خهبات: سەید فاتیح بەرزنجی:-
بەگووتەی ئەندازیار دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن لەچوارچێوەی كارو بەرنامەی حكوومەتی هەرێم، كە دانراوە بڕیار وایە لەبەرنامەی تازەی حكوومەتی هەرێم 9 هەزار پڕۆژەی یەكەی نیشتەجێكردن تەواو بكرێن و 3 هەزار یەكەی نیشتەجێكردنی نوێ ئەنجام بدرێن ئەو هەنگاوەش لە پێناو خزمەت گەیاندنە بە خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشین. دەربارەی وردەكاری زیاتری ئەو پڕۆژەیە ئەندازیار دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن ڕوونیكردەوە:
ئەندازیار دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن گوتی: وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن وێڕای ئەنجامدانی پڕۆژەكانی ڕێگاوبان لە چوارچێوەی كارو بەرنامەی تازەی حكوومەتی هەرێم گرنگیدانە بە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن ئەویش لە چوارچێوەی پلانی چوارساڵەی وەزارەت كە پێشكەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانی كردووە بریتییە لە دوو قۆناغ و قۆناغی یەكەم بریتییە لە تەواوكردنی پڕۆژە وەستاوەكان و قۆناغەكەی دیكەیش بریتییە لە دروستكردنی پڕۆژەی نوێ، لە ئێستاشدا 3 هەزار یەكەی نیشتەجێكردنمان لە بواری جێبەجێ كردندایەو بەشێك لە وانە وەستاون بۆیە داوامان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كردووە بۆ تەرخانكردنی بودجە بۆ ئەو پڕۆژانەی كە كاریان تیاوەستاوە جگە لەو 9 هەزار یەكەیەش بڕیاروایە لەماوەی ئەو چوارساڵەدا 3 هەزار یەكەی دیكەی نوێ دروست بكەین و واتا هەموو پڕۆژەكان خۆی لە نزیكەی 12 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دەدات بە پڕۆژەی تەواو نەكراو و پڕۆژەی نوێ، هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی پڕۆژەكان تەواو بكەین.
دواتر ئەندازیار دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن باسی ئەوەشی كردو گوتی: ئێمە لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن هەوڵی ئەوەش دەدەین كە ئەو پڕۆژانەی كەتەنها خزمەتگوزاریان ماوە تەواو بكرێن ئەو هەنگاوەش یەكێك دەبێت لە كارە گرنگ و لە پێشینەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن و چاوەڕوانی بودجە دەكەین بۆ ئەوەی پڕۆژەكان تەواو بكەین و زۆر خۆشحاڵین كە قۆناغی یەكەمی ئەو بودجەیە كە تەرخانكرابوو كارەكان دەستیان پێ كردۆتەوەو تیمەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بەهاوبەشی لەگەڵ ئەو بەڵێندەرانەی كە ئەو پڕۆژانەیان لەلایە كار لە پڕۆژەكان دەكەن و لەو قۆناغەدا نزیكەی 5 ملیار تەرخانكراوە بۆ تەواو كردنی خزمەتگوزاری ئەو یەكانەو دوای تەواو بوونی كاربۆ دابەشكردنی یەكەكان بە شێوەیەكی عادیلانە دەبێت.
شایانی باسە پڕۆسەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێكردن لەساڵی 2011 لە پەرلەمانی كوردستان بەیاسای ژمارە 7ی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێكردن بۆ خەڵكی هەژارو كەم دەرامەت دەرچوو بڕیار وابوو ساڵانە 250 ملیار بۆ دروستكردنی 5 هەزار یەكەی نیشتەجێكردن تەرخان بكرێت بەڵام لەبەر هۆكاری قەیرانی دارایی نەتوانرا كارەكان تەواو بكرێن و دیارە ئەوپڕۆسەیەی یەكەی نیشتەجێكردن ئەو خەڵكانە دەگرێتەوە كە هاوسەردارن و داهاتیان كەم و سنووردارەو هەموو هاووڵاتیەك دەگرێتەوە بەو مەرجەی دانیشتووی ئەو شارە بێت و لە پێشینەی خانووبەرە سوودمەند نەبووبێت و هیچ یەكەیەكی نیشتەجێ بوونی بەناو نەبێت و لە هیچ یەكەیەكی نیشتەجێ بوونی وەبەرهێنانیش سوودمەند نەبووبێت و ئەو هاووڵاتیانەی كە سوودمەند دەبن لەو یەكانە بەبێ پێشەكی و بەبێ وەرگرتنی هیچ زیادەیەك یەكەیەكەی پێ دەدرێت و ڕێگەش نادرێت تا 10 ساڵ ئەو یەكانە بفرۆشرێنەوە.









