پارێزەر- عومەر سەیدزادە
خۆپیشاندانەكانی ئێستای عێراق زیاتر ئەو ناكۆكیانەی ئاشكرا كرد كە لە نێوان هەردوو مەرجەعیەی شیعەكان (نەجەف) بە رابەرایەتی عەلی سیستانی و مەرجەعیەی (قوم) بە رابەرایەتی عەلی خامەنەئی هەیە.
خۆپیشاندەران داوای چونە دەرەوەی ئێران دەكەن لە عێراقداو مەرجەعیەی نەجەفیش پشتیوانیان لێ دەكات، هەروا لەكاتێكدا ئێران بە ناراستەوخۆ داوای لە حكومەتی عێراق كردووە بە زەبری هێز كۆتایی بەو خۆپیشاندانانە بهێنێت مەرجەعیەی نەجەف داوای لە حكومەت كردووە هێز بەكار نەهێنێ و خوێن نەرێژێت، ئەمانە ناكۆكیەكانی نێوان نەجەف و تارانی زیاتر دەرخست، ناكۆكیەكانیشیان لەسەر چەند خاڵێكە كە ئەمانە سەرەكیەكانن:
1-بابەتی ویلایەتی فەقیه:- (ولایە) واتای حاكمیەت و رابەرو ئیمامە، (فەقیه)یش واتە ئەو زانایەی لە بواری ئاییندا گەیشتوەتە پلەی (اجتهاد) كە بەرزترین پلەی زاناییە لە ئایینی ئیسلامدا، لە عەقیدەی شیعەی دوازدە ئیمامیشدا (ولی فەقیه) نوێنەرو وەكلیی ئیمامی دوازدەهەمە كە (محمد كوری حەسەن كوری عەلی ئەلمەهدی)ە بە بروای ئەوان دوا ئیمامی شیعەكانەو مەهدی مونتەزیر بە خۆیەتی و پێش زیاتر لە هەزار سالأ بە ویستی خودای گەورە لە تەمەنی 6 و 7 ساڵیدا لەم جیهانە ون بووە بۆ ئەوەی لە كۆتایی زەمان بگەرێتەوە بە پێی قورئانی پیرۆز حوكمی ئەم جیهانە بكات و ئایینی ئیسلام بە سەرتاپای دونیادا بڵاو بكاتەوە.
لە باوەڕی ئەواندا ئیمامی دوازدەهەم وەكیلی هەیە كە تاكو ئەو رۆژەی ئەو بەدەر دەكەوێتەوە ئەو وەكیلانەی كە بە (وەلی فیقه) ناسراون رابەرایەتی شیعەكان دەكەن، واتە لە باوەڕی ئەواندا ئایین سیاسەتیشەو پێویستە (وەلی) فەقیه دەسەڵاتی سیاسیشی بەدەستەوە بێت و لە جیاتی ئیمامی دوازدەهەم ئیمامەتی خەڵكی بكات، سیستەمی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە، بەڵام مەرجەعیەی نەجەف بڕوای بە سیستەمی ویلایەتی فەقیه نیەو پێی وایە ئەركی حەوزەی ئایینی تەنیا ئیرشادو رێنوێنی و ئامۆژگاری كردنی پەیڕەوكارانیەتی و پێی وایە نابێت دین و سیاسەت تێكەلأ بكرێن و مەسافەیەكی لە نێوان خۆی و دەسەڵات بەجێهێشتووە. ئەمە خاڵی سەرەكی ناكۆكی نێوان هەردوو مەرجەعیەتە.
2-ناكۆكیەكی دیكە بابەتی سەربەخۆییە، مەرجەعیەی (قوم) دەیەوێت هەموو مەرجەكانی شیعە سەر بە (قوم) بن و ملكەچی ویستەكانی ئەو بن بە تایبەتی لە هەناردە كردنی شۆرشەكەیان بۆ دەرەوەی ئێران.
لە دوای 2003ەوە حكومەتی ئێران بە بەكارهێنانی ئەو دەسەڵاتە سیاسی و ئەو توانا ئابووریەی هەیەتی هەوڵی داوە دەست بەسەر حەوزەی نەجەفدا بگرێت، لە كەربەلاو نەجەف و ناوچەكانی دیكەی شیعەنشین لە عێراقدا چەندین قوتابخانەی ئاینی و ناوەندی بازرگانی و دامەزراوەی جۆراوجۆری خێرخوازی و پەروەردەیی دامەزراندووە بە مەبەستی سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر خەڵكەكەو حەوزەی نەجەفدا، تەنانەت لە ساڵی 2017 تاران كەسایەتیەكی وەك (ئایەتوالله مەحمود هاشمی شاهرودی كە لە دایكبوی نەجەفەو ئەوكات سەرۆكی ئەنجومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندیەكانی ئێران بوو) دەستنیشان كردبوو بۆ ئەوەی لە دوای وەفاتی عەلی سیستانی ببێتە رابەری حەوزەی نەجەف، ناوبراو لە ئەیلولی 2017 سەردانی عێراقی كردوو چووە نەجەفیش لە 5/9/2017 بۆ بینینی مەرجەعەكان و بە تایبەتی عەلی سیستانی بەڵام لەلایەن هەر چوار مەرجەعەكەی نەجەفەوە پێشوازی لێ نەكرا،ئەوەش بە پەیامێكی ناراستەوخۆی نەجەف بۆ تاران لێكدرایەوە بەوەی بە رۆڵی ئیران لە عێراق رازی نین و حەوزەی نەجەف دەیەوێ سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و ئامادە نییە بیخاتە ژێر هەژموونی ئێرانەوە.
3-ناكۆكیەكی دیكەی نێوان نەجەف و تاران لەسەر رۆڵی (حەشدی شەعبیە) نەجەف دەیەوێت ئەو هێزە ببێت بە بەشێك لە هێزە ئەمنیەكانی عێراق بەڵام تاران بەوە رازی نییە.
4-هەروا نەجەف پێی باشە عێراق دەرگای بەرەو رووی سعودیە بكاتەوە بەڵام تاران زۆر دژی ئەو ئاراستەیەیە.
ئەمانە ناكۆكیە سەرەكیەكانی نێوان (نەجەف) و (قوم)ن كە لە تارانەوە سیاسەتەكەی دادەرێژرێت بۆیە سەیر نییە كاتێك دەبینین سیستانی رووبەرووی ویستەكانی ئێران بۆتەوەو راستەوخۆ پشتگیری لە داواكانی خۆپیشاندەران دەكات لە گێڕانەوەی سەربەخۆیی بۆ حكومەتی عێراق و كۆتایی هێنان بە باڵادەستی ئێران لە عێراقدا، خۆپیشاندەرانی عێراقیش كە دژی هەژموونی ئێرانن گوێ بۆ مەرجەعیەتی عەلی سیستانی دەگرن.









