ئاماژەیەك لە وەرگێڕەوە

( تێری لێین كارڵ  Terry Lynn Karl)

پرۆفیسۆری ئەمەریكایی بواری زانستە سیاسیەكان، 21ی نۆڤێمبەری1947  لەدایك بووە. ئەم لێكۆڵینەوەیەی كاتی خۆی ساڵی2007  لە لایەن – پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی عێڕاق- كەخوالێخۆشبوو نووسەری ناسراو فالح عەبدولجەببار سەرپەرشتی دەكرد كراوە بە عەرەبی و وەكات لە بەغدا و هەولێر و بێرووت بڵاوكراوەتەوە.

نووسەر لەم لێكۆڵینەوەیدا بە ڕاشكاوی باسی گرفتە پەنهان و ئاشكراكانی نەوت و مەترسییەكانی لە وڵاتانی خاوەن نەوت دەكا كە چۆن ئەگەر پسپۆڕی دڵسۆز و لێزانی حیكمەتدار لە پشت ئیدارەدانییەوە نەبن لە باتی خێر دەبێتە بەڵا بەسەر خودی دەوڵەتەكەوە ونەك هەر گەشەی دەوەستێنێ یا دوای دەخا، بەڵكو دەیخاتە ژێر باری قەرزی قورسیشەوە. لەم بوارەشدا نموونە و داتای حاشاهەڵنەگر و هەندێ جار بەڵگەنەویست دێنێتەوە بەتایبەتی لە دەوڵەتە دواكەوتووەكاندا.

بەهۆی گرینگی لێكۆڵینەوەكە و بۆ بەرچاوڕوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان بە پێویستم زانی بیكەم بە كوردی، دەنا ڕەنگە بابەتی لەم چەشنە كاری ئابووریزانان بێ تا خوێنەر و بەدواداچوویەكی ئەدەب و هونەر).

وەرگێڕ  

مەترسییەكانی دەوڵەتی خاوەن نەوت

وردبوونەوە لە پارادۆكسی زۆری(*)

 تێری لێین كارڵ

و : نەژاد عزیز سورمێ

3-5

ڕوانینێكی وردی دەرهاوێشتە بەردەستەكان وێنەیەكی ڕەشی تاریكمان بۆ دەردەخا، مەسەلا لە بواری نەشونمای ئابووریدا دەبینین دەوڵەتانی ئۆپێك (ئەندەنووسیا نەبێ) لە ماوەی ساڵانی1974  تا1994  تێكڕای مامناوەنجی گەشەی ساڵانەی زۆر كەمترە لە تێكڕای ناوەندیی گەشە لە ماوەی ساڵانی1960  تا1973  واتە ماوەی پێش خرۆشانی نەوت لە كۆی ڕاستینەی بەرهەمی ناوخۆ گەشەكردنی زیاتر بووە(12).

لە ئەنجامی ئەو پاشەكشەیەی گەشە و ئەو زیاد بوونە زۆرەی ژمارەی دانیشتووان ئاستی بژێوی دابەزی و زۆربەی دەوڵەتانی ئەندامی ئۆپێك ماوەی لانی كەم دە ساڵ لە ماوەی ئەو دوو دەیەدا ئاستی بژێوی دووچاری دابەزین بوو، لە كاتێكدا خراپی دابەش كردنی داهات و قووڵبوونەوەی هەژاری و نایەكسانی تووشی وڵاتانی دیكەش بوو، لەوەش زیاتر پشكی ڕاستینەی تاك لە داهاتی نەتەوەیی لە فەنزوێلا و عێڕاق و كوێت و لیبیا و سعوودیە تا ئاستێكی نزمتر لە ئاستی شەستەكان دابەزی، لە كاتێكدا دابەزینی داهات لە جەزاییر و ئێران و نایجیریا هاتەوە ئاستی ساڵی1975  و سەقامگیری نرخ هەژا، هەروەها ڕێكوپێكی بودجەیش دوای خرۆشانەكانی نەوت بە تەواوی لێك ترازا. ئێستا (1999) دەوڵەتانی ئۆپێك  بە دەست شەپۆلێكی هەڵاوسانەوە دەناڵێنن كە بە ڕێژەی دەییە نەك یەكی (میرنشینە بچووكەكانی كەنداوی لێ بترازێ)، بەتایبەتیش ئەو دەوڵەتانەی  پشت بە بەهای خەرج كردنی دوولایەنە بۆ نەختینەكانیان دەبەستن و بازرگانییان بە كۆتی حكوومەتەوە بەندە.

