خەبات ــ هاوار مورتكەیی
نەخۆشخانەی پسپۆری نەشتەرگەری- سەنتەری دڵ مژدەی ئەوە بەهاوڵاتیان رادەگەیەنێت كە تازەترین دوو ئامێری پێشكەوتووی قەستەرە دەگاتە هەولێر و ئەمە یەكەمین جارە دوو ئامێری لەمشیوەیە بگاتە هەرێمی كوردستان، و ئێستاش تیمە تەكنیكییەكانی سەنتەری دڵ خەریكی دامەزراندنی ئەو دوو ئامێرەن بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا پێشوزای لە نەخۆشاندا بكات، ئەم دوو ئامێرە لە ئامێرە تازەكانی قەستەرەی جیهانییە كە ئەمرۆ لە نەخۆشخانە پێشكەوتووەكانی جیهان سوودی لێوەردەگیرێت، كە چەندین تایبەتمەندی گرنگی تێدایە دەتوانرێت بۆ نەخۆشیییەكانی دل سوودی لێ وەرگیریت و چیتر نەخۆش بۆ چارەسەری رەوانەی دەرەوەی وڵات نەكرێت، لەم راپۆرتەدا زیانیاری زیاتر لەبارەی گەیشتنی ئەم دوو ئامێرە دەخەینە روو.
لیزەری سووتاندنی دەماری دڵ
لەمبارەیەوە د. كامیل نامق بەڕێوەبەری سەنتەری دڵ ئاماژە بەو دوو ئامێرە دەكات و دەڵێت: پیخۆشحاڵین كە رایبگەیەنین، كە دوو ئامێری نوێی قەستەرە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ نەخۆشخانەكەمان دابین كرا، كە ئێستا خەریكی بەستانیانین، ئەو ئامێرانە قەستەرە و شەبەكە و بالۆنی پی ئەنجام دەدرێت، لەهەمووی گرنگتریش ئەو ئامێرانە ئەركێكی دیكەی هەیە كە دەتوانێت سوودی لێوەرگرین ئەویش ئەبلیكەیشنێكی (لیزەری سووتاندنی دەماری دڵ) لەگەڵە بۆ ئەوانەی لەناكاو دڵە لەرزە یان دڵیان خێرا لێدەدات، كە جاران ئەو جۆرە نەخۆشانەمان رەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرد، ئێتسا ئەو ئامێرە لێرە دەتوانێت چارەسەری ئەو جۆرە نەخۆشانە بكات، لەماوەی داهاتوودا دەست دەكەین بە ئەبلەیشن، ئەوانەی بەلیزەر چارەسەری دڵیان بۆ دەكرێت، دەماری زیادیان هەیە و لەناكاو تووشی دڵەراوكێ دەبن، دڵیان زیاد لەپێویست لیدەدات، سەرەنجام فشاری خوینیان دادەبەزی و دوور نییە تووشی چەندین نەخۆشی لەناكاوی دڵیان بكات، ئیتر لەمەودوا ئەو ئامێرە دەتوانێت چارەسەری ئەم حالەتە بكات و پێویست نەكات نەخۆش بنێردرێتە دەرەوەی وڵات.
خزمەتی زیاتر بە نەخۆش
دواتر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پسپۆری نەشتەرگەری ــ سەنتەری دڵ ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەم دوو ئامێرە زۆر پێشكەوتوون و دروستكردنی ئەمساڵە، بۆ كاركردن لەسەر ئەو دوو ئامێرە كادیری تەواومان هەیە و بڕیاریشە چەند پزیشكێك خولی تایبەتی و راهێنانیان بۆ ئەنجام دەدرێت، بەزیادكردنی ئەم دوو ئامێرە ئەوا لە سەنتەرەكەماندا دەبێتە4 ئامێر، واتە دەتوانین زیاتر خزمەت بەنەخۆشان بكەین، پێشتر تەنها دوو پزیشك دەیتوانی كاربكات، بەڵام ئێستا4 پزیشك رۆژانە دەتوانن ئیش لەسەر هەر چوار ئامێر بكەن، ئەگەر پێشووتر20 قەستەرەمان كردبیت ئەوا ئێستا رۆژانە دەتوانین40 قەستەرە ئەنجام بدەین واتە دوو ئەوەندەی جاران، هیوادارین كەس پێویستی پێیان نەبێت، ئامێرەكان چەسپ كراون و لە دوو هەفتەی داهاتوودا دەتوانین سوودیان لێوەرگرین، ئەو ئامێرانی پێشووتریش كۆن ببون و هەندی تایبەتمەنی هەبوو كە ئامێرە كۆنەكان نەیاندەتوانی سوود بەنەخۆش بگەیەنن، بەڵام بەدابینكردنی ئەم دوو ئامێرە پێشكەوتووە، دەتوانین زیاتر خزمەت بەنەخۆشانی دڵ بكەین، لە 2005ەوە هەر بە دوو ئامێر كاری قەستەرەمان ئەنجام دەدا، بەردەوام بووین لەسەری تا بەهەوڵی حكومەت توانرا دوو ئامێری پێشكەوتووتریش دابین بكرێت.
