ئاماژەیەك لە وەرگێڕەوە

( تێری لێین كارڵ  Terry Lynn Karl)

پرۆفیسۆری ئەمەریكایی بواری زانستە سیاسیەكان، 21ی نۆڤێمبەری1947  لەدایك بووە. ئەم لێكۆڵینەوەیەی كاتی خۆی ساڵی2007  لە لایەن – پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی عێڕاق- كەخوالێخۆشبوو نووسەری ناسراو فالح عەبدولجەببار سەرپەرشتی دەكرد كراوە بە عەرەبی و وەكات لە بەغدا و هەولێر و بێرووت بڵاوكراوەتەوە.

نووسەر لەم لێكۆڵینەوەیدا بە ڕاشكاوی باسی گرفتە پەنهان و ئاشكراكانی نەوت و مەترسییەكانی لە وڵاتانی خاوەن نەوت دەكا كە چۆن ئەگەر پسپۆڕی دڵسۆز و لێزانی حیكمەتدار لە پشت ئیدارەدانییەوە نەبن لە باتی خێر دەبێتە بەڵا بەسەر خودی دەوڵەتەكەوە ونەك هەر گەشەی دەوەستێنێ یا دوای دەخا، بەڵكو دەیخاتە ژێر باری قەرزی قورسیشەوە. لەم بوارەشدا نموونە و داتای حاشاهەڵنەگر و هەندێ جار بەڵگەنەویست دێنێتەوە بەتایبەتی لە دەوڵەتە دواكەوتووەكاندا.

بەهۆی گرینگی لێكۆڵینەوەكە و بۆ بەرچاوڕوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان بە پێویستم زانی بیكەم بە كوردی، دەنا ڕەنگە بابەتی لەم چەشنە كاری ئابووریزانان بێ تا خوێنەر و بەدواداچوویەكی ئەدەب و هونەر).

وەرگێڕ  

مەترسییەكانی دەوڵەتی خاوەن نەوت

وردبوونەوە لە پارادۆكسی زۆری(*)

 تێری لێین كارڵ

و : نەژاد عزیز سورمێ

1-5

با بە بیر و خەیاڵمان بگەڕێینەوە ساڵانی1973  و1974  كە نرخی نەوتی خاو چوار هێندە بەرز بووەوە و یەكەمین قەیرانی وزەی لە جیهاندا دروست كرد.

سامانێكی بێسنووری هێنا، تاكە سامان بوو بێ شەڕ  وەدەست بێ و كاری كردەنی لە سیستەمی جیهانیدا بكا.

پێشبینی ناقۆڵا لەبارەی توانای شێردراوەی زۆربوونی سامانی وڵاتانی نێردەكاری نەوتیش هاتە گۆڕێ(1).

لە كاتێكیشدا وڵاتانی پیشەسازی شڵەژا بوون و ئارامیان لەبەر بڕا بوو لە ترسی ئەوەی نەبادا ڕێكخراوی دەوڵەتانی نێردەكاری نەوت (ئۆپێك) ببنە گەورەترین دراوگۆڕەوەی  بەهێز لە جیهاندا(2)، وڵاتانی نێردەكاری نەوت لە خوماری خۆشییدا بوون، لەو بڕوایەدا بوون خۆشگوزەرانی ژێرخانێكی بەردەوامیان لە ئابووری  پاش نەوت بۆ مەیسەر دەكا، هەروەها بۆ هێزی تژیی كار (زاڵ بوونی تەواو بەسەر بێكاریدا) و ئاسایشی نەتەوەیی و سەقامگیری سیاسی.

 بە كورتی وایان لێكدایەوە  ئەو خۆشگوزەرانییە هەل بۆ نێردەكارانی نەوت دەڕەخسێنێ بگەنەوە وڵاتانی جیهانی یەكەم (وڵاتە پێشكەوتووەكان).

