرپا كردووە و رەوتی مێژوویان گۆڕیوە، راستییان بونیاتناوە كە ناكرێت لەبیر بكرێت، بۆیە نووسینی گاڵتەئامێزی بێ رەخنە و بەڵگەهێنانەوە، كە مەبەست لێی تەنیا وەپێكەنین هێنانە، رەخنەی تەنزئامێز نییە بە قەدەر ئەوەی تەنیا كۆمیدیا و گاڵتەجاڕییە (تهریج)، رەخنەی رووت و بێ زەردەخەنە و گاڵتەئامێزیش، رەخنەی تەنز نییە، بەقەدەر ئەوەی وتارێكی رۆژنامەنووسییە، بەم پێیە ئەدەبی تەنز و گڕدار بریتییە لە تێكەڵكردن و پێكەوە گونجاندن لە نێوان رەخنە و گاڵتەدا، ئەمەش ئەو شێوازە نایابەیە، كە تایبەت بوو بە (برنارد شۆ)ی نووسەر.1
دەگووترێت نوكتە رەنگدانەوەی واقیعێكی گریاناوییە، هەرچەند بڕی پێكەنین لە نوكتەدا زیاد بێت، ئەوا لە بەرامبەر واقیعدا لێكدووركەوتنەوەیەكی بەرفراوانە، نوكتەی سیاسی بەتایبەتی، هەمیشە دەربڕینێكی زیرەك و زرنگ بووە، دەربارەی رەتكردنەوە و ناڕەزایی، جۆرێك بووە لە جۆرەكانی هۆشیاریی داپۆشراو و دەمامكدار، بەڵام ئایا هۆشیاری بۆ ئەوەی گوزارشت لە خۆی بكات پێویستی بە دەمامكە؟ ئەدی تەنز و ساتیر لە واقیعێكدا كە زیاتر بووەتە گاڵتەجاڕی (تهریح) چ سوودێكی هەیە؟2
لە هەندێ كۆمەڵگە، نوكتە دەبێتە گوزارشتكردن لە ناڕەزایی، هەر بۆیە دەگوترێت پێش سەردەمی ژمارەیی، لە دامودەزگای هەواڵگریی سیستمە دیكتاتۆرییەكان و بەتایبەتیش لە یەكێتی سۆڤیەتی جاران و دەوڵەتە عەرەبییەكاندا، بەشێكی تایبەت بە كۆكردنەوەی نوكتە لە شەقام و راڤەكردنیان هەبووە،3 ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت، كە نوكتە هەناسەیەك بووە، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و گلەیی.
تەنزنووس بە جۆرێك كاردەكات، كاریگەریی لەسەر چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بەجێ بهێڵێت، هەندێ لەو تەنزنووسانە، نەك بەتەنیا كاریان لە جەماوەر كردووە، بەڵكو كاریگەرییەكانیان گەیشتۆتە دەسەڵات. بۆ نموونە لە شەستەكانی سەدی بیستەم، تەنزنووسێكی بەناوبانگ لە عێراق هەبووە، كە بە شەهیدی شیوعی ناسراوە، ئەویش (عەبدوالجەبار وەهبی) سەركردەی تەنزنووسی شیوعی بوو، كە ستوونێكی لە دوالاپەڕەی رۆژنامەی (اتحاد الشعب) بەناوی (كلمە الیوم) هەبووە، لەو گۆشەیەدا، بەشێوەیەكی تەنز دەینووسی و رستەكانی سادە بوون، بەڵام مانایەكی قووڵیان هەبووە، ئەو نووسەرە توانایەكی بەرزی لە دەستنیشانكردنی دیاردەی خراپ و نەرێنی هەبووە، بابەتەكانی بە حیكایەتی میللی گرێ دەدایەوە، بۆ ئەوەی خوێنەر تووند بە ئامانجەوە ببەستێتەوە، كاریگەریی نووسینە تەنزئامێزەكانی ئەو نووسەرە بە جۆرێك بووە، عەبدولكەریم قاسم سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق گوتوویەتی:” گوللەكانی –راس القریە- نەك نووسینەكانی عەبدولجەبار وەهبی”.4
