خەبات: هاوار مورتكەیی
ڕێكخراوی دادپەروەری و ئاشتیی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی لە وڵاتی نەرویژ دامەزراوە، بەپێی یاسای ئەو وڵاتە مۆڵەتی فەرمی و كاركردنی وەرگرتووە، ئەم ڕێكخراوە كاردەكات بۆ بڵاوكردنەوەی كولتووری دادپەروەری و ئاشتیی جیهانی و جێبەجێكردنی پێوەری جیهانی لە بواری مافەكانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی، لەدیمانەیەكدا سەرۆكی ئەم رێكخراوە باس لە چەند تەوەریكی تایبەت بە دادپەروەری و یاسا نێودەوڵەتییەكان دەكات.
دەسەڵاتێكی دادوەری
سەرەتا موحسین محەمەد عەبدوڵلا سەرۆكی رێكخراوی دادپەروەری و ئاشتی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی باسیی بە پرۆژەی چاكسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە ئەمە ئاماژەیەكە بۆ بەڕێوەبردنی دادوەری لە دەسەڵاتدا و گوتی: ئامانجی رێكخراوەكەمان پشتیوانی كردنە لە دادپەروەری و سەروەی یاسا لە جیهان بەگشتی و لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، دیارە چاكسازی و سەروەری یاساش یەكێكە لە خاڵە هەرە گرنگەكانی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی دادوەری، دەستخۆشی لە هەر هەنگاوێكی چاكسازی دەكەین لە دژی گەندەڵی و كەمكردنەوە و نەهێشتنی ڕۆتین و زیاتر خزمەتكردن بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، لە پێناو پاراستنی ماڵ و سامانی گشتی كوردستان، بۆیە ئێمە لە ڕێكخراوەكەمان ئامادەیی خۆمان دەردەبڕین كە هاوكارێكی تەواوی بێلایەن و شۆڕشگێرێكی ڕاستەقینە بین بۆ پشتیوانیكردنی بەڕیز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دژی نەهێشتنی گەندەڵی و چاكسازی و پاكسازیكردن لەهەموو بوارەكانی تری سیستەمی بەڕێوەبردنی ئیشوكاری هاووڵاتیانی كوردستانی خۆشەویست.
هەستی نیشتمانی و دادپەروەری
دواتر سەرۆكی ئەم رێكخراوە زیاتر گوتی: هەر هەنگاوێك بە ئاڕاستەی چاكسازی بەدڵنیاییەوە كارێكی پیرۆزە و لە بەرژەوندی گەل و نەتەوە و حكوومەت و بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگای كوردی و بۆ بەهێزكردنی هەموو دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، مێژووی مرۆڤایەتی ئەو هەنگاوە پیرۆزانەی حكوومەتی هەرێم تۆماردەكات.
هیواخوازین كە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێزدار مەسرور بارزانی درێغی نەكات لەو چاكسازییەی دەستی پێكردووە و بەردەوام بێت تاكو دوا قۆناغ، هیواخوازین چاكسازییەكانی كابینەی حكوومەتی هەرێم ببێتە هۆی هاندانی لاوان و گەنجان و خاوەن بڕوانامەكان لە بوارە جیاوازەكاندا بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی هەستی نیشتمانپەروەری و دادپەروەری لە بەڕێوەبردنی وڵات.
لێپێچینەوەی یاسایی
دواتر موحسین محەمەد سەرۆكی ڕێكخراوی دادپەروەری و ئاشتی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی لەوەڵامی ئەو پرسیارەی كە چی بكرێت بۆ ئەوەی ئەو هەڵمەتە بەیاسایی و دادوەری بەردەوامی هەبێت گوتی: بەسیستەمكردنی هەموو دامودەزگانی حكوومەت و لێپێچینەوەی توند و یاسایی و دادپەرەروەرانە لەگەڵ گەندەڵكاران بكرێت بە پێی پلەی بەرپرسیاریەتی و سەرپێچییەكانیان لە یاساكانی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی، هەروەها دانانی كەسی شیاو لە شوێنی شیاو، وە لێكۆڵینەوەی دادپەروەرانە و سزای گونجاو و دادپەروەرانە بۆ كەسانی تاوانبار و كەمتەرخەم و گەندەڵ، لەهەمان كاتیش دەستخۆشی و پاداشت بۆ كەسانی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و كاراكردنی ڕۆڵی ڕێكخراوە ناوخۆیی و جیهانییەكان بۆ پاڵپشتی كردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو دابینكردنی دادپەورەری و ئاشتی جیهانی، دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە لەنێوان هاووڵاتیانی كوردستان و حكوومەت.
سهرهتا چاوپێكهوتن سەرۆكی ڕێكخراوی ئاشتیی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی: ئامادەین هاوكارێكی...









