راپۆرت: سۆلین سلێمان
پێشەنگای رستن و چنین پێشەنگایەكە لە نێو قەڵای هەولێر كراوەتەوە بە مەبەستی نمایشكردن و فرۆشتنی ئەو مافورانەیە كە لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێن و هەموویان كاری دەستین، دلێر تەها خاوەنی ئەو پێشانگایەیە و فەرمانبەرە لەسەر میلاكی وەزارەتی رۆشنبیری لە پێشەنگای سەر قەڵا، ئەو دەڵێت: ئەو پێشەنگایە كە پێشەنگای رستن و چنینە لە ساڵی2011 ـەوە دامەزراوەو خەریكی بەرێوەبردنی ئەو پێشەنگایەین بە مەبەستی نمایشكردنی ئەو بەرهەمە ناوخۆییانە، چونكە هەموو ئەو مافورانەی نێو ئەو پێشەنگایە كاری دەستین و ئەرك و ماندووبوونێكی زۆری پێویستە بۆ دروستكردنیان، بەهۆی ئەوەی لە كارگەكانی خۆمان دروستی دەكەین. دلێر تەها دەشڵێت: كارگەكانمان لە چەند شوێنێكی جیاوازەوە دانراون، یەكێكیان لە بەحرەكەیە و یەكێكیش لە رەواندزە و لە شاری كۆیە و هەریریش كارگەمان هەیە. ئەو گوتیشی: ئەو مافورانە هەم بە مەبەستی نمایشكردن و و هەمیش بە مەبەستی فرۆشتنیان نمایش كراون ، خەڵك رۆژانە دێن سەردانمان دەكەن هەندێكیان تەنها بۆ مەبەستی سەیركردن دێن و هەندێكیشیان بە مەبەستی كڕینیان روو لەو پێشەنگایە دەكەن. دلێر تەها ئاشكراشی كرد كە خەڵكە بیانییەكان زیاتر سەردانیان دەكەن، ئەو گوتی: چونكە بەلایانەوە شتانێكی سەرنجڕاكێشن و بەهۆی ئەوەی نرخەكانیان بەرزن، بۆیە بیانییەكان زیاتر دەیكڕن. لە وەڵام بەو پرسیارەی ئایا لە داهاتوودا بیر لەوە كراوەتەوە كە بۆ دەرەوەی وڵات بەهەمەكانیان هەناردە بكەن؟ ئەو دەڵێت: نەخێر تا ئێستا ئەوەمان بۆ نەرەخساوە كە بتوانین هەناردەی دەرەوەی وڵات بكەین، پێویستە حكوومەت هاوكارمان بێت تا بتوانین هەناردەی وڵاتە بیانییەكان بكەین. ئاماژەی بەوەش دا كە ئەو مافورانە بەشێكیان ئاوریشمن و لە سەر داوای خەڵك دروستان دەكەین و بە هۆی ئەوەی هەندێك لە پێداویستە سەرەكیەكانی بۆ دروستكردنی مافورەكان و چونكە كاری دەستیشە بۆیە نرخیان گرانن. گوتیشی: پێمان خۆشە زیاتر ئاسانكاریمان بۆ بكرێت، تا بتوانین بەشداربین لە پێشەنگا نێودەوڵەتیەكان یان ئەو پێشەنگایانەی لە دەرەوەی وڵات دەكرێنەوە و بتوانین وەك هەرێمی كوردستان بەشداربین لەو جۆرە پێشەنگایانە، چونكە تا ئێستا تەنها لە پێشەنگا ناوخۆییەكان بەشداریمان كردووە. لە كۆتاییدا خاوەنی ئەو پێشەنگایە دەڵێت: هیوادارم ئەو پێشەنگایە زیاتر فراوان بكرێت و بتوانرێت شوێنەكەمان بۆ گەورەتر بكرێت، چونكە لە ئێستادا بەهۆی بچووكی شوێنەكەمان نەمانتوانیووە هەموو مافورەكان نمایش بكەین.
سهرهتا چاوپێكهوتن »خەبات« پێشانگای رستن و چنینی كوردەواری لە قەڵای هەولێر بەسەر دەكاتەوە