دەوڵەتانی ئۆپێك ساڵ لە دوای ساڵ بە دەست توشبوونیان  بە كورتیهێنانی بودجەكانیان مانەوە كە جەزاییر لە لووتكەی ئەو كورتهێنانەدا بوو، پاشان ئێران و ئەندەنووسیا و نایجیریا و سعوودیە و ئوكوادۆر و لیبیا و قەتەر(13).

ئێستا دەوڵەتانی  پارەزۆری كەنداو هاتنە ناو ناوچەی مەترسییەوە. بەڵام بە گوێرەی قەرزەكانی دەرەوە كە پێشتر كەم بوون و پێش خرۆشانی نەوت نرخێكی ئەوتۆیان نەبوو (جگە لە مەكسیك)، نووكە هەموو وڵاتانی دیكەی ئۆپێك هاتنە پاڵ و ڕیزی وڵاتانی بارگران بە قەرزی قورسەوە، لەوەش سەیرتر ئەو وڵاتانە دەستیان دایە قەرز كردن و قەرز كردن.. خێراتر لە قەرز وەرگرتنی وڵاتانی بێ نەوت و لاواز لە گەشەدا، ئەمەش لە لووتكەی هەڵڕژانی بێ شومار لە گواستنەوەی دۆلارەكانی نەوت لە جیهاندا كرا(14).

بەڵام لە بواری جۆرایەتی بەرهەم، واتە وێكهێنانەوەی پشت بەستن بە نەوت یان وەك دەگوترێ (تۆوی تۆوەكانی نەوت) بۆ ئایندە sowing petroleum ئەوا ئەنجام  دوورترە لە ئەسڵی ویستی حكوومەتان، لە كاتێكیشدا زۆربەی دەوڵەتانی ئۆپێك پشت بەستنیان بە كەرتی نەوت كەم كردەوە، لێ گونجاندنی ئەو كەم كردنەوەیە لەگەڵ واقیعدا  بۆ زیاد بوونێكی لەڕادەبەرە  لە پشكی كەرتی خزمەتگوزاری، هەروەها داڕمانێكی لەناكاو یا وەستاوی لە كەرتی كشتوكاڵدا بە دوای خۆیدا هێنا، دوا جار، ئاسۆی بەردەوامی گەشە پێ ناچێ دەربكەوێ، ئەمەش تەنیا بۆ پشت بەستن بە سەرچاوەیەكی بەرەو چك بوون چوودا ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ هەندێ تێچووی شاراوەیش كە بە گشتی ناتوانرێ بەرگەی بگیرێ، كە وا دەردەكەوێ، بە نموونە دەوڵەتانی ئۆپێك بڕی نزیكەی 10,4٪  لە كۆی گشتیی بەرهەمی نەتەوەیی لە بەرگری خەرج دەكا  بەراورد بە 3,3٪  لەوەی دەوڵەتانی ڕێكخراوی هاوكاری و گەشەی ئابووریOECD   خەرجی دەكەن، هەروەها  خەرجیی سەربازی لە دەوڵەتانی ئۆپێك دا دەگاتە سێ بارتەقای خەرجی سەربازی دەوڵەتانیOECD  كە وەك ڕێژەیەك لەسەر كۆی گشتی خەرجی حكوومەتدا هەژمار دەكرێ. دیسان بوونی دەستبڵاوی و بەفیڕۆدانیش لە بڕی ئەو پرۆژانەی بە خراپی نەخشەیان بۆ كێشراوە، باسی ئەو  بەفیڕۆدانەیش ناكەین كە لە هەڵكشانی گەندەڵیدا سەرچاوە دەگرێ. لەگەڵ ئەوەی مەزەندەی باوەڕپێكراویش لەبارەی قەبارەی گەندەڵی لە بەر دەستدا نییە، بەڵام دەوڵەتانی ئۆپێك تاوانبار كردنی بە لێشاوی لەبارەی بەرتێل و مامەڵەی گومانلێكراوی تێدایە و نیشانەی ئاماژەكانی گەندەڵی كە ڕێكخراوی (ڕووبەدەریی-شەفافییەت- نێودەوڵەتی Transparency  International) پێی گەیشتووە نایجیریا  بە دەوڵەتی لە هەمووان گەندەڵتر دادەنێ لە جیهاندا، پاشان دەوڵەتانی ئەندامی ئۆپێك دێن وەك ئەندەنووسیا و فەنزوێللا و جەزاییرو ئێران وسعوودیە(51).

