پارێزەر: عومەر سەیدزادە
لەسەرەتای ساڵی 2019 سەرۆكی ئەمەریكا لە كاتی شەوداو بە نهێنی سەردانی سەربازگەی (عەین ئەسەد)ی كرد لە ئەنبار، هاتنەكە بەجۆرێك نهێنی بوو تەنانەت گڵۆپی فرۆكەكانیشیان دانەگیرساندبوو، ترامپ لەبەردەم سەربازەكانی ئەمەریكا لە (عەین ئەسەد) نارەحەتی خۆی لەو بارودۆخە نەشاردەوەو گوتی ئێمە پارەیەكی زۆرمان لە عێراق خەرج كردووە ( 7 تریلیۆن دۆلار) كەچی بەشەو و بەنهێنی دێین بۆ ئێرە، ئەوەش پەیامێك بوو بۆ عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكان كە ئەمەریكا ئەم بارودۆخەی قبووڵ نییە، بە واتایەكی تر ئەوە راگەیاندنی گۆڕینی ئەو بارودۆخە بوو، هەروەها سەرۆكی ئەمەریكا لەو سەردانەیدا هیچ بەرپرسێكی باڵای عێراقیشی لەو هاتنەی ئاگەدارنەكردبۆوەو كەسیشیانی نەبینی، ئەوەش پەیامێكی تر بوو كە مانای ئەوەی دەگەیاند ئەمەریكا هێندە حیساب بۆ ئەو حكوومەتەی ئێستای عێراق ناكات، دواتر جێگری سەرۆكی ئەمەریكا (پێنس) كە لە رۆژی 2019/11/23هاتە عێراق هەمان هەڵوێستی نواندو لە سەربازگەی (ئەسەد) دابەزی و هیچ بەرپرسێكی عێراقی نەبینی و تەنیا بە تەلەفون لەگەڵ سەرۆك وەزیران قسەی كرد.
ئەمەریكا چی لە عێراق دەوێ؟
لە ساڵی2016 ئەنجومەنی ئەتڵەنتیك (كە ئەنجومەنێكی توێژینەوەی قازانج نەویستەو ئامانجی یارمەتیدانی حكوومەتی ئەمەریكایە بە مەبەستی پتەوكردنی زیاتری پێگەی ئەمەریكا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی) گرووپێكی پێكهێنا بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی عێراق و پێشكەشكردنی راسپاردە دەربارەی سیاسەتی ئایندەی ئەمەریكا لە عێراقدا، گرووپەكە بە سەرۆكایەتی (رایان كرۆكەر)ی باڵیۆزی پێشووی ئەمەریكا و ئەندامێتی20 كەس لە كەسانی ئەمەریكی و عەرەبی و عێراقی پێكهاتبوو كە كوردشیان تێدا بووە، هەروا 40 كەسیش وەك راوێژكار هاوكاری گرووپەكەیان كردووە، كە هەموویان كەسانی شارەزابوون لە بارودۆخی عێراق، گرووپەكە دوای ساڵێك توێژینەوە و بەدواداچوون راپۆرتێكی ئامادە كرد بەناوی (راپۆرتی گرووپی كاركردن بۆ ئایندەی عێراق) و تیایدا چەند راسپاردەیەكی خستە بەردەم سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا (ترامپ) كە نەخشە رێگەی سیاسەتی ئەمەریكای لە عێراق دیاری كردووە.
بێگومان سەرۆكی ئەمەریكا پابەند نییە بە ناوەرۆكی ئەو راپۆرتە، راینەگەیاندبووش كە ناوەرۆكی ئەو راپۆرتە دەكاتە نەخشە رێگای سیاسەتیان لە عێراقدا، بەڵام چاودێران ئەوانەی بایەخ بە كاروباری عێراق دەدەن دەڵێن جێبەجێكردنی هەندێك لەو راسپاردانەی لەو راپۆرتەدا هاتووە لە ئەرزی واقیعدا دەبینین.
راسپاردەكانی نێو راپۆرتەكە چین؟
راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئامانجەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەكا و دەڵێت (ئامانجی ئەمەریكا ئەوەیە عێراق ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، سەقامگیر، گەشەسەندوو، هەم لەناو سنوورەكەی خۆیدا و هەم لەگەڵ دراوسێیەكانی لە ئاشتیدا بژیت، خاوەن حكوومەتێكی شەرعی و چالاك بێت، هەروا مەیلێكی زۆر بەهێزیشی هەبێت بۆ دۆستایەتیكردن و هاوكاریكردنی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا). دەربارەی داعشیش دەڵێت (ئەو بارە تێكچووەی عێراق رێگەی خۆشكردووە گرووپە تیرۆریسیتیەكانی وەك داعش سەرهەڵبدەن كە هەرەشەی راستەوخۆن بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا).
دیارە ئەو راپۆرتە لە ساڵی 2016 كاری لەسەركراوە و لە ساڵی2017 تەواوبووە كە ئەو كاتە هێشتا داعش لە عێراق و سوریا خاكی لەژێر دەست مابوو، بۆیە راپۆرتەكە بایەخی زۆری بە شەڕی داعش داوە، بۆیە كە باسی داعش دەكەین باسی كاتێك دەكەین كە هێشتا بە تەواوەتی كۆتایی نەهاتبوو.