700 فەستەرە لە مانگێكدا
د. كامیل نامق باسی لەوەكرد كە نەخۆشخانەكەیان لەماوەی مانگێكدا نزیكەی700 قەستەرەمان ئەنجام دەدا، ئەمە جگە لەحالەتی لەناكاو كە شەوانی درەنگ سەردانمان دەكەن، ئەوانەی كەتووشی سەكتە دەبن، كە پێی دەڵێن قەستەرەی خێرا بۆ دووركەوتنەوەی ئەو نەخۆشە لە مردنی ماسولكەكانی دڵ، چونكە ئەوكاتەی كە دەگاتە لامان یەكسەر دەمارەكەی بۆ دەكەینەوە، پزیشكی ئێشكگر بەردەوام ئامادەیە هەركاتیك پیویست بێت قەستەرەكەی بۆ دەكریت، ئەو كەسەی جەلتە لێی دەدات6 كاتژمیری دەوێت و دوای3 كاتژمێر كارەكە كەمیك سەخت دەبێت، بەڵام ئەو حالەتانە چەندی زووتر بگەنە لامان دەتوانین دەمارەكەی بۆ بكەینەوە، خۆشەختانە لێرە هەموو پێداویستییەكیش بەتایبەتی لە دەرمان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆمان دابین كراوە لەوە دڵخۆشتریش سەنتەرەكەمان لەبەر نەبوونی دەرمان نەوەستاوە، كە لەزۆر شوێن نەخۆشخانەكان دەرمانیان نییە و وەستاون.
پزیشكی ئەڵمانی دێنە لامان
بەڕێوەبەری سەنتەری دڵ لەبارەی پەیوەندییان بەنەخۆشخانە و سەنتەرەكانی دونیا گوتی: ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ نەخۆشخانەكانی جیهان هەیە، بەتایبەتیش لەگەڵ نەخۆشخانەكانی ئەڵمانیا، لەم یەك دوو رۆژە پزیشكێكی ئەڵمانیمان بۆ دێت كە پسپۆرە لە قەستەری منداڵان، كە هەندێ لەو منداڵانەی قەستەرەیان پێویستە و ئەنجامدانی ئەو قەستەرەیەش لای پزیشكانی ئیمە كەمیك زەحمەتە، پزیشكی شارەزاتری دەوێ، لێرە ئەوانە ئەو قەستەرانە دەكەن و لەهەمان كاتیش راهێنان بە پزیشكانی ئێمە دەكەن بۆ پێدانی شارەزایی زیاتر، هەروەها ئەوانیش سوود لە ئیمە دەبینن، چونكە ئەو جۆرە نەخۆشانە لێرە هەن، لەوێ زۆر دەگمەنن، لێرە نەخۆش زۆرن، جگە لەمەش ئێمە تەنها قەستەرە و بالۆن ئەنجام نادەین، بەڵكو ئەو منداڵانەی دڵیان كونە چارەسەری ئەوانیش دەكەین، گەورەترین كونی دڵ لێرە پزیشكانمان دەتوانن كونەكان بچووك بكەنەوە.
وەرزشكردن لەنەخۆشییەكانی دڵ دوورت دەخاتەوە
لەكۆتاییدا د. كامیل نامق بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پسپۆری نەشتەرگەری دڵ ئاماژەی بە زیادبوونی نەخۆشییەكانی دڵ كرد و ئەمەی گێرایەوە بۆ ئەوەی كە هەندێ رێكار هەیە وەك پیویست هاوڵاتیان پەنای بۆ نابەن لەوانە وەرزشكردن و جولە، بەداخەوە جوولەی مرۆڤ زۆر كەمبۆتەوە هەوەها فاست فوود و چەوری خواردن و جگەرە و نەرگەلە كێشان هەمووی ئەمانە نەخۆشییەكانی دڵی لێدەكەوێتەوە، هەندیكیش حالەتیكی وراسیە، هەربۆیشە ریژەكە لەزیادبوونە، بۆیە وەرزش و جولە لەنەخۆشییەكانی دڵ دوورت دەخاتەوە، راستە ریژەی تووشبووانی نەخۆشی دڵ زۆر بووە بەڵام مەترسیدار نییە بەشێوەیە، چونكە زوو جۆرەكەی دەستنیشان دەكریت، ئەو ئامێرەی سی تی سكانی پێشكەوتوومان هەیە زوو ئەو جۆرە نەخۆشیانە دەستنیشان دەكات، كە ئەمەش وەك قەستەرە وایە، رۆلی دەستنیشان دەبینێت نەوەك وەك چارەسەر.
سهرهتا بهدواداچوون بەڕێوەبەری سەنتەری دڵ: جاران كە ئەم ئامێرانەمان نەبوو، ناچار نەخۆشمان رەوانەی دەرەوەی...