سەرەڕای ئەوەش كێشەی مەترسیداری  ژینگە  لە شێوەی بەرز بوونەوەی ئاستی پیس بوونی هەوا بە وزەی پڕ لە كبریت و وشك بوونی ئاوی سازگار و وێران كردنی دارستانان و كەم بوونەوەی ڕووپێوی لەوەڕگاكان، بە تایبەتیش پیس بوونی ئاو  بەهۆی  زیادەڕۆی بەكارهێنانی قڕكەری پیترۆكیمیاوی- كە  هەڕەشەیە بۆ توانای بەردەوام بوونی كشتوكاڵ(61).

لێ هەندێ واتای ئەرێنیش هەبووە، خەرجی حكوومەت دەسكەوتی بەرچاوی، ئەگەر لانی كەم بۆ ماوەیەكی دیاریكراویش بێ لێ كەوتووەتەوە، لە زیاد بوونی هەلی كار بە زیادییەكی هەستپێكراو و چاك كردنی بەرنامەكانی خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، بە نموونە دەوڵەتانی ئۆپێك بەشێكی باشی لە داهاتی نەتەوەیی خۆی بۆ پەروەردە و تەندروستی تەرخان كرد زیاتر لە هەر كۆمەڵەیەكی دی لە دەوڵەتانی پەرەسێن. ئەو پەرەسندنانە لەو بوارانەدا دیارن، هەر چەندە لەگەڵ ئاستی خەرجییەكانیشدا نەهاتبنەوە(71).

وەبەرهێنانیش لە ژێرخاندا  زۆر و ئەنجامی بەرجەستەی هەبووە، لەگەڵ ئەوەی ڕادەی پێشكەوتنیشی لەگەڵ بڕی پارەی تیا خەرج كراودا  تێك نەكاتەوەو جۆری خزمەتگوزارییەكان كە لە ئاستێكی نزمدا بووە. هەروەها هۆیەكانی گەیاندنی بە وایەر و بێ وایەر و ڕێگەوبانی قیڕتاوكراو و هێڵی شەمەندەفەر و وێستگەكانی بەرهەم هێنانی كارەبا زیادەیەكی هەستپێكراویان پێوە دەبینرا.

بەڵام جیاوازییەكی هەستپێكراویش لە جێبەجێ كردندا هەبوو. بۆ نموونە ئەندەنووسیا بە هۆی زۆر ئەگەرەوە باشترین ئەنجامی بەدەست هێنا لەوانە: كەمتر پشتی بە داهاتی نەوت بەستبوو هەروەها كەرتی كشتوكاڵی بە شێوەیەكی كاریگەر لە هەموو دەوڵەتانی دی زیاتر پاراست، ڕەنگە ئەوەش بۆ سەرگەرمی سەرۆك سوهارتۆ لە خۆبژێوی بە برنج بگەڕێتەوە.

