حکوومەتی بەریتانیا داوا لە هاووڵاتیانی لە شارەکانی عێراق دەکات، ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن.
ئەمڕۆ شەممە 4-1-2020، دۆمینیک راپ، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، چاودێریی بارودۆخی عێراق دوای کوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی، دەکەن.
دۆمینیک راپ داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە خۆیان لە چوونە عێراق بپارێزن و ئەگەر لەوێشن، ئەوا ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن.
هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاندووە، ئەو داوایە تەنیا عراق دەگرێتەوە و هاووڵاتییانی بەریتانی لە گەشتکردن بۆ هەرێمی کوردستان، ئازادن و دەتوانن بەشێوەیەکی ئاسایی گەشتەکەیان بکەن.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 گرووپ و میلیشیای تائیفیی توندڕەو پێک دێت، کە دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێک هات.










