خەبات: هەولێر
لە هەرێمی كوردستان سێ بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی ژنان و منداڵان لەهەریەك لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك هەیە كە تایبەتە بەو ژن و منداڵانەی بە تاوانی جۆراوجۆر سزا دەدرێن و وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش نیگەرانە لە بچووكی شوێنی ئەو سزادراوانە و هاوكات رایدەگەیەنێت كە ژمارەی سزادراون بەرزبووەتەوە و بەڕێوەبەری چاكسازی ژنان و منداڵان لە هەولێر ئاشكرای دەكات كە ماوەی ساڵێك دەبێت رێژەیەكی زۆر ئافرەت بە تاوانی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر سزادراون و هۆكاری بەرزبوونەوەی ئەو رێژەیەش بۆ وڵاتانی دەوروبەر دەگەڕێنێتەوە.
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كوێستان محەمەد دەڵێت: ئەم شوێنانە بۆ رێژەیەكی دیاریكراو دروستكراون و ئێستاش ژمارەكان زیادیاندكردووە، لە هەمانكاتدا پێویستە ماددەكانی تاوان لە ژوورەوە پۆڵین بكەین و تاوانباران لەیەكتر جیابكەینەوە.
بەڕێوەبەری چاكسازی ژنان و منداڵان لە هەولێر تەیب عەبدولعەزیز گوتی: ساڵێك دەبێت دۆسیەكانی تایبەت بە بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بە شێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە و ئەمەش هۆكارەكەی بۆ سنوورەكانی وڵاتانی دراوسێ دەگەڕێنینەوە كە لەوێیەوە دێنە هەرێمی كوردستان.
لەمیانی سەردانیكردنی بۆ بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی ژنان و منداڵان لە هەولێر، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كوێستان محەمەد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا گوتی: ئامانجی سەردانەكەمان بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە كە یەكەمیان لە بارودۆخی زیندانەكان بپێچینەوە و بزانین پێداویستییەكان و مامەڵەی كارمەندەكان لەگەڵ زیندانەكان چۆنن، دووەمیشیان بەسەركردنەوەی بەشەكانی ناو زیندان و چاودێریكردنی دەوامی فەرمانبەران بۆ ئەوەی سەرپەرشتی ئەو چاكسازیانە بكەین كە لەچوارچێوەی پلانی وەزارەتماندایە.
كوێستان محەمەد گوتیشی: هۆكارێكی دیكەی سەردانەكەمان بابەتی شوێنی زیندانییەكانە، چونكە ئەم شوێنانە بۆ رێژەیەكی دیاریكراو دروستكراون و ئێستاش ژمارەكان زیادیان كردووە، لە هەمانكاتدا پێویستە ماددەكانی تاوان لە ژوورەوە پۆڵین بكەین و تاوانباران لەیەكتر جیابكەینەوە.
لەبارەی ژمارەی زیندانەكان لەناو بەڕێوەبەرایەتییەكانی چاكسازی ژنان و منداڵان، كوێستان محەمەد گوتی: بەشێكی زۆریان ئەوانەن كە لە ناوەڕاست و باشووری عیراق هاتوون و لێرە بە ماددەی تیرۆر گیراون و بۆ ئەم مەبەستەش دەمانەوێت لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و حكوومەتی عێراق هەماهەنگی بكەین بۆ گواستنەوەی زیندانەكان بە پێی پێویست.
بەڕێوەبەری گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئەحمەد نەجمەدین ئەحمەد گوتی: لە هەرێمی كوردستان شەش بەڕێوەبەرایەتی هەیە لە هەولێر سلێمانی و دهۆك، سەرجەم ئەو كەسانەی كە تیایندا بەندكراون بریتیین لە نزیكەی چوار هەزار و 600 سزادراو بە پیاو، ژن و منداڵ.
هاوكات بەڕێوەبەری چاكسازی ژنان و منداڵان لە هەولێر تەیب عەبدولعەزیز هۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی رێژەی ئەو كەسانەی بە تاوانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون و جەخت لەوە دەكاتەوە لەماوەی یەك ساڵی رابردوو ژمارەی ئەو كەسانەی بە تاوانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون روو لە هەڵكشانە و وڵاتانی دەوروبەریش بە هۆكار دەزانێت.
بەڕێوەبەری چاكسازی ژنان و منداڵان لە هەولێر تەیب عەبدولعەزیز گوتی: لە بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی 14 هۆبە هەیە كە لە بوارە جیاجیاكان خزمەت بە زیندانییەكان دەگەیەنێت و ئەوانیش بریتین لە بەشەكانی قوتابخانە، بنكەی تەندروستی، كتێبخانە، هۆڵی فێركاری، یاریگا، بەشی فێربوونی میوزیك و چەند بەشێكی دیكەش كە هەموو بەشەكان دەتوانن سوودی لێ وەرگرن.
تەیب عەبدولعەزیز گوتیشی: لێرە سێ بەش هەیە كە بریتیین لە بەشی سزادراون، راگیراوان و بەشی منداڵان كە ژمارەیان 359 كەسە و لەو ژمارەیەش 300 كەس لە بەشی راگیراوان و سزادراوانن و 59 منداڵیش لە بەشی منداڵانن، ئەو منداڵانەیش كە لەگەڵ دایكیان گیراون.
لەبارەی ئەو تاوانەی كە زۆرترین كەسی پێ سزادراوە و لە زیندانەكانی چاكسازی ژنان و منداڵان، تەیب عەبدولعەزیز گوتی: ساڵێك دەبێت دۆسیەكانی تایبەت بە بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بە شێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە و ئەمەش هۆكارەكەی بۆ سنوورەكانی وڵاتانی دراوسێ دەگەڕێنینەوە كە لەوێیەوە دێنە هەرێمی كوردستان.









