پارێزەر عومەر سەیدزادە
لەسەر داوای خۆپیشاندەرانی عێراق پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ پێداچوونەوە بە دەستوور بەمەبەستی هەمواركردنەوەی، خەڵكی كوردستانیش جۆرێك نیگەرانی دایگرتوون، چونكە لە بەغداوە جاربەجار دەنگی نەشاز دژ بە مافەكانی خەڵكی كوردستان دەبیسترێت و هەندێ سیاسەتوان و پەرلەمانتاری عێراقیش بە ئاشكرا دژایەتی خۆیان بۆ فیدراڵی و مافەكانی خەڵكی كوردستان دەربڕیوە، ترس هەیە ئەوانە ئەم هەلە بقۆزنەوەو لە جیاتی قووڵكردنەوەی دیموكراسییەت سیستەم بەرەو سەنترالیزم ببەن، لەسەر حیسابی مافەكانی كورد و خەڵكی كوردستان، جا ئایا دەتوانن ئەمە بكەن؟ ئایا عەرەب بە پشبەستن بە زۆرینەیان لەناو پەرلەمانی عێراق و لەسەر ئاستی عێراق، دەتوانن هەمواركردنەكە بە دڵی خۆیان ئەنجام بدەن و بەسەر خەڵكی كوردستانیشی بسەپێنن؟ ئەوانە ئەو پرسیارانەن ئەمڕۆ مێشكی زۆربەی خەڵكی كوردستانیان داگیركردووەو بە دوای وەلێمیدا دەگەڕێن، لێرەشدا ئێمە دەمانەوێ وەلێمێكی ئەو پرسیارانە بدەینەوە، بۆ وەڵامدانەوەشیان پێویستە سەرەتا ئەو میكانیزمە روون بكەینەوە كە دەستووری عێراق دەستنیشانی كردووە بۆ ئەنجامدانی هەمواركردنەوەی دەستوور. لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا دوو ماددە باس لە چۆنیەتی ئەنجامدانی دەستوور دەكەن، ئەوانیش ماددەكانی (126)و ماددەی (142)ن، واچاكترە سەرەتا دەقی ماددەكان وەك خۆیان بنووسینەوە، لەگەل روونكردنەوەیەكی كورت دەربارەی ناوەڕۆكەكەی: ماددەی 126 دەستوور: یەكەم: بۆ سەرۆك كۆما رو ئەنجومەنی وەزیران هەیە پێكەوە یاخود بۆ پێنج یەكی (5/1) ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە پێشنیاری هەمواركردنی دەستوور بكەن. دووەم: ناكرێت پرەنسیپە بنەڕەتییەكانی هاتوو لە دەروازەی یەكەم و ماف و ئازادییەكانی هاتوو لە دەروازەی دووەم لە دەستوور هەموار بكرێن تەنها لە دوای دوو خولی هەڵبژاردنی یەك لە دوای یەك نەبێت و لەسەر بنەمای رەزامەندی دوو لەسەر سێ (3/2)ی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و رەزامەندی گەل لەسەری بە راپرسی گشتی و پەسەندكردنی سەركۆمار لە ماوەی حەوت رۆژدا. سێیەم: ماددەكانی تری كە لە بەندی (دووەم)ی ئەم مادەیە نەهاتووە نابێت هەموار بكرێن بەبێ رەزامەندی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و رەزامەندی گەل بە رێگەی راپرسی و پەسەندكردنی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە لە ماوەی حەوت رۆژدا. چوارەم: نابێت هیچ هەموار كردنێك لە ماددەكانی دەستوور بكرێن كە ببێتە هۆی كەمكردنەوەی دەسەلێتەكانی هەرێمەكان، ئەو دەسەلێتانەی تایبەت نین تەنها بە دەسەلێتی فیدرالیەوە، بەبێ رەزامەندی دەسەلێتی یاسادانان لە هەرێمی پەیوەندیدار و رەزامەندی زۆرینەی دانیشتووانەكەی بە رێگەی راپرسی. پێنجەم:- أ-هەمواركردنەكە بە پەسەندكراو دادەنرێت لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە لە دوای كۆتایی هاتنی ئەو ماوەیەی بە دەق هاتووە لە بەندی (دووەم)و (سێیەم) لەم ماددەیە لە حاڵەتی پەسەند نەكردنی. ب- هەمواركردنەكە بە بەركار دادەنرێت لە رۆژی بلاو كردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی. بەپێی ئەم ماددەیە هەر هەمواركردنێك لە دەستووردا بكرێت دەبێت بەم مەرج و هەنگاوانە بێت:- 1- سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران پێكەوە بۆیان هەیە پێشنیاری هەمواركردنەوەی دەستوور بكەن. 2- هەروا یەك لەسەر پێنجی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش (واتە 66 ئەندام) بۆیان هەیە پێشنیاری هەمواركردنەوەی دەستوور بكەن. 3- ئەوەی لە دەروازە (باب)ی یەكەمی دەستووردا هاتووە، واتە مادەكانی (1 – 13) هەروا ئەوەی لە دەروازەی (باب)ی دووەمی دەستووردا واتە لە ماددەكانی (14- 46) هاتووە نابێت هەموار بكرێنەوە تاكو دوو خولی هەڵبژاردنی لەسەر یەك تێنەپەڕێت، واتە لە دوای خولی سێیەمی هەڵبژاردنەوە دەكرێت ئەوانیش هەمواربكرێنەوە، ئێستاش ئێمە لەناو خولی چوارەمی هەڵبژاردنی عێراقین، بۆیە دەكرێ ئێستا سەرلەبەری ماددەكانی دەستوور هەموار بكرێنەوە. 4- هەمواركردنیش دەبێ بەم هەنگاوانە تێپەڕ ببێت:- یەك: سەرەتا دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بە هەمواركردنەكە رازی بن، واتە (219 ئەندام) دوو: دواتر لە راپرسیەكدا زۆرینەی گەل (واتە 50 + 1)ی ئەوانەی بەشداری دەنگدان دەكەن، بە بەڵێ دەنگی پێ بدەن، بەلێم بەپێی بڕگەی (چوارەم)ی ئەم ماددەیە گرنگیەكی تایبەت بەو دەسەلاتانە دراوە كە تایبەتن بە دەسەلاتی هەرێمەكان یان لە دەسەلاتی هاوبەشی هەردوولادایە، چونكە دەستووری عێراق ئەو دەسەلاتانەی دیاری كردووە كە تایبەتن بە دەسەلاتی فیدراڵی كە لە مادەكانی (109 تاكو 113)ی دەستوور هاتووە، هەروا هەندێ دەسەلاتیشی دیاری كردووە كە هەردولا (ناوەند و هەرێمەكان و پارێزگاكانی رێكنەخراو لە هەرێمێكدا) لێی هاوبەشن كە لە ماددەی (114)ی دەستوور هاتووە، ئەوەی دەشمێنێتەوە بۆ دەسەلاتی هەرێمەكان و پارێزگاكانی رێكنەخراوە لە هەرێمێكدا (كەرتی یەكەمی ماددە 115)ی دەستوور، بەپێی ئەو بڕگەیە (چوارەم) ناكرێ ئەو ماددانە هەموار بكرێنەوە كە لە دەسەلاتی هەرێمەكان كەم دەكاتەوە بە دوو مەرج نەبێت كە ئەمانەن:- یەك: پەرلەمانی هەرێمی پەیوەندیدار یان پارێزگای پەیوەندیدارپێی رازی بێت. دووم: زۆرینەی خەڵكی هەرێمەكە یان پارێزگاكە لە راپرسیەكدا رەزامەندی لەسەر بدەن. واتە بە پێی ئەم ماددەیە لەكاتی هەمواركردنی دەستووری عێراقدا ئەگەر هەمواركردنەكە ماددەیەك یان زیاتری لەو ماددانە گرتەوە كە پەیوەندن بە دەسەلێتەكانی هەرێمی كوردستان و دەبووە هۆی كەمكردنەوەی دەسەلاتەكانی هەرێمی كوردستان تاكو پەرلەمانی كوردستان و دواتر خەڵكی كوردستان لە راپرسیەكدا پێی رازی نەبن، ئەو هەمواركردنە بە پەسەندكراو دانانرێت، كەواتە سەرەتا دەبێ پەرلەمان رەزامەندی خۆی لەسەر بدات، ئەگەر پەرلەمان لەسەری رازی نەبوو ئەوا بە رەتكراوە دادەنرێت و پێویست ناكات بچێتە قۆناغی راپرسیەوە. بەو پێیە بەپێی ماددەی (126)ی دەستوور هەر هەمواركردنێك دەست بۆ دەسەلێتەكانی هەرێم ببات دەتوانرێت لەلایەن پەرلەمانی كوردستان و دواتر لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە بە زۆرینەی نیوە +1 رەت بكرێتەوە. ماددەی 142 دەستوور: ئەم مادەیە دەڵێت: یەكەم: ئەنجومەنی نوێنەران لە سەرەتای كاركردنیدا لیژنەیەك لە ئەندامانی پێك دەهێنێت كە نوێنەرایەتیی پێكهاتە سەرەكییەكانی كۆمەڵگای عێراقی بكات، ئەركەكەی ئەوەیە لە ماوەیەك كە لە چوار مانگ تێپەڕ نەكات راپۆرتێك بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەرز دەكاتەوە، كە راسپاردەكانی تایبەت بەو هەموارانەی پێویستن لە دەستوور ئەنجام بدرێن لە خۆ دەگرێت، دوای یەكلاییكردنەوەی پێشنیارەكانیشی لیژنەكە هەڵدەوەشێتەوە. دووەم: هەموارە پێشنیاركراوەكان لەلایەن لیژنەكە بە یەك پاكێج دەخرێتە روو لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگ لەسەردان، بەرەزامەندی رەهای ئەندامانی ئەنجومەن بە بڕیار لەسەردراو دادەنرێت. سێیەم: ماددە هەموار كراوەكان بەپێی ئەوەی لە بەندی (دووەم)ی ئەم ماددەیە هاتووە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەخرێتە بەردەم گەل بۆ راپرسی لە ماوەیەك زیاتر نەبێت لە دوو مانگ لە بەرواری پەسەندكردنی هەمواركردنەكە لە ئەنجومەنی وەزیران. چوارەم: بە رەزامەندی زۆرینەی دەنگدەران راپرسی لەسەر ماددە هەمواركراوەكان بە سەركەوتوو دادەنرێت، ئەگەر دوو لەسەر سێی دەنگدەرانی سێ پارێزگا یاخود زیاتر رەتی نەكەنەوە. پێنجەم: ئەوەی لەم ماددەیەدا هاتووە، لە ئەحكامەكانی ماددەی (126) كە پەیوەندارە بە هەمواركردنەوەی دەستوور بەدەر دەكرێت، تاكو ئەو هەمواركاریانەی لەم ماددەیە دەقنووس كراوە كۆتاییان دێت. بەپێی ئەم ماددەیە: هەمواركردنەكە بەم جۆرەیە:- 1- ئەنجومەنی نوێنەران لە سەرەتای كاركردنیەوە، لیژنەیەك پێك دەهێنێت بۆ نووسینەوەی ئەو هەموارانەی بە پێویست دەزانرێ. 2- ئەو لیژنەیە لە ماوەی چوار مانگدا (دوای پێكهێنانی لە یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق) كارەكانی تەواو دەكات و راپۆرتی خۆی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەرز دەكاتەوە. دوای یەكلاییكردنەوەی پێشنیارەكانی لیژنەكە هەڵدەوەشێتەوە. 3- پێویستە (نیوە + 1)ی ئەندامانی ئەنجومەن رەزامەندی لەسەر بدەن تاكو هەموارەكە بە پەسەندكراو دابنرێت. 4- دوای پەسندكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە دەبێ لە ماوەی دوو مانگدا راپرسیەكدا بخرێتە دەنگدانەوە. 5- ئەگەر زۆرینەی دەنگدەران پێی رازی بوون ئەوا هەموارەكە بە قبووڵكراو دادەنرێت بەو مەرجەی دوو لەسەر سێی سێ پارێزگا یان زیاتر رەتی نەكەنەوە. 6- ئەو هەموارەی ئەم ماددەیە بڕیاری لەسەر دراوە بەدەرە لە ئەحكامەكانی مادە 126. 7- بەپێی ئەم ماددەیە ئەگەر دوو لەسەر سێی دەنگدەرانی سێ پارێزگای هەرێمی كوردستان هەمواركردنەوەكەیان رەتكردەوە ئەوا هەمواركردنەكە بە رەتكراوە دادەنرێ. لێرەدا دەبینین ئێمە لەبەردەم دوو ماددەی جیاوازین سەبارەت بە هەمواركردنەوەی دەستوور، ئەوەش ئەو پرسیارە دروست دەكات، ئایا ماددەی 126 لە چ كاتێكدا پیادە دەكرێ و ماددەی 142 لە چ كاتێكدا پیادە دەكرێ؟ بۆچی ئەو دوو ماددەیە دانران؟ بێگومان ئەحكامەكانی ماددەی 126 حوكمی گشتین، بەلێم ئەحكامەكانی ماددەی 142 تایبەتن و (استسنایە)، تایبەتە بە قۆناغێكی زەمەنی دیاریكراو، تایبەتە بەو بارودۆخەی كە دەستووریدا تێدا نووسرایەوە. لەكاتی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی 2005 سوننەكان كە بە گۆڕینی رژێمی بەعس رازی نەبوون، داواكاریان زۆر بوو، ناكۆكی گەورە لەنێوان بۆچوونی سوننە و شیعە و كورد دروست ببوو، گەیشتبووە ئەوەی نووسینەوەی دەستوور بە بنبەست بگات، لە هەمان كاتیشدا دەبوایە نووسینەوەی دەستوور لەو ماوە زەمەنیەدا كۆتایی بهاتایە كە بۆی دیاریكرابوو، تاكو لە كاتی دیاریكراودا راپرسی لەسەری ئەنجام بدرێت، جا بۆ تێپەڕاندنی نووسینەوەی دەستوور و بۆ رازیكردنی سوننەكان بەڵێنیان پێیان دا كە دوای هەڵبژاردنی یەكەم پەرلەمان لیژنەیەك لە پەرلەمان پێك دەهێنرێ بۆ ئەوەی لە ماوەی 4 مانگدا هەمواری دەستوور بنووسێتەوە و بۆ پەرلەمان بەرزی بكاتەوە، بۆ خاتری رازیكردنی سوننەكان تاكو بەربەست دروست نەكەن، ئەم ماددەیان خزاندە ناو دەستوورەوە. كەواتە ئەوەی لە ماددەی 142 هاتووە بەو میكانیزمەی دیاریكراوە تەنیا تایبەتە بەو هەمواركردنەوەیەی كە دەبوایە ئەو لیژنەیە ئامادەی بكات كە لە ساڵی 2006 لەگەل دەستبەكاربوونی یەكەم پەرلەمانی عێراق پێكهێنرابوو نەك ئەو لیژنەیەی دواتر پێك دەهێنرێ، وەك ئەوەی ئێستا پێكهێنراوە، بێگومان ئەو لیژنەش كە لە ساڵی 2006 پێكهێنرا كارەكانی تەواو نەكرد، بۆیە ئەم ماددە دەستوورییە لەگەڵ پەككەوتنی ئەو لیژنەیە پەكی كەوتووە. بۆیە تاكە ماددەیەك كە دەستووری پێ هەموار دەكرێتەوە چ لە ئێستا و چ لە داهاتوودا تەنیا ماددەی 126 دەستوورە نەك ماددەی 142 مەگەر پەرلەمان بڕیار بدات هەمواركردنەكە بخاتە ژێر ركێفی ماددەی 142 ئەو كات ئەحكامەكانی ئەو ماددەیە لەسەر شێواز و هەنگاوەكانی هەمواركردن جێبەجێ دەكرێ، بەلێم پەرلەمانی عێراق كە لیژنەكەی پێكهێنا ئاماژەی نەكرد بەوەی ئەو لیژنەیە لە سایەی ماددەی 142 كارەكانی خۆی دەكات بۆیە كارەكانی لیژنەی تایبەت بە هەمواركردن دەكەوێتە ژێر حوكمەكانی ماددەی 126ی دەستوور. بەپێی ئەو ماددەیەش ئەگەر هەمواركردنەكە خۆی لەقەرەی دەسەلێتەكانی هەرێمی كوردستان دا و لە دەسەلێتەكانی كەمكردەوە ئەوا دەبێ سەرەتا پەرلەمانی كوردستان رەزامەندی لەسەر بدات، دوای ئەو ئەنجامە خەڵكی هەرێمی كوردستان لە راپرسیەكدا بە زۆرینەی نیوە +1 رەزامەندی لەسەر بدەن، ئەنجا بە پەسەندكراو دادەنرێت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، ئەنجا دەكرێ بخرێتە دەنگدانی گشتییەوە، گومانیشی تێدا نییە ئەوانە بەربەستگەلێكن كە زەمانەت دەدەنە خەڵكی كوردستان كە هەر هەمواركردنێك بچوكترین كەمكردنەوە لە دەسەلێتەكانی هەرێمی كوردستان بكات دەتوانێ رەتی بكاتەوە.









