خهبات: هەمزە سەرحان:-
لە هۆڵی رۆشنبیری لە هەولێر، بە ئامادەبوونی د. فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، د. سالار عوسمان بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، فەرهەنگ غەفوور بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، سەلیم گەردی جێگری بەڕێوەبەری گشتی و ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حكومی و حزبی و رۆشنبیران و ئەدیبان و هونەرمەندان و رێكخراوەكان و میوانانی ئازیز و دەزگا راگەیاندنەكان، یەكەمین دیداری ئەدەبی هاوچەرخی كوردی، سەبارەت بە دیالۆگ، نوێخوازی، ئەدەب و داهێنان بەڕێوەچوو.لە دەسپێكدافەرهەنگ غەفوور وتاری بەخێرهێنانی پێشكەش كرد و خۆشحاڵی خۆی بۆ ئامادەبوونی میوانان دەربڕی و جەختیشی لەسەر كاركردنی بەردەوام لەپێناو پێشخستنی هونەر و ئەدەب و رۆشنبیری كردەوە. ئینجا بەڕێز د. فرست سۆفی، وتەیەكی پێشكەش كرد و رۆڵی ئەدیبان و هونەرمەندانی لە پێشخستنی سەرخانی كۆمەڵگە بەرز نرخاند و دەستخۆشیشی لە سەرپەرشتیاران و ئامادەكارانی دیارەكە و بەشداران و ئامادەبووان كرد.
لای خۆشیانەوە بەڕێز د. سالار عوسمان باسی لە پێگەی ئەدیبان لەناو كۆمەڵگادا كرد و پاڵپشتیی وەزارەتیشی بۆ هەموو چالاكییەكی هونەری و رۆشنبیری و ئەدەبی و كولتووری دەربڕی.چەند پارچە موزیكێك پێشكەش كران. ئینجا هەریەك لە قوبادی جەلیزادە، دڵشاد عەبدوڵا، مهاباد قەرەداغی، موئەید تەیب چەپكێ شیعریان پێشكەش بە ئامەدەبووان كرد.بڕگەیەكی دیكەی دیدارە ئەدەبییەكە بریتی بوو لە، وەك هەمیشە رێزگرتن و خەڵاتكردنی كەسانی خاوەن بەرهەم لە بواری خۆیاندا. بۆ ئەم مەبەستە خەڵاتی قەڵەمی زێڕین بەخشرا بە هەریەكە لە سەعدوڵا پەرۆش- شاعیر، دایكا دالیایێ- شاعیر، رەئوف بێگەرد- نووسەر و وەرگێڕ، جەلال زەنگابادی- شاعیر و وەرگێڕ.
لە ڕۆژی هەینیدا ئەم چالاكیانە ئەنجامدرا:لە هۆڵی ئۆسكار لە هەولێر، دوو پانێڵی جیاواز پێشكەش كران، چالاكیی یەكەم، بەناوی دیداری عزەدین مستەفا رەسوڵ، پانێڵی: رەخنە لە خوێندنەوەوە بۆ داهێنان، بە بەشداریی هاشم ئەحمەدزادە، د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، رەشید فندی. ئەم پانێڵە لەلایەن د. حەمە مەنتك بەڕێوە بردرا.چالاكیی دووەم بە ناوی دیداری ژیلا حوسێنی، پانێڵی چەند لایەنێك لە شیعری نوێی كوردی، بە بەشداریی شەهلا دەباغی، كەژاڵ هەداكار، موحسین ئاوارە. ئەم پانێڵە لەلایەن مەهاباد قەرەداغی بەڕێوە برا.شایانی باسە، كە ئەم یەكەم دیدارەی ئەدەبی، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر/ بەشی چالاكیی وێژەیی، بەڕێوە چوو
فۆتۆ: سەردار قادر