لای ئێمەی كورد، بەو پێیەی تەنز لە ئەدەبی كوردیدا رووبەرێكی بەرچاو و دیاریكراوی نییە، هەربۆیە كۆڕ و كۆبوونەوەی تایبەت بە تەنزیش رێك نەخراوە، كە لێكۆڵینەوەی لەبارەیەوە بكرێت، كەچی گەلانی دەوروبەرمان بەپێچەوانەوە، كۆڕ و سمیناری تایبەت بە تەنزیان كردووە، هەر بۆ نموونە عەرەب چەند دیدار و كۆڕیان كردووە، چەندین لێكۆڵینەوە لە لایەن توێژەرانیانەوە پێشكەش كراوە، بەشدارانی دیدارەكان، گوتوویانە بەر لەوەی نووسەرانی ئەدەبی تەنز پۆلێن بكەین، پێویستە بۆ پێناسەی چییەتی ئەدەبی تەنز بگەڕێینەوە، ئایا چ ئەدەبێك بێت كە شێوازی تایبەت بەخۆی هەبێت، پشت بە هۆشیاری و زیرەكی و پتەویی بونیات و مانا ببەستێت، وەك محەمەد ماغوت پەیڕەوی دەكرد، هەروەها محەمەد تەملیە شێوازێكی نووسینی داهێنا، كە لە چوارچێوەی زمانێكدا دەكرێ پێی بگوترێت زمانی سێیەم، دەقی رۆژنامەنووسیی و دەقی ئەدەبیی تێكەڵ كرد، زمانەكە پشتی بە دانپێدانان و تێگەیشتن لەوەی لە دەوروبەر روودەدات و لە ناخی توێژی كۆمەڵایەتیدایە و ئەوەی لە ژوورە سیاسییە داخراوەكاندا دەگوزەرێت.5
وەك چۆن نووسەرانی جیهان و دەوروبەرمان، بەهۆی نووسینە تەنز ئامێزەكانیانەوە سەرئێشەیان بۆ دروست بووە، نووسینەكانی سەلام عەبدوڵڵاش بێ سەرئێشە نەبوون بۆی، چونكە لە رێگەی تەنزەوە كەموكوڕی بەشێوەی رەخنە دەخرێتەڕوو، بۆیە نووسەران تووشی دەردەسەری دەبن، زۆرجار ئەوانەی تەنز دەخوێننەوە، بەتایبەت هەندێ لە كاربەدەستان، رووداوەكانی نێو بابەتەكە و كارەكتەرەكانی بە خۆیان دەچوێنن و بە رەخنەی راستەوخۆ لەخۆیان دەزانن، ئەگەرچی ناوی تەواوی خۆیشیان راستەوخۆ نەهاتبێت، بۆ ئەو دەردەسەریانەی تووشی نووسەران دەبێت، سەلام عەبدوڵڵا لە پێشەكیی (تەقەی خۆشی رامەگرن) زیاتر پەنجە دەخاتە سەر ئەو لایەنە و نموونە لەو رووەوە دەهێنێتەوە و دەڵێت:”نووسەری گەورەی تورك عەزیز نەسین نموونەیەكی زیندووە بۆ هەڵوێستی خەڵكی بە گشتی و دامودەستگەكانی بەرپرس بە تایبەتی، كە لە سەرەتای دەستپێكردنی نووسیندا چ دژایەتییەكیان دەكرد و خۆشی تووشی چ چەرمەسەری و گرتن