بە هۆی هاتنەناوی سندووقی نەختینەی نێودەوڵتیشەوە لە ئەندەنووسیاوە ڕاستەوخۆ دوای خرۆشانی1973 ی نەوت، ئەوە بوو وڵاتەكە نەیتوانی سواری شەپۆلی قەرز وەرگرتن (لانی كەم قەرزی زۆر) بێ كە زۆری نەبرد هەناردەكارانی نەوتی تووشی زیان كرد، دوا جار بوونی قانوونێك سەقامگیری بودجە بسەپێنێ، وەك بەشێك لە سیستەمی قانوونی وڵات، بەری لە حكوومەت گرت بە كەیفی خۆی خەرج بكا وەك ئەوەی دەوڵەتانی دیكەی ئۆپێك كردیان. لە بەرامبەردا نایجیریا بێباك بۆ داپۆشینی پشێوی هەرێمایەتی و ئیتنی خەرجی دەكردو وای لێ هات ببێ بە نموونەی ئەوپەڕی پێچەوانەی ئەندەنووسیا.

بەڵام ئەو جیاوازییە لەگەڵ زەبەللاحیشیدا، هیچی لە واقیعی كارەكە نەگۆڕی، تێكڕایی ناوەندی گەشەی كارای كۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆ لە دەوڵەتانی ئۆپێك لە نێوان ماوەی بیست ساڵ  دوای خرۆشانی نەوت لە حەفتایەكان زۆر كەمتر بوو لە تێكڕای ناوەندی ئەو گەشەیە پێش خرۆشان، لە ئەنجامی ئەوەشدا ئەو دەوڵەتانە هەر كە نرخی نەوت لە ناوەڕاستی هەشتایەكان دابەزی كەوتنە ناو گەرداوی قەیرانی دەستگرتنەوەیەكی توندەوە. ئەم تۆمارە نائومێدكەرەیش ئاڵۆزی سیاسی لێكەوتەوە، بە چاوپۆشین لە بەرز بوونەوە یان دابەزینی نرخ، هەروەها بە چاوپۆشین لە سرووشتی سیستەمی سیاسی داخۆ دیموكراتییە یان دیكتاتۆری گۆڕانكاری لەناكاو لە بارودۆخ سیستەمە سیاسییەكانی دەوڵەتانی هەناردەكاری نەوتی خستە تاقیكردنەوەیەكی دژوارەوە. هەموو سیستەمێك لە سیستەمەكانی حوكم ڕەوڕەوەی پشتیوانی سیاسی بە چەورایی سامانی نەوتەوە لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی سەوداكاریی نێوان دەزگای جێبەجێكردنی دەوڵەت و بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی بازرگانی لەنگەر پێ گرت.

بەرز بوونەوەی نرخی نەوت دەگاتە كەشێك تێكچوونی دەمودەستی سەقامگیری لێ دەكەوێتەوە، بە هێندەی دابەش كردنی دۆلارەكانی نەوت بنكەكانی تری دەسەڵات لەباڵ یەك دەردێنێ، لە كاتێكیشدا لێشاوی دۆلارەكانی نەوت فتیلی كێشەی پەیوەست بە چۆنیەتی داروبەش كردنەوە ئاگر دەدا ئەوا بەهێز بوونی پشێویەكانی پێشتری دوای ئەوەی دابەش كردنی قازانجی بە تەواوی دادەپۆشی، ئاڵۆزتر دەبوو.

بەم جۆرە دەبینین خرۆشان و خاوبوونەوە پێكەوە كار دەكەنە سەر تێكدانی سەقامگیری. سیستەمی حوكم هەیە بیتوانیبێ بەرگەی ئەو جۆرە پشێویە بگرێ، لەگەڵ ئەوەی بەڵگەی بەردەست نیشانی دەدا كە دیموكراتییە نیوەچڵەكان توانیویانە خۆیان لە شەڕو شۆڕشان بە دوور بگرن كە ئۆتۆكراتیایەتیەكانی نەوتی ڕاماڵین(81). نموونەیش زۆرە، ئێران سەرەتا و دراماتیكیترینی  نموونانە، كاتێ شای ئێران لە ئاكامی شۆڕشێكی ئیسلامییەوە ڕووخا، ڕەخنە تاڵەكانی لێی گیران هەمووی لەسەر  پیشەسازی بەپەلەپەل و بە ڕۆژئاوایی بوونی خێرای (شارستانیەتە مەزنەكەی) بوو.

