شێركۆ حەبیب
هەڵوێستەكانی میسر سەبارەت بە دۆزی گەلان، هەردەم تارادەیەكی زۆر نەگۆڕ و ئیجابی بووە، لەو میللەتانەش میللەتی كورد و دۆزەكەیەتی، كە میسر لە گرفت و دۆزی كورد دوور نییە، بەڵكوو لە سەرجەم وڵاتانی عەرەبی زیاتر ئاشنایی هەیە و لە گرفتەكان گەیشتووە، لەگەڵ ئەوەی لە سەردەمی سەلاحەدین ئەیووبی، بوونی كوردی بەو وڵاتە ئاشنا كردووە تەنانەت تاكو ئێستا شوێنەواری ئاسەواری قەڵا و شوێنی حوكمڕانی ماوە، جگە لەوەی كۆمەڵێكی زۆری خێزانی كورد كە بەڕەچەڵەك پێش سەدان ساڵ روویان لەم وڵاتە كردووە و میسرییەكان بە بایەخەوە باس لەوانە دەكەن كە كاریگەریان لە بوارە جیاجیاكانی میسردا هەیە، هەروەها یەكەم وشەی كوردی لە وڵاتی میسر بە جیهان ناسێندرا ساتێك خانەوادەی بەدرخانییەكان یەكەم رۆژنامەیان بە زووبانی كوردی بە چاپ گەیاند لەم وڵاتە بوو.
ئەگەر بێتو ئاوڕێك لە مێژووی نوێ بدەینەوە، دەبینین كە پەیوەندییەكان لە كۆتایی ساڵەكانی پەنجا بایەخ وەرگێرانێكی دیكەی بەخۆوە بینی، كاتێك سەركردەی خوالێخۆشبوو جەمال عبدولناسر وەك یەكەم سەركردەی عەرەب پێشوازی لە باوكی رۆحی كورد جەنابی مەلا مستەفا بارزانیی نەمر كرد، هەروەها بوونی ئێسگەی كوردی لە دەنگی عەرەب بۆ ماوەی چوار كاتژمێر و لەسەرەتای شۆڕشی مەزنی ئەیلوول نوێنەری شۆڕش بوونی هەبوو لە قاهیرەی پایتەخت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بایەخدانی جەمال عەبدولناسر بە مافی میللەتی كورد و چارەسەری دۆزە رەواكەی بە شێوەیەكی ئاشتییانە، لەساتێكدا عەبدولناسر لەگەڵ ئەوە دانەبوو كە یەكێتی لە نێوان میسر و عێراق بە ئەنجام بگەیەنێت بەبێ چارەسەركردنی كێشەی كورد، بەوپێیەی كە كورد نەتەوەیەكی جیاوازن و عەرەب نین، پەیوەندییەكانی میسر و كوردستان ئەگەرچی لە ساتەوەختێك ساردایەتیی بەخۆوە بینی، بەڵام سەردانی جەنابی سەرۆك بارزانی و دیداری لەگەڵ سەرۆكی پێشووتری میسر حوسنی موبارك دووبارە پەیوەندییەكانی پتەوكردەوە، هەر ئەوەش هۆكار بوو كە میسر یەكەم دەوڵەتی عەرەبی بوو كونسوڵخانەی لە هەولێری پایتەخت كردەوە، هەروەها دیداری جەنابی سەرۆك لەگەڵ سەرۆكی ئیستای میسر عەبدولفەتاح سیسی لە پەراوێزی كۆبوونەوەی ئاسایش لە مینیۆخ زیاتر پەیوەندییەكانی تۆكمە كرد.
ئەگەرچی میسر لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقە، بەڵام ئەو یەكپارچەیەی میسر داوای دەكات، مەرجی دابینكردنی مافە دەستووری و نەتەوەییەكانی كوردە و لە كاتی گشتپرسی هەڵوێستی میسر ئیجابی بوو و ئەو بابەتەیان بە گرفتێكی نێوخۆی هەژماركرد و لەدوا هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاڤا میسر بە توندی ئیدانەی كرد و دژی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكە بوون كە زۆرینەی كوردە.
لە دوا دیداری لاوانی جیهان لە شەرم ئەلشێخ سەرۆكی میسر بە روونی ئاماژەی بە نەهامتییەكانی كورد كرد و چۆن دووچاری زوڵم و زۆرداری و دابەشكردن، هاتوون و ئاماژەی بەوەش كرد كە سەرەڕای ئەو زوڵمە، بەڵام دوژمنان نەیانتوانی كوردبوون بسڕنەوە، بەڵكوو توانیان پارێزگاری لە كوردبوون و زمان و كولتووری خۆیان بگرن و گوتی كەس ناتوانێت ناسنامەی كورد بسڕیتەوە. بێگومان ئەگەر بۆچوونی میسر بۆچوونێكی ئیجابی بووە، بەڵام ئەم بۆچوونە و بە راشكاوانە باس لە كورد بكات، گۆڕانگارییەكی گرنگە بۆ كورد و دۆزە رەواكەی، پێویستە ئێمە ئەو گۆڕانكارییە بە هەند وەربگرین و پێشوازی لێ بكەین، بێگومان لە ماوەی كردنەوەی مەكتەبی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی رابردوودا، تواندرا بەپێی توانا نەهامەتی و تێڕوانینی كورد لە لایەنی بڕیاربەدەست و رۆشنبیر و ئەكادیمی و سیاسەتمەداران بگەیەنرێت كە بێگومان ئەمەش كاریگەری خۆی هەیە لە تێڕوانینی نوێی میسر، جگە لە پەیوەندییەكی فراوان لەگەڵ چینە جیاجیاكانی میسر. وتەكانی سەرۆكی میسر دەبێت لە لایەن حكوومەتی ئەو وڵاتانەی كوردیان بەسەر دابەشكراوە بە هەند وەربگیرێت، لەسەر بنەمای دەستوور و پێكەوەژیان هاوبەش بن لە حوكمڕان وڵات و یەكسان بەرانبەر ئەرك و مافەكان، گرنگە زیاتر بایەخدان بە پەیوەندییەكان لە رووی ئابووری و كولتووری و گەشتوگوزار و رۆشنبیری.