بەم جۆرە دەبینین شای ئێران پەیمانی بە گەلەكەی دا (شارستانییەتێكی مەزن) یان بۆ بنیات بنێ، لە كاتێكدا سەرۆكی فەنزەوێللا، كارلۆس ئاندریاس بیریز پێشبینی (فەنزوێللای مەزن)ی لە ئایندەیەكی نزیكدا كرد. پیرز پێی وتم:»رۆژگارێك دێ بەم نزیكانە ئەمریكاییەكان ئۆتۆمبیلی وا داژۆن  كرێكارانی ئێمە لە كارگە نوێیەكانی فەنزەوێللا بە تامپۆنپارێزی ئەلەمنیۆمیی فەنزوێللایی و بە سووتەمەنی نەوتی خۆمان بەرهەمیان هێناوە، ئەو دەمە تەواو وەك ئێوەمان لێ دێ«(3)

پاشان دەركەوت ئەو پێشبینی و ڕەمڵ لێدانانە، لە داڕشتەیەكی نوێی (ئەفسانەی میداس) زیاتر نەبوون. دوای تێپەڕینی چارەكە سەدەیەك بەسەر جۆش و خرۆشی نەوتیی دەیەی حەفتاكان، لەگەڵ بوونی دوو قەڵەمبازی گەورە لە نرخی نەوت لە دەیەی نۆهەتەكانیشدا دەبینین زۆربەی دەوڵەتانی نێردەكاری نەوت لە قەیراندا گینگڵ دەدەن، بەتایبەتی ئەوانەی بە دەست كەمی سەرمایەوە دەناڵێنن(4).

ئەو وڵاتانە دووچاری تەنگەتاوی و داڕمانی بەرهەم و هەڵاتنی سەرمایە و دابەزینی توانا و زیاد بوونی هەڵئاوسان (بە ژمارەی دەیی) و زیاد بوونی خەیاڵیی بەهای دراو و كورتهێنانی بودجە و دیاردەی دی لەو بابەتە بوونەوە.

ئیدی وای لێ هات زۆربەی ئەو وڵاتانە پەلە بكەن لە هێنانی سەرمایەی بیانی بۆ پرۆژەی هاوبەش كە پێشتر  وەختی خۆماڵیكردنی نەوت لە حەفتاكاندا بە دوایی ڕەتیان دەكردەوە!!

گەیشتە ئەوەی شینگی ئابووری وڵاتانی نێردەكاری نەوت تا دەهات بێ تاوتر دەبوو بە چەشنێك پشتبەستن بە نەوت و قەرز  بە ئاستێك بەرز ببێتەوە زیاتر لە ساڵانی  بە بەرەكەتی نەوتاوی، لەو ڕاستەدا سەقامگیری سیاسی چەسپاوی خۆیشی لەدەست دا، زۆر لەوڵاتانیش، لە نایجیریا تا فەنزوێللا و ئەندەنووسیا وجەزاییر ناكۆكی و خۆپیشاندان و شڵەژانیشیان بەخۆوە بینی، تەنانەت شەڕی ناوخۆیش خەریك بوو هەڕەشەی لە دانیشتووانی دەوڵەتانی ئۆپێك دەكرد.

 وەك چۆن زێڕیش لە ئەفسانەی مەلیك میداسدا لەگەڵ ئەو هیوایە گەورەی بە خۆشگوزەرانی بۆ وڵاتەكەی پێ هەڵچنی بوو، ژیانی لێ تێك دا، نەوتیش بەو ڕەنگە سێبەری ڕەشی بەسەر هەموو شتێكدا گرت ، یان با بڵێین هەموو شتێكی نەوتاوی (Petrolize) كرد.

ئابووری نەوتاوی دەكا، سیاسەت نەوتاوی دەكا، هەموو شتێك لەو وڵاتانە نەوتاوی دەكا.

حاڵ بەوە گەیشت یەكێك لە دامەزرێنەرانی ڕێكخراوی ئۆپێك، خوان پابلۆ بیرێز ئەلفۆنسۆ بڵێ “نەوت لە گووی شەیتان زیاتر نییە، ئێمە خەریكە لە پاشەڕۆی شەیتان نقوم دەبین“(5).