بەڵام نایجیریا، نایجیریا لە نێوان حوكمی سەربازیی و حوكمی مەدەنیدا بە ئاهەنگی هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوتەوە دەهات و دەچوو بێ ئەوەی لە چەسپاندنی ئەم یا ئەویاندا سەركەوتوو بێ. جەزاییریش لە لێشاوی شەڕێكی ناوخۆدا نقوم بوو كە لە ئاكامی تێكچوونی نرخی نەوت وڵاتی لەبێن برد. لێ حوكمی سوهارتۆ كە بەدەر بوو لە خراپ ئیدارەدانی دەسكەوتەكانی نەوت ئەوا ماوەیەكی درێژتر بەحاڵی خۆی ڕاگەیشت، ڕەنگە ئەوەش بە هۆی ئەوەوە بووبێ كە نەوت ڕۆڵێكی كەمتری لە ئابووری ئەندەنووسیادا گێڕابێ. بەڵام دواجار ڕژێمی سوهارتۆ بە هۆی تەشەنەی گەندەڵی و سەرمایەداری خزمخزمێنەوە داڕما. فەنزوێللا حكایەتێكی دی هەیە، ڕاستە هێشتا وەك دووەمین دەوڵەتی دیموكراسی ئەمەریكای لاتین ماوە، بەڵام  ئاڵۆزی و كاری توندوتیژی كە بە توندی هەژاندی، ئەمەش لە هەوڵی كودەتای سەربازی و كۆتایی پەیماننامەی  سیستەمی حزبیی سیاسیدا  ڕەنگی دایەوە(91). بەو مانایە سیاسیە دیاریكراوەیش، ئەوا نەوت بە ڕاستی گووی شەیتانە.

وانەكانی ئەزموونی ئۆپێك تەڵەی بنیاتی گەشە كە بە نەوت بەڕێوە دەچێ

بڵێی سەركردەی دەوڵەتانی ئۆپێك چییان كردووە- یا نەكردووە- بۆ گەیشتن بەو واتا زەلیلەی گەشە؟ ئەگەر هەموو حكوومەتەكانی دەوڵەتانی ئۆپێك لە وشك بوونی سەرچاوەكانی نەوت بترسن، ئەوا باسكیان لێ هەڵماڵیوە كە (تۆوی نەوت بچینێ)، ئەمەش دەربڕینێكی بە تەوسەوەیە، مەبەست لێی بەكارهێنانی پارەی نەوتە بۆ بنیاتنانی بنكەیەكی بەردەوامی پێدانی ئابووری پاش نەوت لە ڕێی پێشخستنی پیشەسازی قورس و نوێ كردنەوەی ژێرخان، یان لە كوێ پێویست بوو وەبەرهێنان لە بواری بەرگریدا. هەندێ وڵات وەك فەنزوێللا  تێگەیشتن كە هەڵڕژانی پارەی نەوت بەسەر دەوڵەتەكانیاندا گرفتی بەڕاستی لێ پەیدا بوو بۆیە دەستی دایە دروست كردنی سندوقی وەبەرهێنان لە دەرەوەی وڵات بۆ لەخۆگرتنی دۆلارەكانی نەوت كە كاریگەری پاشڤەبڕی پێچەوانەی لێ ناكەوێتەوە. بەڵام ئەم كۆششە كە بە نییەتی پاكەوە كرا هیچی لێ شین نەبوو چونكە (زەینی پاشەكەوت) كە ماوەیەكی كورت بوو لە گۆڕێ بوو زۆری نەبرد ڕۆیشت و تا بەخێرایی شێتایەتی خەرج كردن و ئارەزووی لە سنووران  بەدەر لە قازانجویستیدا جێگەی بگرێتەوە.

