خەبات-زانكۆ جاف:
پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی 1ی دیسەمبەری ئەمساڵ، دەنگی لە سەر نامەی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی دا. دواتر پەرلەمان داوای لە سەرۆككۆماری عێراق كرد، كە كەسێك بۆ جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی بناسێنێت. سەرەڕای بەردەوامی هەوڵەكان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، لایەنەكان ئەستەمە، كە بتوانن لە سەر كەسێكی دیاریكراو بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران بگەنە ڕێككەوتن. هاوكات عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە، جەخت دەكاتەوە، كە ئەوان وەكو قەوارەیەكی سیاسی هیچ كاندیدێكیان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق نابێت.
رۆڵی زلهێزەكان
پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی 1ی دیسەمبەری ئەمساڵ، دەنگی لە سەر نامەی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی دا. دواتر پەرلەمان داوای لە سەرۆككۆماری عێراق كرد، كە كەسێك بۆ جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی بناسێنێت. لەو ڕووەوە، كە بەرهەم ساڵح، لە بابەتی ناساندنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، ناچارە لەگەڵ دوو وڵاتی ڕكابەر و دژبەیەك “ئێران و ئەمەریكا” پرس و ڕاوێژ بكات. هەر چۆنێك بێت ئێران، هێزێكی باڵادەستە لە عێراق و بە رێگەی ئایدیۆلۆژی و ئایبن و گروپە توندڕەوەكانی بەستراوە بە خۆی، بەشێك لە پانتای سیاسی و ئابوری و ئەمنی عێراقی لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە. هاوكات ڕا و دەنگی ئەمەریكا لەو ڕووەوە گرینگە، كە لە ململانێ و كایەی سیاسی و سەربازی و ئەمنی ناوچەكە و عێراق، یەكلاكەرەوەیە.
هاتنە ئارای بۆشاییەكی درێژخایەن
لەم گۆشەنیگاوە، پێناچێ بەرهەم ساڵح بەم زووانە بتوانێ كاندیدی سەرۆكوەزیران بە پەرلەمان بناسێنێ و ماوەیەكی زۆر دەبات، كە كۆدەنگی و یان باڵانسێك لە بۆچوونەكانی لایەنە ناوخۆیی و دەرەكییەكان پێكبێنێ. مەترسییەك، كە ئێستا هەڕەشە لە تەواوەتی عێراق دەكات، هاتنە ئارای بۆشاییەكی درێژخایەنە لە عێراق، هەر ئەمەش زەنگی مەترسییە بۆ ئەم وڵاتە و گریمانە دەكرێ، كە گروپە توندڕەوەكانی وەك داعش دیسانەوە سەرهەڵبدەنەوە و تەواوەتی ئاسایشی عێراق بخەنە مەترسییەوە. خۆپیشاندانەكانی عێراق، كە تاكو ئێستاش بەرەدوامە، كاردانەوەیەك بووە بەرامبەر بە گەندەڵی دەسەڵات و نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی و نەبوونی ئاو، كارەبا و… هتد، لەم وڵاتە. بەڵام دواتر ئاراستەی داواكاریەكان گۆڕدرا بۆ بابەتگەلێكی وەك گۆڕینی حكوومەت، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان؛ لەمانە گرینگتر، كەم كردنەوەی دەستوەردانی ئێرانە لە كاروباری ئەم وڵاتە.
ئاماری كوژراوان
بە گوێرەی ئامارە فەرمیەكان لە ئەنجامی تێكهڵچوون و توندوتیژی هێزە ئەمنیەكانی عێراق، تاكوو ئێستا زیاتر لە 400 هاوڵاتی كوژراون و بە سەدان كەسیش برینداربوونە و بە هەزاران كەسیش دەستگیر كراون. تاكوو ئیستا بەڵێنەكانی دەسەڵاتداران بۆ ئەنجامدانی چاكسازی نەیتوانیوە رێگە لە بەردەوام بوونی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكان بگرێت. ئێستاش ئاراستە و ئەنجامەكانی ئەم خرۆشانە جەماوەرەی عێراقییەكان نادیارە و بە دەیان ئەگەر و پرسیار و گریمانەش، ناتوانێ دۆخەكە بۆ ڕای گشتیی ڕوون بكاتەوە.
هاوپەیمانی فەتح بێ ئومێدە
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی فەتح، رۆژی شەممەی رابردوو ڕایگەیاند، لایەنەكان ئاستەمە، كە بتوانن لە سەر كەسێكی دیاریكراو بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران بگەنە ڕێككەوتن. احمد الكنانی دەشڵێت: كۆبوونەوەكانی نێوان سەرۆككۆمار و فراكسیۆنەكانی عێراق بەردەوامە، بەڵام تاكوو ئێستا لە دەستنیشانكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران نەگەیشتوونەتە ئەنجام و رێككەوتن. الكنانی هەروەها جەخت دەكاتە، سەر تایبەتمەندیەكانی كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیران و دەڵێت، سەرۆكوەزیرانی داهاتوو دەبێ كەسایەتییەكی سەربەخۆ، كارامە و شەفافی هەبێ و توانای ڕاپپەڕاندن و ئیدارەدانی وڵاتی هەبێت و ڕای گشتی متمانەی پێبكات.
لیستەكەی حەكیم
كاندیدی نابێت
عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە، جەختی كردەوە، كە ئەوان وەكوو قەوارەیەكی سیاسی هیچ كاندیدێكیان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق نابێت. عەمار حەكیم لە بەیانێكدا دەڵێت: لەوكاتەوە، كە سیمای ئۆپۆزسیۆنمان بە خۆوە گرتووە، پێمان وایە، كە دەبێ هەموو لایەنەكان بەشێوەیەكی بنیاتنەر هەوڵ بۆ چارەسەری كێشە و گرفتەكان بدەن. لە بارەی دۆخی ئێستای عێراق و بۆشایی پۆستی سەرۆكوەزیران، سەرۆكی ڕەوتی حیكمە دەڵێت، هیچ كاندیدێكیان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق نابیت و لەگەڵ باشتربوونی دۆخی عێراق و ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پیشوەختەن، تاكوو داواكاری خۆپیشاندەران بێتەدی.