ئەوەیە كە ناوی لێ دەنێم (پارادۆكسی -سەیرایەتی- زۆری)، ئەمەش دیاردەیەكە سەرسڕمان لای لێتۆژ و سیاسەتكاران پێكەوە دەورووژێنێ(6)، چونكە لۆژیك دەڵێ تێكەوتنی وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت لە قۆرتی تەنگژەیەكی توندی ئابووری و سیاسی جێی سەرنج و سەرسڕمانە- وڵاتی لێك جودان وەك فەنزوێللا و ئێران و نایجیریا و جەزاییر و ئەندەنووسیا- ئەم وڵاتانە كە تەواو لێك جودان بكەونە سەر هەمان دووڕیان لەگەڵ ئەوەی جیاوازییەكی زۆریان هەیە كارێكی سەرسوڕهێنەرە و لێكدانەوەی دەوێ، ئەو وڵاتانە لێك دوور وجیاوازن  لە هەموو شتێك لە نەوت نەبێ!  كە هەر بە سرووشت جیایە: جەزاییر لە ڕووبەردا سەت جار بە قەد كوێتە دانیشتووانیشی جیان، دانیشتووانی ئەندەنووسیا132  جار لە دانیشتووانی قەتەر زۆرترە، لە هەمان كاتدا لە ڕووی بڕی یەدەگی نەوتیشدا جیاوازیان هەیە، یەدەگی سعوودیە 265  جار لە یەدەگی گابۆن زۆرترە، باسی جیاوازی زۆری هۆیەكانی دیكە ناكەین، لێك جوداییەكی دیار لە ئاستی بژێوی ئەو وڵاتانە لە كاتی زۆری نەوت ساڵی  1974 دا هەیە، پشكی تاكەكەس لە داهاتی نەتەوەییدا، بە نموونە لە ئەندەنووسیا لە170  دۆلاری تێنەپەڕاند، لە كاتێكدا پشكی تاك لە ئیماراتدا11  هەزار دۆلار زیاتر بوو، دیسان سیستەمی سیاسی لە وڵاتانی خاوەن نەوت دا تەواو جیاوازە، لە نێوان دیموكراسی ( فەنزەوێللا و ئوكوادۆر)و حوكمی سەربازی (ئێراق و نایجیریا) یان حوكمی سیۆكراتی ئیسلامی (سعوودیە و ئێرانی دوای1979 ) تا سیستەمی تاك حزبی بەناو سۆشیالستی (جەزاییر).

جیاوازی قووڵ لە نێوان نایجیریا  كە بە لای خراپترینی  پێوەرەكەدایە و ئەندەنووسیا كە كاری خۆی باشتر ڕایی دەكا(7).

لێرەدا مەبەستمان ئەوە نییە بڵێین وڵاتانی خاوەن نەوت حاڵیان لەوانی دیكەی بێ نەوت خراپترە تەنیا ئەوەیە بارەكە بەو ڕەنگە بێ  یان  نەبێ  بە پێی  بارودۆخ و بەراوردكارییەكان.  بەڵام ئەو ڕێڕەوەی دەوڵەتانی خاوەن نەوتی گەیاندە ئەو بارە، لە هەموو ئەو زەحمەت و ماندوو بوونەی تێیاندایە، جیایە لەوەی لە وڵاتانی بێ نەوت دەیبینین ، هەموویان لەگەڵ دەوڵەمەندیشیان لە چاڵ و چۆلی قەیرانی هاوشێوەدا كەوتوون .

