سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی سەردانی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەولێر، ناڕاستەوخۆ وەڵامی سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر دەداتەوە.

دوای سەردانە دوو کاتژمێرییەکەی بۆ بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەبێ چوونە بەغدا، ئێوارەی رۆژی شەممە 23-11-2019 گەیشتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

دوای ئەو سەردانەی پێنس، حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق (2014-2018) و سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاند، رەخنەی لە پێنس گرت پێی وابوو لەسەر حیسابی بەغدا گرنگیی بە هەولێر داوە.

نووسینگەی راگەیاندنی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، حکوومەتی عێراق ئاگاداری تەواوی وردەکاریی سەردانەکە بووە و رێگای پێ داوە.

نووسینگەی عەبدولمەهدی هەروەها رایگەیاندووە، کە سەردانەکە لەچوارچێوەی بەسەرکردنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەنجام دراوە و چوونە هەولێریش بە رێککەوتن بووە.