و دژایەتییەك دەبووەوە، چونكە ئەم جۆرە ئەدەبە كەموكوڕییەكانی كۆمەڵ، وەك كاریكاتێر گەورەتر نیشان دەدات و پەنجە دەخاتە سەر زۆر دیاردەی ناقۆڵا و بەسەرچوو، هەروەك هەڵوێستی خۆی لە كۆمەڵ و بەرپرسانی بە ئاشكرا و لەژێر پەردەی گێڕانەوەیەكی تەنز ئامێزدا نیشان دەدات، كە زۆر جار بە تایبەتیش لە سەرەتادا خەڵكانێكی زۆر، بەتایبەتی چینی دەسەڵاتدار راستەوخۆ دژایەتی دەكەن و بە دەستوەردان لە كاروباری خۆیانی لە قەڵەم دەدەن. ئەمەش نە تەنیا لە نێو گەلی كورددا وایە، بەڵكو لە نێو زۆر گەلانی تریشدا وابووە، وەكو گەلی رووس بۆ نموونە، دیستۆڤێسكی نووسەری هەرە گەورەی ئەدەبی رووسی لەسەر رۆمانی (یادشتەكانی خانووی مردووان) دەڵێ: دە ساڵی ویست تا گەلی رووسی لەوە گەیشتن كە من بكوژی هاوسەرەكەم نیم، وەك لە رۆمانەكەدا دەڵێت ئەو شەخسیەتە من نەخشاندوومە خۆم نیم و خەیاڵی نووسەرە. هەر بۆیەش لێرەدا ناحەقی خەڵكی نێو خۆمان ناگرم كە لە سەرەتادا وایان دەزانی كە كارەكتەری سەرەكیی نێو چیڕۆكەكان هەر هەمووی خۆمم”.6
ناوەرۆكی ساتیرەكانی سەلام عەبدوڵڵا لە (تەقەی خۆشی رامەگرن) بەسەر چەند بابەتێكدا دابەش بووە، وەك سیاسی، كۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، كارگێڕی، تاراوگە و گرفتەكانی كۆمەڵگەی كوردستان بەگشتی.
هەر خودی ناوونیشانی كتێبەكە (تەقەی خۆشی رامەگرن) كە یەكێك لە ساتیرەكانی كتێبەكەیە7 و نووسەر بۆ ناوونیشانی كتێبەكەی هەڵیبژاردووە، رەخنەیەكی بەجێیە لە دیاردەی ناشیرینی تەقەی خۆشی و رەفتاری تەقەكەر و هۆكاری پشت تەقەكردنەكە، بەتایبەتیش ئاماژە بەسەردەمی شوومی شەڕی ناوخۆ دەكات، بەشێوەیەكی تەنز ئامێز روو لە تەقەكەر و بەرپرسان دەكات، تەنانەت بەرپرسیاریەتی دەخاتە سەرووتری ئەو بەرپرسانەی تەقەی خۆشی بە دەرفەت بۆ گەندەڵی دەزانن و لەو پەنایەدا فیشەك بۆ فرۆشتن رەوانەی بازاڕ دەكەن، ئەگەر هۆكاری ئابووری بۆ تەقەكەر بگێڕێتەوە، بەهۆی گەمارۆی ئابووریی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سەر عێراق و گەمارۆی حكوومەتی عێراقیش بۆ سەر كوردستان لە نەوەدەكانی سەدەی بیستەمدا، كەلەبەر كەمیی مووچەكەی مەخزەنەكانی پشتوێنی، لە پەنای تەقەكردن دەشارێتەوە و بۆ قووتی خۆی دەیفرۆشێت، ئەوا بەرپرسیش دەكوتێتەوە، كە چۆن فیشەكێكی زۆر رەوانەی بازاڕ دەكات، دواتر پاش بەرزكردنەوەی داواكاری بۆ سەرووی خۆی، عەمبارەكان پڕ دەكاتەوە.