ئەو مەتەڵانەش ئاكامگیری جیهانییان هەیە، ئەگەرجۆش و خرۆشی نەوت هەژاری و نایەكسانی و تەنگژەی سیاسیی دەوڵەتانی نێردەكاریی نەوتی  لێ بەوەلەد بێ – كە ئەمەش بە ڕاستی وا بووە، بێتوو  حوكمیان بە پێی ڕووداوەكانی  هەردوو دەیەی حەفتا و هەشتایەكانی لەسەر بدەین – ڕەنگە ئەو قەیرانانە بە دەوری خۆیان بەڵای نەوتیی نوێیان لێ پەیدا بێ كە ئەنجامی زیانبەخشی وایان لێ بكەوێتەوە لە توانادا نەبێ پێشبینی بكرێ.

دەیەی حەفتایەكان نرخی نەوت سێ جار بەرز بووەوە، دوو لە شۆكی نرخ (قەڵەمبازی لیبیا) (1971) و (خرۆشانی ئێرانی) (1979) بە سەرهەڵدانی قەیرانی سیاسی ناو وڵاتێكی سەرەكی لە وڵاتانی نێردەكاری نەوتەوە پەیوەست  بوون . لە ساڵی 1990 شدا، بازاڕی نەوت هەژا و نرخی بە شێوەیەكی بەرچاو لە ئاكامی هەوڵی عێڕاق بۆ چارەسەركردنی گرفتە ناوخۆییەكانی بە داگیر كردنی كوێتی هاوسێی بەرز بووەوە.

زەین دەنێ ئاكام چی لێ دەسەنگرایەوە  ئەگەر سەقامگیریی سعوودیە یا دەوڵەتەكانی دیكەی كەنداو- بڕوخابووایە، لە ناوچەیەكدا كە  لە60% ی نەوتی دۆزراوەی جیهانی لێیە؟!

پێویستە هەوڵ بدەین لە قەیرانەكانی دەوڵەتانی نێردەكاری نەوت تێ بگەین، نەك هەر لەبەر ئەوەی كار لە ژیانی ئەو گەلە دەكا لە ناو سنووری  یاخود لە بازنەی ناوچەكەی دایە، بەڵكو هەم دیس چونكە زایەڵەی ئەو قەیرانانە بە هێزێكی زیاتر و توندتر لە بازاڕەكانی جیهاندا دەنگ دەداتەوە و ئاشتی هەموو جیهان دەخاتە مەترسییەوە. كەواتە پرسیارئەوەیە: نەوت چۆن كار لە ئابووری وڵاتانی بەرهەمهێنی دەكا؟ داخۆ تۆماری وڵاتانی ئۆپێك لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا  لە خرۆشانی نەوتەوە لە حەفتایەكاندا چییە؟ ئایا تۆماری گەشەكردن  هاوێشتراوێكە بێ هاوێژەر بتوانرێ بە فێر بوون لە ڕابردوو نەهێشترێ، یان ئەو  نموونەی  ڕووی داوە لە هەر كوێیەك نەوت بدۆزرێتەوە شایانی دووبارە بوونەوەیە؟ ئەی ئەو ئەنجامانەی  لە ئاكامی بە پشتداشكانی گەشەسەندنەوە كە لێی دەكەوێتەوە؟

بەڵای تایبەت بە دەوڵەتانی خاوەن نەوت

 دەوڵەتانی خاوەن نەوت بە دەوڵەتی دیكە ناچن(8). ڕاستە ئەوان لەگەڵ دەوڵەتانی پەرەسێنی دی لە كۆمەڵێك تایبەتایەتیدا نەمازا ئەوانەی كانزا هەناردە دەكەن هاوبەشن، بەڵام  ئابووری ئەو وڵاتانەی پشت بە نەوت دەبەستن و سیستەمی سیاسیان لە جەوهەردا پێكهاتەیەك دروست دەكا بە هۆی هەڵڕژانی دۆلاری نەوتەوە، بە چەشنێك لە دەوڵەتانی تری جیا دەكاتەوە، چونكە سامانی نەوت لە توانای دایە دامەزراوان لە قاوغی دیاریكراوی مەحكەمی وا دابڕێژێ لە خەیاڵ و لێزانی چاترینی پسپۆڕانییش سەرووتر. ئەوەش ڕاستە بە تایبەتی بۆ ئەو دەوڵەتانەی  دەكارهێنانی نەوتیان تێدا پەیوەستە بە قۆناغی بنیاتنانی دەوڵەتی سەردەمییەوە، كە ئەم بارەش زیاتر باوە.