بەهۆی ئەو شێتایەتییەی نەوتیشەوە هەموو پشتیوانی سندووقەكانی دەرەوە بۆ ئابووری ناوخۆ لە ڕێگەی خەرجیی حكوومەتەوە  گەڕێنرانەوە، بە پەرەسەندنی (ئاڵوودەبوون) بە دۆلاری نەوت  وای لێ هات تەنانەت داهاتی خرۆشانی نەوتیش بەشی تێر كردنی چڵێسی خەرج كردن نەكات.

 پەراوێز:

12- قەیرانی ئەم دواییەی ئەندەنووسیا دوای بیست ساڵ سەری هەڵدا، بەڵام پێشهاتەكانی بە دوایدا هاتن ئەم شێوازە پشتڕاست دەكەنەوە، بڕوانە: Amuzegar (1999), p.235

13- Karl (1997), p. 255.

14- هەر ئەو سەرچاوەیە، ل 262.

15- زانیارییەكان لە ماڵپەڕی ئەلكترۆنی دەزگای (ڕووبەدەرایەتی نێودەوڵەتی)ـەوە وەرگیراون  Data taken from, Transparency International, at http;//www.transparency.de.

16- خەمڵاندنە تایبەتییەكان دەڵێن  بەشی تاكەكەس لە دەرامەتی ژیانێكی نوێبووەوەدا بە ڕێژەیەكی ترسناك كە دەگاتە72%  لە لیبیا و سعوودیە كەمی كردووە، 94%یش لە میرنشینە یەكگرتووەكانی عەرەب و57% یش لە جەزاییر، لە ئەنجامی پیس بوون و زیادەڕۆیی ئاودانی كشتوكاڵ. تەماشا كەن  ژمارەی خەرجی سەربازی لەم وڵاتانەدا  بڵاوناكرێنەوە، كە دوایی ئەوەی لەم بارەیەوە دەكەوێتە بەردەست هەروەها لەبارەی بازرگانی چەكیش ورد نییە و ناتوانرێ پشتی پێ ببەسترێ ، دیسان جیاوازییەكی گەورە لە نێوان ئەو وڵاتانەدا هەیە ، بەشی خەرجی سەربازی لە كۆی گشتیی بەرهەمی نیشتمانی بەنموونە لە دەوڵەتانی كەنداو بەرزترینە لە جیهاندا لە كاتێكدا لە فەنزوێللا دا تا ڕادەیك نزمە. بڕوانە: Amuzegar (1999), p. 179.

17- ئامۆزیگار ئاماژە بەوە دەكا  ناوەندی فێربوونی ئەلف وبێ  لای پێگەیشتووان لە نێوانی بیست ساڵدا گەشەیەكی باشتری كردووە، لە47% وە نێوان ساڵانی 1974 – 1975 بووە بە72%  لە نێوان ساڵانی 1993 – 1994، بەڵام ئاستی چوونە بەر خوێندن لەسەر هەموو ئاستێك بەرز بووەتەوە. هەر ئەو سەرچاوەیە  ل170.

18- (Karl 1997(بەتایبەتی بەشی نۆیەم.

19- سیستەمی حزبی لە فەنزوێللا بە پێی بنەمای بەڵێننامەی هاوپەیمانیەتی دامەزرا، ئەمەش واتە حزبە سیاسیە سەرەكییەكان ڕێككەوتنێكی بنەڕەتییان كرد  سنوورێك بۆ ململانێی نێوانیان دابنێن و چەندیەتی و چۆنیەتی كێشە وروژاوەكان لە پێشبڕكێی هەڵبژاردن كەم بكەنەوە. ئاشكرا بوونی ئەو ڕێككەوتنە نهێنیانەیش بوو بە هۆی هەڵبژادنی فەرماندەیەكی پێشووی سەربازی كە هەوڵی دابوو كودەتایەك بەسەر حزبە سەرەكیەكاندا  بكا.