خەبات – هەولێر
چایخانەكە لەسەر رووبەڕێكی بچووك و بە شێوازێكی كۆن دراوستكراوە و تا ئێستا دوو جار نۆژەنكراوەتەوە، خاوەنەكەشی داوا لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەكات كە لە رێبەری گەشتیاراندا ئاماژە بە چایخانەی مام خەلیل بكەن وەك شوێنێكی كولتووریی و مێژوویی.
شاری هەولێر ژمارەیەك چایخانەی كۆن لەخۆدەگرێت كە مێژوویەكەیان بۆ زیاتر لە نیو سەدە دەگەڕێتەوە و تا ئێستاش وەكو چایخانە ماونەتەوە و خەڵكێكی زۆر رۆژانە سەردانی دەكەن و بووەتە شوێنی كۆڕ و كۆبوونەوەی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا تەنانەت زۆربەی گەشتیارانیش سەردانی ئەو چایخانانە دەكەن و وێنەی یادگاری لێ دەگرن.
یەكێك لەو چایخانانە، دەكەوێتە ناو بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر، چایخانەی مام خەلیل-ی چایچی-یە كە لە ساڵی 1952 كراوەتەوە و رۆژانە خەڵكێكی زۆر سەردانی دەكەن و بووەتە شوێنێك بۆ كۆكردنەوەی ئەرشیفی وێنەی كۆن و سەدان وێنەی جیاجیا بەسەر دیواری چایخانەكەوە دەبیندرێن.
چایخانەكە لەسەر رووبەڕێكی بچووك و بە شێوازێكی كۆن دراوستكراوە و تا ئێستا دوو جار نۆژەنكراوەتەوە، خاوەنەكەشی داوا لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەكات كە لە رێبەری گەشتیاراندا ئاماژە بە چایخانەی مام خەلیل بكەن وەك شوێنێكی كولتووریی و مێژوویی.
محەمەد خەلیل ساڵح كوڕی مام خەلیل-ی چایچی-یە و دوای كۆچی دوایكردنی باوكی، ئەو سەرپەرشتی چایخانەكە دەكات و رۆژانە بە جلوبەرگێكی كوردییەوە دەچێتە چایخانەكە و زۆرجاریش لەگەڵ میوانەكان و گەشتیاران دادەنیشێت تا مێژووی چایخانەكە بۆ گەشتیاران باس بكات.
محەمەد خەلیل چایچی گوتی: ”باوكم لە ساڵی1939 لە گەڕەكی عارەبان-ی شاری هەولێر لە دایكبووە و تا پۆلی پێنجی سەرەتایی خوێندبوو، دواتریش دەستی بەوكارە كردووە و پیشەكەی نەگۆڕیووە تا دوا ساتەكانی ژیانی”.
محەمەد خەلیل چایچی گوتیشی: “سەرەتا باوكم لە ساڵی 1952 ئەو چایخانەی دروستكرد، بەڵام پێشتریش بۆخۆی لە چایخانەی عەبۆ قاوەچی شاگردبوو، ئەوكات تەمەنی 13 ساڵان بوو، لەوكاتە بەدواوە بەردەوام بوو، هەموو ژیانی لەم چایخانە بەسەربرد تا ساڵی 2015 كە كۆچی دوایی كرد”.
محەمەد خەلیل چایچی باس لە قۆناغەكانی مێژووی چایخانەكە دەكات و دەڵێت: ”سەرەتا چەند چایخانەیەكی كەم هەبوون لە هەولێر، چایخانەی مام خەلیل بەهۆی هەڵكەوتەی شوێنەكە كە كەوتووەتە ناو بازاڕی قەیسەری هاوكات قەسابەكان لە نزیك چایخانەكەوە كاری كڕین و فرۆشتنییان دەكرد بۆیە چایخانەكە هەمیشە جمەی كاسبكارانی لێ دەهات و دواتریش لە ساڵانی هەشتاكان، كاتێك خەڵك لە گوندەوە دەهاتنە هەولێر، ئەوا دەبوو سەرێك لە چایخانەی مام خەلیل بدەن و چای بخۆنەوە”.
لە چایخانەكەدا ژمارەیەكی زۆر وێنە لەسەر دیوارەكان دەبیندرێن و لەبارەی وێنەكانیشەوە، محەمەد خەلیل چایچی گوتی: “باوكم حەزی بە وێنە بوو بۆیەش تەواوی چایخانەكەی بە وێنە پڕكردووەتەوە و وێنەی كەسایەتی زۆری تیادایە، ئەوانەی سەردانی ئێرە دەكەن جگە لە هاووڵاتییەكان ئەوا كۆنسولەكان و سیاسییەكانن، هەروەها گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و گەشتیاری بیانیش زۆر سەردانمان دەكەن و زانیاریی مێژوویی لەسەر چایخانەكە وەردەگرن”.
خەلیل ساڵح حەوێز لە2015 كۆچی دوایی كرد و دوای ئەوەیش محەمەد خەلیل شوێنی باوكی دەگرێتەوە و وەك خۆی دەڵێت “دوای نەمانی باوكم، من هاتمە ئێرە و سەرپەرشتی چایخانەكەم كرد و توانیم پەرەی پێبدەم و بۆ ئەوەی كولتوور و مێژووی چایخانەكە بپارێزین بۆیە كوڕەكەشم جێگای خۆم دەگرێتەوە”.
ناوبراو داوا دەكات كە چایخانەكەیان بۆ گەورە بكرێت، هاوكات لە رێبەریی گەشتیاریدا ئاماژە بە چایخانەی مام خەلیل بكرێت و لەمبارەیەوە گوتی: “داوا دەكەین دوكانەكەمان بۆ گەورە بكەن و لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەكەین كە لە رێبەری گەشتیاریدا ئاماژە بە چایخانەی مام خەلیل بكرێت بۆ ئەوەی زۆرترین گەشتیار سەردانمان بكەن و ئەمەیش بۆ پاراستن و كولتووری نەتەوەیەكە”.