ئەو پەیوەست بوونەیش دەبێ دەوڵەتی خاوەن نەوت بە جۆرێك لە پەرەسەندن لا دەدا، دامەزراوەكانی دەشێوێنێ، توانایشی لاواز دەكا.

پێكهاتنی یەكەمی نێوان كۆمپانیاكانی نەوت پێداگیر لەسەر زامن كردنی سەرچاوەی نوێی نەوتی خاو  و نێوان دەسەڵاتدارانی خۆماڵی كە بە تەنگەوەن بۆ پتەو كردنی بنكەی لایەنگیرانیان چی وای بە دوای خۆیدا نەهێنا- سەرەڕای ئاڵوگۆڕی قازانجی نێوان هەردوولاشیان- لە میراتێكی تاڵی ناوەندگەراییەكی توندی دەسەڵاتی سیاسی  بەدەر و تۆڕێكی ڕێككەوتنی ژێر بە ژێری نێوان فەرمانبەرانی كەرتی گشتی و  كاربەدەستانی كەرتی تایبەتی و لاسەنگ بوونی پەرەپێدان بەهۆی پشت بەستنی تاكلایەنە بە كانزاكان و پشت بەستنی گەشە بە پشتگیری دروستكراوی نرخ بە قازاتجی نەوت، هەڵوەشاندنەوەی داهاتەكانی حكوومەت  كە لە باج و سەرچاوەی دیكەی ناوخۆوە دێن و بە دۆلارەكانی نەوت جێیان دەگیرێتەوە.

ڕاستیی ئەم گۆڕانكاریانە و هیتر چوارچێوە (ڕیزبەندی) بڕیاردان دەگۆڕێ، بە  جۆرێك بۆ دەسپێكی گۆڕانكاری نەرێنی هانی دەدا، تا ئەوەی لە پێشدا باس كران جێگیر بكا بەمەش بازنەیەكی بۆش لە ئاكامی گەشەی پاشڤەبڕەوە  دروست دەبێ. ئەم پەرەسەندنە كە تاڕادەیەك  لێكچووە  سەرەتا  لە بارودۆخی وڵاتانی لێك جودا، سیما هاوبەشە دەگەڕێتەوە، ئەو وڵاتانە كۆ دەكاتەوە، لەوەشدا مەبەستمان كۆمەڵێك تایبەتایەتییە كە لە وەبەرهێنانی نەوتەوە پەیدا دەبن.

بە سادەیی دەوڵەتی خاوەن نەوت لە هەموو دەوڵەتانی دی زیاتر بە لای تاك شمەكیدا دەشكێتەوە، وەبەرهێنانی ئەوەش كە لەوانی دی پتر بەرەو نەمان دەچێ و زیاتر لەوانیتر پشت بە چڕیی بەرزی سەرمایە دەبەستێ، لە كاتێكدا زیاتر لەوانی دی بە بڕگەیەكی تەنگەوە گەمارۆ دراوە، كە تەواو لە دەستی دەوڵەت دایە، لەوانی دی پتر  سەرچاوەی قازانجە- ئەمەش بەدیومی نەشونمای سەركەوتووە ، نموونەی سەرەكیش ڕاستەوخۆ لە دەوڵەتانی  نێردەكاری نەوتەوە لەم تایبەتایەتیانەدا سەرچاوە دەگرێ:

 پەراوێز:

(*) گۆڤاری كاروباری نێودەوڵەتی- پایزی1999 / 53  ژمارە (1) زانستگەی كۆلۆمبیا- نیۆرۆك.