راپۆرتەكە ئەو كارانە دیاری دەكا كە پێی وایە پێویستە ئەمەریكا لە عێراقدا بیانكات لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەكانیان لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست كە گرنگترینیان ئەمانەن:
1- بێبەشكردنی گرووپە تیرۆریستییەكان (داعش) لە هەر پەناگەیەكی ئەمین تاكو نەبێتە قوڵایی ستراتیژی بۆ گرووپە هاوشێوەكانیان لە سووریا تاكو نەتوانن هەرەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانیان دروست بكەن.
2- كۆتاییهێنان بە نفوزی ئێران لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
3- دەستەبەركردنی توانای پێویست بۆ بەردەوامبوون لە هەناردەكردنی نەوت و گازی عێراق.
4- كردنەوەی رێگەی بازرگانی لەنێوان عیراق و ئوردن.
5- ئەنجامدانی چاكسازی پێویست لە سیستەمی سیاسی و لە بواری ئابووری.
6- چارەسەركردنی كێشەی گەندەڵی بەتایبەتی لە بواری بەڵێندەرایەتی.
7- راپۆتەكە پێی باشە سوننەكانیش ئاوڕیان لێبدرێتەوە و ناوچەكانیان ئاوەدان بكرێتەوە و دەسەڵاتێكی لامەركەزیشیان پێ بدرێ لە بواری ئەمنی و ئابووری.
8- ناوبژیكردن لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكان، چونكە راپۆرتەكە پێیوایە درێژەكێشانی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هەم لە زیانی هەردوولایانە و هەم لە زەرەری بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكایە.
9- هەروا راپۆرتەكە پێی باشە ئاسایشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم (ناوچە جێناكۆكەكان) بە هاوبەشی لەنێوان هەولێرو بەغدا بەرێوەببرێن و ئارامیی لەو ناوچانە پارێزراو بێت.
10- هەروا دەڵێت لەسەر ئەمەریكا پێویستە نە لایەنگری سەربەخۆیی كوردستان بێت نە دژی بوەستێتەوە.
دوای نزیكەی 3 ساڵ چی كراوە؟
بێگومان ئەو راپۆرتە كە لە ساڵی2016 دەستی پێكراوەو لە ساڵی 2017 تەواوبووە لە ژێر كاریگەرێتی بارودۆخی ئەوكاتە نووسراوەتەوە، كە هەرێمی كوردستان هێشتا بریاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەدابوو. هەروەها هێشتا هێرشی بەغداش بۆ سەر كەركووك ئەنجام نەدرابوو، ئێستاش دوای نزیكەی سێ ساڵ جێبەجێكردنی زۆرێك لەو بەندانە لە واقیعدا دەبینین، لەوانە كردنەوەی رێگەی بازرگانی عێراق و ئوردن، چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان بۆ وەدەرنانی ئێران لە عێراق، هەوڵدانیان بۆ لەیەك نزیككردنەوەی هەولێر و بەغدا و چارەسەری كێشەكانیان بە تایبەتی كێشەی ئەمنیی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم و مەسەلەی هەناردەكردنی نەوت و بودجە، هەروەها بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان كە یارمەتییەكانیان بۆ هیزی پێشمەرگەو مەشق و راهێنانكردن بە هێزی پێشمەرگە بەردەوامە، دواجار هاتنی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لە 2019/1/23 لە بنكەی سەربازی (عەین ئەسەد)ەوە راستەوخۆ بۆ هەولێر و كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فەرامۆشكردنی بەرپرسانی بەغدا بەڵگەیەكی زۆر بەهێزە كە ئەمەریكا هەرێمێكی كوردستانی بەهێزی دەوێ.
هاوكات ئەمەریكا بە بارودۆخی ئێستای بەغدا ئاسودە نییە، هەر بۆیە نە سەرۆكی ئەمەریكا (كە لە سەرەتای 2019 هاتە عێراق) و نە جێگرەكەی لە 2019/11/23 سەردانی بەغدایان نەكردو هیچ بەرپرسێكی باڵای عێراقیان نەبینی، هەروەها پشتیوانی خۆشیان بۆ خۆپیشاندانەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەربڕ، یوە و داوایان لە حكوومەتی عێراق كردووە داخوازییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بكات، خۆپیشاندەرانیش داوای دەركردنی ئێران لە عێراق دەكەن لەگەڵ لەسەركار لاچوونی ئەم حكوومەتە، لەگەڵ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە بنەرەتییەكان، ئەمەریكاش راستەوخۆ داوای لە حكوومەتی بەغدا كردووە كۆتایی بە نفوزی ئێران لەناو عێراق بهێنێ، هەروەها بە ناڕاستەوخۆش پێیدەڵێت لەسەر داوای خۆپیشاندەران بڕۆ و دەسەڵات بەجێبهێڵە، بۆیە پێشبینی دەكرێ ئەمەریكا رۆڵێكی كاریگەر بگێڕێت لە ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە بارودۆخی سیاسی عێراق.









