ساسان دەروێش - هۆڵەندا
لە پەراوێزی كۆنفرانسی 24هەمین ساڵانەی نێودەوڵەتی جیهانی لە لاهای، كە رۆژانی25 ی ئەم مانگە تا 29ی نۆڤمبەری 2019ی خایاند، لە ئۆفیسی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكە كیمیاییەكان لە شاری دنهاخ بەڕێوەچوو، چەند رێكخراوێكی كوردیش لە كوردستانەوە بە فەرمیی ساڵانە تێیدا بەشدار دەبن وەك كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە و سەردەشت و چەند كۆمەڵێكی تر، كە5 رۆژی خایاند. بۆ زیاتر ئاشنابوون بەم كۆنفرانسە، رۆژنامەی خەبات لە نزیكەوە لە شاری لاهای شاندی كوردستانی لە ئەندامی دەستەی باڵای كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، دەدوێنێت.
نوێنەری193 وڵات و62 رێكخراو بەشداری دەكەن
حیكمەت فائق عارف، ئەندامی دەستەی باڵا لە كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە گوتی: پاش ئەوەی كۆمەڵەكەمان، كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بووە ئەندام لە رێكخراوی نێودەوڵەتیی قەدەغەكردنی چەكە كیمیاییەكان، هەموو ساڵێك بە فەرمیی بانگهێشت دەكرێین بۆ بەشداریكردن لەو كۆنفرانسەدا، سەبارەت بە ژمارەی بەشداربووان لە كۆنفرانسەكە گوتیشی: ساڵانە بە ئامادەبوونی نوێنەری193 وڵات و62 رێكخراو لە سەرانسەری جیهاندا بەڕێوەدەچێت، هەروەها گوتیشی: كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، رێكخراوێكی ناحكومییە و هەڵقوڵاوی نێو كەسوكاری شەهیدانە لە ساڵی 1992وە ئەم رێكخراوە دروست بووە لەژێر چەندین ناودا كاری كردووە تا گەیشتووەتە ئەمڕۆ بەناوی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، بۆ ئەوەی لەژێر یەك چەتردا دژی چەكی كیمیایی بوەستین، هەوڵمانداوە ئەو كۆمپانیایەی چەكی قەدەغەكراوی فرۆشتووەتە رژێمی عێراق، راكێشی دادگاكانی بكەین و ئێستاش لە پڕۆسەكەداین، هەروەها دەربارەی رەوانەكردنی42 برینداری شاری هەڵەبجە بۆ دەرەوەی هەرێم و چارەسەركردنیان لەلایەن بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، ئەو ئەندامەی دەستەی باڵا لە كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی گوتیشی: كارێكی پیرۆز و هەنگاوێكی باشە و دەستخۆشی لێدەكەین و بەردەوام ئێمە و كۆمەڵەكەمان لەگەڵ حكوومەتی خۆمان لە كابینەكاندا بە هەمەهانگی لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە هەوڵدابووین بۆ ئەم پرۆسەیە و چەند جارێكیش شاندی برینداران نێردراون بۆ چارەسەركردن بۆ وڵاتی ئێران، لە كوردستان هیچ پسپۆڕێكی وامان نییە تایبەت بێت بە نەخۆشییەكانی بریندارەكانی چەكە كیمیاییەكان، بۆیە دەكرێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان بریندارەكانمان رەوانەی ئەو وڵاتانە بكرێن، كە چارەسەری پێویستی ئەوانی لێیە و دەشكرێت ئەو نەخۆشخانەی ئێستا لە شاری هەڵەبجە هەیە، پڕ بكرێت لە دكتۆری شارەزای ئەو بوارانە.
