دانا كەمال
ئەو ناونیشانەی سەرەوە بۆ ئەدەبی ئێمە نوێیە، نووسەرانی كورد یان نەیانتوانیوە لەو فۆڕمەدا قاڵببنەوە، یاخود ئەم جۆرە ژانەرە گرنگییەكی ئەوتۆی پێنەدراوە لە ئەدەبی كوردیدا، لەكاتێك لە ئەدەبی جیهان، بە گرنگییەكی زۆرەوە لێیانڕوانیوە. ئەگەر ئاوڕێكی خێراش لە فەرهەنگی كوردی بدەینەوە، دەبینین هەریەكە لە ( هەجوو، هەزل، مەتەڵ، لەتیفە، فوكاهە، موتایبە، لۆدەگی ) لە فەرهەنگمان دەبیندرێن، كەچی تەنز وەك پێویست لە ئەدەبمان ڕەنگی نەداوەتەوە. بەراورد بە ئەدەبی كوردیش لە ئەدەبیاتی ئەمەریكا بۆكۆڤسكی توانی لە رێگەی چیڕۆك و ڕۆمانە تەنز ئامێزەكانیەوە بە ئاشكرا ڕەخنە لە دەسەڵاتی سیاسی و باری ڕامیاری و تەنانەت ئابووری وڵاتیش بگرێت، كتێبی كۆمەڵە چیڕۆكی قاحپەی 135 كیلۆیی و ڕۆمانی بازاڕی باشترین دوو نموونەن. لە ئەدەبیاتی ئەورووپا لەو ڕوانگە و لەم ئەدەبەوە ڕووسەكان خاوەنی دۆستۆڤسكی و ئەنتۆن چیخۆفن، لە ئیتاڵیاش مۆراڤیا و لە توركیاش عەزیز نەسین. هەریەك لەو نووسەرانە توانیان لە ڕێگەی بەرهەمەكانیان كۆمەڵگەی ئەودەم بخەنە ژێر پرسیارەوە. ئاخر هەریەك لەو نووسەرانە لە ڕێگەی بەرهەمی ساتیر یان تەنز ئامێزەكانیان توانیان دوو مەبەست بپێكن.
یەكەم/ ڕەخنەگرتن لە نابوتی و ناشیرینییەكانی نێو كۆمەڵگە و دەسەڵاتی سیاسی و بوارە فەرهەنگی و كولتووری و ڕامیاری و كۆمەڵایەتییەكانی ئەودەم.
دووەم/ بە نووسینی ئەو شێوە بەرهەمەیان كەلێنی ئەدەب و كتێبخانەكانیان لەو ژانەرە پڕكردەوە، كە ئەمەش بۆ مێژووی ئەدەبیان باشترین سەرچاوە دەبێت. بەڵام ئەدەبی ئێمە وێڕای كەمبوون و زۆرجاریش نەبوونی ئەم جۆرە ژانەرە، كاتێك نووسەرێك دەستدەداتە وەها ژانەرێك، لێكۆڵیارانی كورد وەك پێویست پێشوازی لێناكەن، یاخود وەك هەر بەرهەمێكی دی پەراوێز دەخرێت و دەكرێتە پشتی كتێبخانەكانەوە. ئەم حاڵەتەیە هەم كەلێن بۆ ئەدەب و كتێبخانەكانمان دروست دەكات و هەمیش نووسەر حەوسەڵەی جارێكی تری ئەو ژانەرەی نییە. وەك ڕۆلان بارت دەیگوت: (ئەمە مردنی نووسەری ڕاستەقینەیە).
ئەدەبی تەنز ئامێز یان ساتیر، لە شێوە گشتییەكەیدا ڕەخنەگرتن یان تایبەت بە دەربڕینی ماناگەلی توندوتیژی كۆمەڵایەتی، ڕامیاری، ئایینی، كولتووری، فەرهەنگی، هونەری…هتد ) كە بەشێوەی ژانەری شیعر، چیڕۆك، ڕۆمان دەنووسرێت.
ئەوەی سەرەوە زەمینەسازییەك بوو بۆ قسەكانم، ئەوەی لێرەدا دەمەوێ باسیبكەم هەوڵێكی جیدی سەلام عەبدوڵڵای نووسەر و ڕۆژنامەنووسە، كە لە دووتوێی كتێبێكی 349 لاپەڕەدا بەناوی (تەقەی خۆشی ڕامەگرن) بە چاپی گەیاندووە، كە هەندێ لە كورتە چیڕۆكەكانی ناو ئەم كتێبە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاكان و هەندێكی تری چیڕۆكەكان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی دووهەزار و لە كتێبێكدا بەناوی (تەقریرستان) دەزگای چاپی موكریان بۆی چاپ و بڵاوكردووەتەوە.
ئەم كۆ كورتە چیڕۆكە تەنز ئامێزەی سەلام عەبدوڵڵا، هەوڵێكی نوێیە بۆ ئەدەبمان و پڕكردنەوەی بەشێك لەو كەلێنە گەورەی ئەدەبمان، كە لەلایەن نووسەرانی كوردەوە پەراوێزخراوە یاخود كەمترین كار لەسەر ئەم جۆرە فۆڕمە كراوە.
بە گشتی كتێبی تەقەی خۆشی ڕامەگرن ڕەخنەگرتنە لە دیاردە باوەكانی نێو كۆمەڵگە، بە تایبەت ڕەخنەگرتن لە دیاردەكانی (دەسەڵاتی سیاسی و هەژموونی حزبی، روانگەی كۆمەڵایەتی، ڕامیاری، ئایینی، بژێوی ژیانی ڕۆژانە و كار و لایەنی ئایینی ) چەندین بابەتی تر.
ئەم كتێبە چاپی یەكەمیەتی و ساڵی 2019 بە تیراژی 1000 دانەی لێ جاپكراوە و لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كتێبخانەكان ژمارە سپاردنی (908 )ی پێدراوە.










