كاروان محەمەد سینۆ
لەوەتەی كشانەوەی هێزی سەربازی ئەمریكا لە عێراق (2011) تاكو ئێستا، ئەمە بۆ یەكەم جارە ژمارە و چۆنیەتی بڵاوەبوونی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ئاشكر دەكرێ. هەڵبەت هەردەم بوون و شوێن و پێگەو بنكە سەربازییەكان و ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لە هەر شوێنێكی جیهاندا بەجۆرێك لە نهێنی داپۆشراوە، لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە زانیارییانە سروشتێكی هەواڵگریان هەیە لەسەر ئاستی وڵاتانی دەڤەرەكە و وڵاتانی زلهێز و كاریگەرییان هەیە لەسەر بەڵانسی هێز و بوونی سەربازی زلهێزەكان لە جیهاندا. بەڵام رۆژی یەكشەممەی رابردوو5ی كانوونی دووەم 2020 رۆژنامەی ئەمریكی (واشنتۆن پۆست) بەژمارە و نەخشە، شوێنی بوونی سەرباز و بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ئاشكراكرد، ئەمەش جێگەی هەڵوەستە و سەرسوڕمانە؟! لە دۆخێكی وەكو ئەمڕۆ، رۆژنامەیەكی ئەمریكایی ئەم دەستپێشخەرییە بكات. ئەگەرچی ئەو ژمارانەی كە ئاشكرا كراون ئاماری چەند مانگی پێشترن و دەتوانین بڵێین لە ماوەی دوومانگی ڕابردوودا گۆرانكاری (روو لە زیادبوون) بەسەر ئەم زانیار و ژمارانەدا تهاتوون بەڵام بەهەر حاڵ وەكو گوتمان ئەم هەڵوێستەی رۆژنامەكە مایەی ڕامانە. ئەمە لەكاتێكدایە كە هەر لەسەرەتای ئەم هەفتەیە، قەیرانی نێوان ئەمریكا و ئیران هەڵچوونێكی چاوەروان نەكراوی بەخۆیەوە بینیوە. پێم وایە ئەم كارەی رۆژنامەی ئەمریكی (واشنتۆن پۆست) بە ئاشكراكردنی هێز و پێگەی سەربازانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، جەنگێكی دەروونی ئەمریكایە بەرامبەر ئیران و هەڕەشەكانی ئیران، جارجاریش لە بەرپرسانی ئەمریكا دەبیستین كە بڕیاریانداوە هێزی سەربازی خۆیان لە عێراق و دەڤەرەكەدا زیاد بكەن. كەچی لە هەمان رۆژ (یەكشەممە رابردوو5ی كانوونی دووەم2020 ) پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراقدا پەسند كرد كە ئەمریكاش یەكێكە لەو هێزە بیانییانەی لە عێراقدا هەن، لە بەرامبەریشدا دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی سزای ئابووری زۆر قورس لەسەر عێراق كرد كە سزاكانی سەر ئێران لە چاو هیچ نەبێ (هەروەك ترامپ گوتوویەتی). رۆژی یەكشەممە كاتێك لە میامی دەگەڕایەوە واشنتۆن لە نێو فڕوكەی سەرۆكایەتیدا بە رۆژنامەوانانی یاوەری ڕاگەیاند: “ئەگەر حكوومەتی عێراق بیەوێ ئێمە لە خاكی عێراق دەرچین، پێویستە بەپارە قەرەبوومان بكاتەوە، چونكە ئێمە بنكەیەكی فڕۆكەوانی ناوازەمان لە عێراق هەیەو (بەر لەوەی من ببم بە سەرۆك) پارەیەكی زۆرمان لە دامەزراندنی ئەو بنكەیە خەرج كردووە، ئەگەر عێراق بیەوێ ئێمە دەرچین، پێویستە پارە تێچووەكەمان بداتەوە. لە درێژەی گوتەكانی بۆ رۆژنامە نووسان دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند: “ئەگەر حكوومەتی عێراق بەبێ رەزامەندی ئێمە كارێكی وابكات، ئێمە سزای ئابووری زۆر قورس دەخەینە سەر عێراق بەشێوەیەك كە سزاكانی سەر ئیران لە چاویان هیچ نەبێ”. لە ڕاپۆرتەكەیدا رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) نووسیویەتی: بوونی هێزی ئەمریكا لە عێراقدا بە شێوەیەكی فەرمییە لەسەر داوای خودی حكوومەتی عێراق هێزی ئەمریكا