كاروان محەمەد سینۆ
لە كاتێكدا پێشمەرگەی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوەدا بوون بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان دژی گەورەترین رێكخراوی تیرۆرستی لە جیهان كەبە (داعش) ناسرابوو و هێرشیان كردبووە سەر خاكی هەرێمی كوردستان لە رۆژئاوای هەولێری پایتەخت و دەشتی نەینەوا و باشووری پارێزگای دهۆك. لەو دەمەدا لەرێكەوتی (15ـی ئەیلوولی 2014) تیرۆرستانی خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام (داعش)،هەروەها هێرشێكی گەورە و بەربڵاویان كردە سەر رۆژئاوای خاكی كوردستان لە دەڤەری (كۆبانێ). هێرشی تیرۆرستان بۆسەر دەڤەری (كۆبانێ) بێجگەلەوەی خواستی فراوانكردنی پانتایی دەوڵەتە ئیسلامییەكەیان بوو، لەلایەكەشەوە تیرۆرستانی (داعش) خوازیاری ئەوەبوو كە ڕەگ و ڕەچەڵەكی كورد لە رۆژئاوادا لە ریشە دەربهێنن و كورد ئەنفال و جینۆساید بكەن و خەڵكەكەی شاربەدەر و ئاوارە و دەربەدەر بكەن، بۆ ئەوەی دەڤەركە لە بوونی كورد پاكتاو ببێت.
تیرۆرستانی (داعش) هێڕشیان كردە سەر كۆبانێ
رۆژی 15ـی ئەیلوولی 2014 تیرۆرستانی رێكخراوی دەوڵەتی خیلافەی ئیسلامی عێراق و شام، ناسراو بە (داعش) بە تۆپ و تانك و زرێپۆش و كاتیۆشا و هاون، هێرشێكی بەهێز و بەربڵاویان كردە سەر گوندەكانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای دەڤەری (كۆبانی) لە رۆژئاوای كوردستان، لەو رۆژەدا تیرۆرستان 21گوندی كورد نشینیان داگیر كرد و دەستیان نەپاراست لە كوشتن و سەر بڕینی پیر و گەنج و پیاو و ژن. پاش دوو رۆژ واتا لە 18/9/2014 تیرۆرستانی (داعش) 22 گوندی دیكەیان لە دەڤەرەكەدا داگیر كرد. لە 21/9/2014 تیرۆرستان بەهەمان شێوە و شێواز 64 گوندی دیكەیان داگیر كرد. لە 26/9/2014 تیرۆرستانی (داعش) گەیشتنە دەوروبەری شاری (كۆبانێ) و گردی “مشتەنور”یان داگیر كرد كە گردێكی ستراتیجی و زاڵە بەسەر شاری (كۆبانێ). بەم شێوەیە شاری (كۆبانی) كەوتە بەر هەڕەشەی كەوتن. لەئەنجامی هێرشی (داعش) بۆ سەر دەڤەرەی (كۆبانێ) 350 گوند و شارۆچكەی دەڤەری (كۆبانێ) داگیر كرا و ژمارەیەكی زۆری سڤیلی كورد كوژارن و ژمارەیەكی زۆریش بێ سەروشوێن بوون و 60000 كەس ئاوارە بوون. ژمارەی چەكدارانی (داعش) لەم هێرشەدا زیاتر لە 4000چەكدار بوو و تیرۆرستانی داعش لەم هێڕشەیاندا تانك و زرێپۆش و كاتیۆشا و دۆشكە و هاونی جۆراو جۆریان بەكار هێنابوو و دەستیان نەداپاراست لە بۆردوومان و كۆشتن و سەربڕینی خەڵك لەو هێڕشەیاندا. لە 1/10/2014 تیرۆرستانی (داعش) گەیشتنە نزیك (1كلم) لە دەروازەی شاری (كۆبانێ) و لەورۆژەدا زۆرینەی زۆری هاوڵاتیانی (كۆبانێ) شارەكەیان بەجێ هێشت. لە 2/10/2014 تیرۆرستانی (داعش) دەروازەی شاری (كۆبانێ) و دووگەڕەكی باشووری شارەكەیان داگیر كردا. لە رۆژی 3/10/2014 تیرۆرستانی داعش %50ی شاری (كۆبانێ)یان داگیر كرد و شەڕەكە كەوتە سەنتەری شارەكە.
رۆژی 4/10/2014 تیرۆرستانی (داعش) %85ی شاری (كۆبانێ)یان داگیر كرد و هەموو جیهان لە چاوەروانی ئەوەدا بوون كە لە ماوەیەكی كورتدا تەواوی شاری (كۆبانێ) لەلایەن تیرۆرستانی (داعش) داگیر دەكرێ و (كۆبانێ) دەكەوێ.