تەقریرستان چیڕۆكێكی دیكەی ئەم بەرهەمەیە، كە نووسەر لە نێو دامودەزگاكان، بەتایبەتیش حزبییەكانەوە، هەڵیهێنجاوە، سەرچاوەی ساتیرەكە ئەو دیاردەیەیە، كە لەنێو دەزگاكان و ئەو دەوروبەرە حزبی و دامەزراوەی حكوومیدا بڵاوبۆتەوە، بۆ دەربڕینی ئەوەی كە تەقریر نووسین ئەوەندە زۆربووە بووەتە دیاردە، نووسەر لە چیڕۆكەكەدا لە شێوەی نووسینگەی راپۆرت نووسین پێمان دەناسێنێت، دیاردەكە زۆرە و ترسناك پیشان دەدات، بەجۆرێك خزم و كەسانی لەیەك نزیكیش دەست لێك ناپارێزن، بۆ ئەوەی دیاردەكە بە قێزەونی پیشان بدەن، نووسەر لە سەر زاری كەسێكی بێ ئاگای نێو كۆمەڵگە، كە خۆی كردۆتە ئەو كارەكتەرە، خۆی بە نووسینگەی راپۆرت نووسیندا دەكات و لەوێ بۆی دەردەكەوێت، كە راپۆرت نووسین یان كە وشە باوەكەی سەر زمانی خەڵكی بەكارهێناوە (تەقریر) چەند جۆرێكی هەیە، لە نووسینگەی راپۆرت نووسین و لەپشت سەری نووسەری تەقریرەكان جۆرەكان دەخاتەڕوو: “سەیری رەفەكانی پشتەوەی نووسەرم دەكرد، هەموو پڕبوون لە فایل بۆكس و لەسەر هەر یەكێك بابەتێك نووسرابوو، بەپەلە دەمخوێندنەوە..فایلی (ملشكاندن)، فایلی (تڕۆكردن)، (سڕكردن)، (راونان)، (دوورخستنەوە)، (ئابرووبردن)، چ زەمانێكە، تۆ بڵێی خەون نەبینم، هەر بۆیەش بە ئەسپایی بەوەی تەنیشتم كە گەنجێكی تازە پێگەیشتوو بوو وت: “نامەوێ خاوەن دوكان مەشغوڵ بكەم، ئەمە راستە، مەبەستم…” لە راستیدا نەمزانی چۆن رستەكەم تەواو بكەم، بەڵام كوڕە گەنجەكە لە مەبەستم گەیشت چونكە یەكسەر گوتی: ” بەڵێ ئەمەی دەیبینی خودی حەقیقەتە”8.
لە (ماسقالە)دا9 نووسەر دیوی ناوەوەی بارودۆخی نووسین و وتارنووسمان پیشان دەدات، ئەگەرچی جۆرێك لە بێ ئومێدی لەبارەی بەرهەمی نووسەران دەخاتەڕوو، بەڵام لە راستیدا رەخنەیەكی بەجێیە لەوەی كە بارودۆخی نووسەران و بەرهەمی ئەدەبی و نووسین بەگشتی بەو ئاستە گەیشتووە، هەڕمێن بۆ ئەو جۆرە نووسینانە پەیدا بكرێت، كە خۆیان لە كێشە و گرفتە گەورەكانی كۆمەڵگە دزیوەتەوە و تەنیا ئەركی ماستاوكردن بۆ بەرپرسانیان وەئەستۆ گرتووە، لە ماسقالەدا نووسەر خۆی لە كارەكتەری كەسێك كە تازە دەست بە نووسین دەكات دەخاتەڕوو، دەیەوێ وتارەكەی پیشانی نووسەرێكی گەورەی شارەكەی بدات، لە گفتوگۆی نێوان هەردوو كارەكتەری چیڕۆكی تەنزئامێزی ماسقالەدا، لەسەر زمانی نووسەری خاوەن ئەزموون، بێزاری نووسەران لەبەرامبەر ئەو كەشە خراپەی بۆ نووسەران و بەرهەمی ئەدەبی و نووسین خوڵقێندراوە دەخاتەڕوو، زۆر وەستایانە ناوی ساتیرەكەیشی لە هەردوو وشەی (ماستاو) و (مەقالە)دا داتاشیوە و (مەسقالە)ی لێ دروستكردووە.
نهێنیی عەسكەری10یەكێك لەو ساتیرە زۆر تەنزئامێزانەیە، كە دەیخوێنیتەوە بزەت دەخاتە سەر لێوان، بەڵام زۆر نابات، ئاخ بۆ ئەو بارە ناهەموارە شێواوەی تەشكیلاتی سەربازی هەڵدەكێشی، نووسەر لە كارەكتەرێكی بێ ئاگای بواری سەربازیدا، بە پرسیارەكانی، بەرپرسی سەربازی لە سەر لوتكەی چیا و لە پاڵ سەنگەر و رەبیەدا، وەدەنگ دێنێت، بەڵام كۆپیی دیمەنی هەرچی پۆخڵەوات و گەندەڵی و بێسەروبەرەیی هەیە پێمان دەبەخشێت، لە (نهێنیی عەسكەری)دا پەیامێكی روون دەخوێنییەوە، كە هەموو پرەنسیپە سەربازییەكان، بە قوربانی كۆكردنەوەی پارە كراوە، بەو شێوە تەنزئامێزیەی خستوویەتیە روو، كە كابرای بەرپرس مووچەی 114 كەس وەردەگرێت، بەڵام 14 كەس لە ئەركدان، كەچی ئەو بێسەروبەرییە بە نهێنی عەسكەری دادەنێت، پەیامێكی ترسناكی سەردەمی شەڕی ناوخۆی گەیاندووە، لێ ئەوەی گرنگە، وەك لە نووسەرم بیستووە، دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ساتیرە، لیژنە پێكهێندراوە و پێداچوونەوەیەك بە یەكە سەربازییەكاندا كراوە.