لە عێراق بوونی هەیە و ئەم هێزە ژمارەیان 6000 سەربازە و بەسەر چەند بنكەیەكی سەربازیدا دابەشكراون. هەندێكیان لە ناوچەی سەوزی حوكمڕانی بەغدا بوونیان هەیە و بەشێكی دیكەش لە بنكەی (عەین ئەلئەسەد) لە پارێزگای ئەنبار لەرۆژئاوای عێراق. هەروەها رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) لە میانەی راپۆرتەكەیدا نەخشەیەكی بڵاوكردۆتەوە كە تێیدا بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە وڵاتانی رۆژهەلاتی ناوەراست لەخۆدەگرێت، بەم شێوەی خوارەوە: 13000 سەرباز لە وڵاتی كوێت و 5000 سەرباز لە وڵاتی ئیمارت و 13000 سەرباز لە قەتەر و 7000 سەرباز لە بەحەرێن و 606 سەرباز لە عومان و 3000 سەرباز لە سعودیە و 3000 سەرباز لە ئوردەن و 800 سەرباز لە سوریا و 2500 سەرباز لە توركیا و 14000 سەرباز لە ئەفغانستان. واتا دەتوانین بڵێین ئێستا 61906 سەربازی ئەمریكی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بوونیان هەیە (ئەگەر زیاتر نەبێت!). لە كاتێكدا ڕاپۆرتە باسی لە چۆنیەتی و چەندایەتی چەك و تەقەمەنی و فڕۆكە و كەشتی و تانك و زرێپۆشەكانی سوپای ئەمریكای نەكردووە لە دەڤەرەكاندا؟!. بێگومان شەڕ مایەی ماڵوێرانی و قەیرانی سیاسی و ئابوورییە لە هەردەڤەرێك كە تێیدا رووبدات، هەڵچوونی قەیرانی نێوان ئیران و ئەمریكا هەر لەسەرەتای ئەم هەفتەیە بۆتە مایەی نیگەرانی خەڵكی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەتایبەت ئیران و عێراق، هەروەها بەهای نەوت و دولاریش روو لە هەڵكشانە. لەكاتێكدا كە قەیرانەكە لە نێوان ئەمریكا و ئیراندایە، كەچی واپێدەچێت كە عێراق ببێتە گۆڕەپانی تەسفیەی حساباتی نێوان ئەمریكا و ئیران. بەهۆی ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاریارەكەی ئاراستەی حكوومەتی عێراق كردووە كە كاربكات بەئاراستەی دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق. هەڵبەت بڕیاری پەرلەمانی عێراق بە دەركردنی هێزە بیانییەكان لەنێویاندا سەربازانی ئەمریكا، بڕیارێكی بەپەلە و دیراسە نەكراو بوو لەبارودۆخێكی بارگاوی ناهەمواردا بێ ئەوەی ئایندەی سیاسی و ئابووری عێراق لەبەرچاو بگیرێ. بەرپرسانی ئەمریكا جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئەم بڕیارەی پەلەمانی عێراق لەژێر هەژموونی ئیران بڕیار دراوە. بەهەرحاڵ ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عێراق بەشێوەیەك لە شێوەكان تێوەگڵانە لە قەیرانی نێوان ئەمریكا و ئیران. پێویستی بەوە نەدەكرا كە عێراق خۆی بكاتە لایەن یاخود لایەنگر یاخود جێبەجێكاری ئەجندایەك كەد ەبێتە ئەگەری زیاتر هەڵچوون و بەرفراوان بوونی پانتایی قەیرانەكە. بێشك بارودۆخی ئێستای عێراق بەرگەی ئەوە ناگرێت كە بە هەر شێوەیەك لە شێوەكان عێراق بخزێتە نێو قەیرانەكە. ساڵانێكە خەڵكی عێراق لە بارودۆخێكی ناهەمواردا دەژین و چیتر توانای ئەوەیان نەماوە بەرگەی هیچ قەیرانێكی دیكە بگرن. بۆیە بەم هەڵوێستەی پەرلەمان و حكوومەت، عێراق و خەڵكی عێراق بەرەو هەڵدێرێكی نادیار ئاراستە دەكرێن.
سهرهتا بهدواداچوون پاش بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق یەكەمجارە ژمارە و چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە...










