بەكر كەریم حەسەن
فەیلەسوفی یۆنانی بەناوبانگ ئەرستۆ دەلێ: هونەر جۆرێكە لە جۆرەكانی چارەسەركردن.
ئامانجی سەرەكی لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن بەرهەم هێنانی نەوەیەكە بۆ كۆمەڵگە و ووڵات، نەوەیەكی قازانج بەخش و سوود بەخش، نەوەیەكی كاراو وشیار لە هەموو روویەكەوە بە تایبەتی رەفتار و كردار و گوفتاری باش و مرۆڤ دۆستانەی هەبێت، وە بتوانێ لەگەڵ رووداو و رەهەندەكانی رۆژگار خۆی بگونجێنێ و ببێتە تاكێكی سوودبەخش و ئارام بەخش بۆ كۆمەڵگە، بێگومان ئەوەش لە خۆڕا و بە ئاسانی نایەتەدی لە ئەنجامی خوێندنی بابەتە زانستی و وێژەیی و بەهاكان و كارامەییەكانی ژیان و بابەتە هونەرییەكانە، كە چاڵاكییە قوتابخانەییەكان زۆر گرنگن بۆ بەدەست هێنان و قازانج كردن، بابەتە هونەرییەكانی وەكو وێنە و نیگار و مۆسیقا و بابەتە جۆراوجۆرەكانی هونەر بە گشتی كە گرنگی زۆریان هەیە لە ژیانی قوتابی، بەڵام بەداخەوە وەكو پێویست سوودیان لێ وەرناگیرێت.
كە خۆی لە خۆیدا پەروەردەی هونەری گرنگی و بایەخی زۆری هەیە بۆ قوتابی، چونكە تاكە بابەت كە بتوانێ گیانی داهێنان و ئافراندن وخەیاڵ و ئەندێشە لە لای قوتابی بڕوێنێ و بیچێنێ بابەتی هونەرە، بۆیە هەر كاتێك ویستت منداڵەكەت یان قوتابییەكەت قوتابییەكی زیرەك و وریا بێت، پێویستە فێری ئەندێشە و خەیاڵ و چیرۆكی خەیاڵی بكەیت، وە فێری وێنە و نیگاركێشانی بكەیت، بۆیە بابەتی هونەر بەشێكە لە بەشەكانی پلانی پەروەردە و فێركردن، چ لە رووی ئەوەی دەتوانێ سوود لە كاتە بەتاڵ و زۆرەكان وەربگرێ ئەو كاتانە بەكار بهێنێ بۆ كاتی بە سوود.
ئەویش بە خوێندنەوە و پراكتیزەكردنی جۆرێك لە جۆرەكانی هونەر، یانیش بابەتی هونەر لە هەمان كاتدا جۆرێكە لە جۆرەكانی هاندانی قوتابی لە سەر دەربڕین بەتایبەتی ئەوەی لە ناخی قوتابی پەنگی خواردوە و ناتوانێ بە زمان دەریببڕێ، ئەوا لە رێگای وێنە و نیگار و مۆسیقا و جۆرەكانی تری هونەر دەتوانێ بە ئاسانی دەریان ببڕێت، لە هەمان كاتیشدا دەبێتە بەهرە و داهێنانێك لای قوتابی و بەرجەستەكردنی ئەو بیرۆكەیەی لە هزر و بیری قوتابی دایە بیخاتە سەر كاغەز چ لە رێگای وێنە و نیگار، یانیش شیعر و نووسین و چیرۆك و پەخشانە شیعر لە كۆتاییدا دەبێتە بەهرە و داهێنان و بەرهەم، هەروەها بابەتی هونەر متمانە و دڵنیایی و جورئەت و بوێری لای قوتابی زیاد دەكات، وای لێ دەكات بەردەوام هەوڵ بدات و كۆڵ نەدات و هاوكاری و تەبایی لەگەڵ هاوڕێیەكانی و دڵسۆزی و خۆشەویستی بۆ خاك و نیشتمان و كەسەكانی هەبێت لە رێگای بەرهەمەكانی بیخاتە روو، هەروەكو دەگێرنەوە دەلێن نوسەری ئەمریكی”كیرت فونیغوت” نامەیەك بۆ كۆمەڵێ لە قوتابییەكانی قوتابخانەیەك دەنووسێ كە داوایان لێ كردبوو سەردانیان بكات، ئەویش نەیتوانی سەردانیان بكات، بەڵام لەنامەیەكدا بۆ قوتابییەكانی نووسی و بۆیانی رەوان كرد و داوای لێكردن پراكتیزەی هونەر بكەن بە هەموو جۆرەكانی “وێنە و نیگار و شیعر و چیرۆك ومۆسیقا و گۆرانی و نواندن و ئەندێشە و خەیاڵ” نەك بۆ ناو و ناوبانگ و دەوڵەمەندی، بەڵكو بۆ ئەوەی خۆتان بناسن و چی لە ناختان هەیە و پەنگی خواردووە و دەریببڕن و بزانن ئێوە لە ناخەوە چەند گەورەن.
ماوەتەوە بلێم هیچ سیستەمێكی فێركردن لە هەموو جیهان نییە كەوا بابەتە هونەرییەكان فەرامۆش بكات و نەخوێنێ بەتایبەتی وێنە و نیگار ومۆسیقا، كە رۆڵی هەرە گرنگیان هەیە لە گەشەپێدان و پەرەپێدانی چێژ وەرگرتنی كۆمەڵگە، چونكە هەر لە منداڵیەوە دەست دەكەن بە چاندن و روواندنی بابەتە هونەرییەكان لە ناخی قوتابی، چونكە راهێنان و مەشق كردن لە بابەتە هونەرییەكان پاڵپشت و هاندەرێكی باشە بۆ گۆڕینی رەفتار و گوفتار و كردار و خۆڕەوشتی مرۆڤەكان و هێنانە بەرهەمی نەوەیەكی كارا و وریا، كە بتوانێ بە ئاسانی لەگەڵ بارودۆخ و رووداوەكان بژی كە خۆی لە خۆیدا پەرەپێدان و گەشەپێدانی باشترین ئافراندن و داهێنان لای قوتابیان بەگشتی لە بابەتە هونەرییەكان دەست پێ دەكات.
❊ بەرێوەبەری گشتی چاڵاكی وەرزش و هونەر.