داوای ئەنجامدانی كۆنفرانسێك لە شاری هەڵەبجە دەكرێت
هۆشمەند موراد محەمەد، گوتەبێژ و ئەندامی دەستەی باڵا لە كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بۆ خەبات، گوتی: كۆمەڵەكەمان لە ساڵی2009 لە ڕێگای كۆمەڵێك لە چالاكوانانی كورد لە بواری رێكخراوەی كاریان دەكرد لە شاری لاهای وڵاتی هۆڵەندا، لە رێگای ئەوانەوە ئەم لینكەمان بۆ دروستكرا تا گەیشتە ئەوەی بە فەرمیی ئێمە ببینە ئەندام لە بەشی رێكخراوە ناحكومییەكان لە ئۆفیسی قەدەغەكردنی چەكە كیمیاییەكان لە شاری لاهای وڵاتی هۆڵەندا و ساڵانە بە فەرمی بانگهێشت بكرێن بۆ كۆنفرانسەكانیان و بەشدار ببین و ئەمساڵیش وتارێكی تێروتەسەلمان بەناوی قوربانیان و كەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجەوە لەبەردەم وڵاتانی ئەندام و بەشدار خوێندەوە كە كۆمەڵێك پەیامی گرنگی تێدابوو، ئێمە لە هەوڵی بەردەوامداین كە بتوانین ئێمەش سوودمەند بین لەم رێكخراوە بۆ زیاتر هاوكاریكردنی شاری هەڵەبجە و قوربانی و بریندارەكانی و هەروەها لە كۆتاییشدا گوتی: ئێمە لە هەڵەبجەوە پەیاممان هێناوە بۆ ئێرە لە دڵی كەسوكاری شاری هەڵەبجەوە دامان بە گوێی جیهاندا و ئەوەی پێویستبوو گوتمان كە لێرە كارەساتی هەڵەبجە وەك پێویست لە ئاستی نێودەوڵەتی هاوكاری نەكراوە و دەكرێ لە چوارچێوەی هاوكاری خۆیان، هاواری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی بتوانن هاوكاری بریندارەكانمان بكەن.
خاتوو رووبار ئەندامی دەستەی باڵا لە كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەربارەی بەشداربوونی خۆی و شاندەكە گوتی: من وەك كەسایەتیی خۆم لە ساڵی 1988وە بەردەوام كار دەكەم، چەند ساڵیكیش چەند خوشكێكی ترمان لەگەڵدا بوون و مانەوەی ئێستا هەر خۆمم وەك ژنێك لەوێ كار دەكەم و هاوسەرم و بنەماڵەكەمان هەموویان شەهیدبوون تەنها من و منداڵێك كە ئەوكاتە تەمەنی سێ مانگ بوو، رزگارمان بوو، گوتیشی: من كاری خۆبەخش دەكەم و بەردەوام دەبم بۆ هەڵەبجە لە پێناوی ئاسوودەكردنی رۆحی شەهیدەكانمان و پەیامی بێتاوانی و شەهیدكردنیان بە جیهان بگەیەنین. لێرەوە داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم كە لەگەڵ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەستی هاوكاری زیاتر بۆ دریژ بكات و لە ڕووی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەی كاری خێراتر بكەن و هەوڵەكان چڕبكەنەوە بۆ بنیادنانەوەی ئەم شارە لە جوانییەكانی و ئاسوودەكردنی شەهیدەكان، هەڵەبجە دەبێ بەردەوام پرۆژەی بۆ بكرێت، ئینجا دێتە ئەو ئاستەی ببێتە شارێكی پڕ لە ئاوەدانی، هیوادارم ئەو بیانوانەی لە ڕابردوودا هەبوون لە گرفتی بودجە و شەڕ نەمێنن و هاوكاری شاری هەڵەبجە بكرێت.
عەلی مەحموود ناسراو بە عەلی سیاسی كە چالاكوانی كوردە لە بواری پرسی ئەنفال و هەڵەبجە، بۆ خەبات گوتی: لە ساڵی 2001وە لە شاری دنهاخ خۆتان ئاگادارن لەسەر ئاستی جەماوەری گردبوونەوەیەكی گەورەمان كرد بۆ یادی هەڵەبجە لەبەردەم دادگای نێودەوڵەتی لاهای كە خۆشت لەگەڵمان بووی و ساڵانە لە مەیدانی دام لە شاری ئەمستردام هەموو ساڵ یادی هەڵەبجەمان دەكردەوە لەگەڵ ئەوەی لەبەردەم ئەم ڕێكخراوە نێودەوڵەتیش یادمان كردوونەتەوە و یەكێك لە داخوازییەكانمان ئەوەبوو كوردەكان ساڵانە بەشداری ئەم یادكردنەوەیە بكەن، بەداخەوە ئەوە چەند ساڵێكە یادكردنەوەی هەڵەبجە بە فراوانیی ناكرێت، بەهۆی ئەو رووداوە نوێیانەی دەهاتنە پێشەوە، بەڵام دەبێت هەڵەبجە هەر هەڵەبجە بێت و دەبێت رەوەندی كورد لە16 ی ئازاری هەموو ساڵێك ئەم یادە بەرز و پیرۆز ڕابگرن لەنێو شەقام و بەردەم رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان وەك پرۆسەیەكی سیاسی سوودی هەبێت بۆ گەلەكەمان.
سهرهتا بهدواداچوون هۆڵەندا. 24هەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكە كیمیاییەكان بەڕێوەچوو