 Journal of International Affairs, Fall 1999 , 53, no.1.

© The Trustees of Columbia University .

(1) جەهانگیر ئامۆزیگارAmuzegar . J  پێی وایە بە نموونە، بانكی نێودەوڵەتی پێشبینی ئەوەی كرد دەسكەوتی دەوڵەتانی ئۆپێك بە هاتنی ساڵی1985  لە1200  ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێ، ئەمەش زۆر دوورترە لە بارودۆخی ئێستا كە كورتهێنانی  هەژماری خوولاوی  ئەو وڵاتانە15  ملیار دۆلارە، لە كاتێكدا نرخ لە ساڵی1985  دادەبەزی. تەماشای (بەڕێوەبردنی سامانی نەوت)ی ئامۆزیگار بكە . Jahangir Amuzegar , Managing the Oil Wealth OPECs                    Windfalls and Pitfalls ( London: I.B. Tauris Publishers, 1999) p.ix

 (2)دەستەواژەی (هەناردەكارانی نەوت) كە لەم لێكۆڵینەوەدا بەكار هاتووە، ئاماژەیە بۆ دەوڵەتانی ئەندام لە ڕێكخراوی ئۆپێك و بە تەنیا مەكسیك، ئەگەر لە ڕێڕەودا جیا لەوە نەگەیێنێ.

(3) ئەم دیدارە لە كاراكاس لە تۆغیانی دووەم خرۆشی نەوت كراوە، واتە ساڵی1979  ئەو بیروڕایانەی ئێرەش  سرووشتی ئەو هیوایانە  دەردەخا كە ئەو دەمە بە نەوتەوە هەڵچنرابوو (كاراكاس-  ئاداری 1979).

(4) ئەو وڵاتانەی سەرمایەیان كەمە، ئەو وڵاتانەن قەوارەی دانیشتووانیان تا ڕادەیەك گەورەیە و یەدەگێكی تا ڕادەیەك بچووكیان لە نەوت هەیە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی وەك میرنشینەكانی یەكگرتووی عەرەب یان كوێت یا سعوودیە، بە نموونە: نایجیریا، جەزاییر، ئەندەنووسیا، ئێران، فەنزوێللا، ئۆكوادۆر یا مەكسیك.

بۆ زیاتر لەم  جیاوازیانە  بڕوانە كتێبەكەم: Terry Lynn Karl , The Paradox of Plenty; Oil Booms and Petro ژ States  ( Berkeley, CA:  University of California Press , 1997 )

(5) بیرێز ئەلفۆنسۆ ئەم دەستەواژەیەی لە دیدارێك لەگەڵ نووسەردا بەكارهێناوە (كاراكاس، فەنزەوێللا، تەموزی 1976)، بەڵام ئەم دەستەواژەیە لە پاشاندا بوو بە ناو ونیشانی یەكێك لە كتێبەكانی.

(6) Karl (1997).

(7) بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئەو جیاكاری و جیاوازیانە بڕوانە:Karl (1997)، بە تایبەتی هەردوو بەشی سێیەم و چوارەم، هەروەها بڕوانە ئامۆزیگار (1999) بەشی یەكەم.

(8) ئەو بیرۆكەی لەم بەشەدا پێشان دراوە لە لێكۆڵینەوەیەكی كارڵ (1997).Karl  وەرگیراوە، كتێبەكە بەدرێژی و فراوانی باسی دەكا، بە هێنانەوەی چەند ڕاستییەكی گریمانەیی (ئەمبریقی )- گەڕانەوە بۆ ڕاستییە هەستپێكراوەكان )وەرگێڕ) چەند لایەنێكی ئەو بیرۆكەیەش هەیە دەتوانرێ پێی بگەن لە كارەكانی تێری لین كارل لە كتێبی : Karl (1997 ) , Energy and Politics in Central Asia nd the Caucasus, ed., Bruce Ake et al . ( Lanham, MD: Rowman & Littlefield  Publishers , forthcoming).