خوێندنەوەی ساتیرەكانی ئەم كتێبە زۆرتر هەڵدەگرێت، بەڵام نامەوێ درێژەی بدەمێ و خوێنەر زۆر ماندوو بكەم، لێ پێویستە ئەوە بڵێم، ئەگەر ساتیر یان تەنز وا لێكبدرێتەوە، لەسەرزەمینێكدا سەرهەڵدەدات، كە ئازادی تیادا نەبێت، ئەوا لە كوردستاندا بەشێوازی وتاری رۆژنامەوانی و لە رێگەی شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە، زۆر رەخنە دەگیرێت، بەڵام تەنز وێڕای ئەوەی چێژێكی ئەدەبیی هەیە، پەیامی رەخنەیی خۆیشی دەگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا تەنز لە كوردستاندا، هێشتا لە رووبەرێكی تەنگەبەردایە.
* تەقەی خۆشی رامەگرن، ناونیشانی دوا كتێبی مامۆستا سەلام عەبدوڵڵایە، بە قەبارەی بچووك و 352 لاپەڕە، كە تایبەتە بە ساتیر و 56 چیڕۆكە، بە دیزاینێكی جوان كە لە لایەن هاوكارمان كاك شكار نەقشبەندی كراوە، لە كۆتایی 2019 كەوتە بەر دیدی خوێنەران.
پەراوێز و سەرچاوە:
1-عبدالجبار نوری، شهادات و مژكرات شخصیات برنارد شو رائد الادب الانكلیزی الساخر، صحیفە المپقف، العدد 4823 فی 19/11/2019.
http://www.almothaqaf.com/b5/898790
2-باسم یوسف، النكتە فی الزمن الرقمی، 19/11/2019 www.alhurra.com/a/521948…
3-هەمان سەرچاوە.
4-عبدالجبار نوری، هەمان سەرچاوەی پێشوو.
5- زیاد العانی، الادب الساخر، 5/8/2009 https://www.emaratalyoum.com/opinion/2009-08-05-1.159190
نوێترینی ئەو كۆڕانەی بۆ ئەدەبی تەنز كراون، ئەو كۆڕە بوو كە لە 11/9/2019 لە (مەسقەت)ی پایتەختی عومان، كە لەسەر ئاستی دەوڵەتانی عەرەبی و عومان بەڕێوەچوو، كۆڕەكە چەند كارنامەیەكی دەربارەی ئەدەبی تەنز و قسەكردن لەبارەی تایبەتمەندیەتیی ئەو جۆرە ئەدەبە و ئامادەبوونی لە بواری رۆشنبیریی مرۆیی عەرەبی و كاریگەریەكانی ئەدەبی تەنز لە رەوتی رۆشنبیریی عەرەبیدا لەخۆگرتبوو، بڕوانە (ندوە الادب الساخر تكشف ملامحه و رواده و تاپیراته فی المسار الپقافی العربی) http://alwatan.com/details/349025 11/9/2019.
6-سەلام عەبدوڵڵا، تەقەی خۆشی رامەگرن – ساتیر، چاپی یەكەم، 2019، ل 7 و 8.
7-هەمان سەرچاوە، ل 198-202.
8-هەمان سەرچاوە، ل9-13.
9-هەمان سەرچاوە، ل 45-49.
10- هەمان سەرچاوە، ل 50- 54.