هەڵوێستی سەرۆك بارزانی بەرامبەر داگیر كردنی كۆبانێ
بەداخەوە لەو سەردەمە و لەوسات و ئانەدا كە شاری كۆبانێ لەبەردەم هەڕەشی كەوتن و داگیركردن دابوو و خەڵكەكەی رووبەرووی كوشتن و بێ سەروشوێنی و ئاوارەیی ببوون. لەوساتەدا هیچ وڵات و لایەن و كەسێك. هیچ هەڵوێستێكیان نەبوو بەرامبەر قڕان و قەڵاچۆكردنی كورد لە (كۆبانێ)، لەو دەمەدا بێجگە لە كورد بەهیچ شێوەیەك پێڵوی چاوی هیچ كەسێك تەڕنەبوو بەرامبەر قەڵاچۆكردنی كورد و سەربڕینی پیر و لاوانی كورد و كەنیزەكردنی كچانی رووسووری كورد لە (كۆبانێ). وەك ئەوەی بڵێی هەمووجیهان لە خەودابوون یاخود هەموو جیهان لە چاوەڕوانی ئەوەدابوون كەی شاری (كۆبانێ) دەكەوێ؟!. ئا لەو دەم و ساتەدا وەكو هەموو جارێك. فریاد رەس و خەمخۆر و هانا بەری كورد و قەیرانەكانی كوردستان تەنها جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بوو كە ئەوكات سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتی لەشكری كوردستان بوو، لە گوتەیەكیدا گەلی كوردی دڵنیاكردەوە و گوتی: “كۆبانێ ناكەوێ”. لەوساتەدا جەنابی سەرۆك بارزانی بڕیاریدا كە بەهەر شێوەیەك بێت بەفریا و هانای خەڵك و شاری (كۆبانێ)وە بچێت و رزگاریان بكات لە قەڵاچۆ كردن و كەوتن و داگیر كردن. لەم رووەوە جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو شیان و تواناكانی خۆی خستە گەڕ بۆ گوشار خستنە سەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوپەیمانانی شەڕی دژ (داعش) و وڵاتانی هەرێمی و ناوخۆ بەتایبەت لەسەر ئاستی (توركیا و عێراق) و لە 7/10/2014 سەرۆك بارزانی داوای لە وڵاتی توركیا كرد كە رێگە بەپێشمەرگەی كوردستان بدات كە بەخاكی توركیادا بچن بۆ رزگار كردنی كۆبانێ و رەزامەندییەكە وەرگیرا.
ئینجا لە چوارچێوەی رێكاری یاساییدا وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆك مسعود بارزانی لە نوسراواێكیدا بۆ پەرلەمانی كوردستان، داوای لە پەرلەمانی كوردستان كرد كە رەزامەندی خۆیان بخەنەروو بۆ جوڵەپێكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرەو شاری كۆبانێ لە پێناو رزگاركردن و فریادرەسی خەڵكی كۆبانێ لە جینۆساید و قەڵاچوكردن.
لەسەر داوای سەرۆك بارزانی پێشمەرگەی كوردستان بەرەوە كۆبانێ بەرێكەوتن
پاش ئەوەی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی داوای رەزامەندی پەرلەمانی كوردستان كرد بۆ جووڵە پێكردنی پێشمەرگەی كوردستان بەرەو رزگار كردنی شاری (كۆبانێ) لە داگیركردن. لە رۆژی 22/10/2014 پەرلەمانی كوردستان رەزامەندی دا بە جووڵەپێكردنی پێشمەرگەی كوردستان بۆ رزگاركردنی شاری (كۆبانێ). دەمودەست جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمانی بە پێشمەرگەی كوردستان كرد كە بەرەو شاری (كۆبانێ) بكەونە ڕێ و بۆ ئەم مەبەستە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی پێشتر میكانزم و رێكاری چوونی پێشمەرگە بۆ ناوخاكی توركیا بە ئاراستەی شاری (كۆبانێ) پلانڕێژ و فەراهەم كردبوو.
بەم شێوەیە لە رۆژی 28/10/2014 بەفەرمانی سەرۆك مەسعود بارزانی یەكەم دەستەی كاروانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە لە 161 پێشمەرگە پێك هاتبوون، بە ئۆتۆبێل و بارهەڵگری سەربازی و چەكی و قورس و سوك لە هەولێری پایتەختی كوردستانەوە بەرەو رزگاركردنی شاری (كۆبانێ) بەرێ كەوتن. شایانی باسە لە رۆژی 28/10/2014 تاكو رۆژی 29/4/2015 رۆژی رزگار بوونی (كۆبانێ)، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە چوار دەستە ئاڵوگۆری هێزەكانی خۆی كردبوو لە بەرەی جەنگدا. لەكاتی گەرانەوەی هەر دەستەیەكی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕی رزگاركردنی شاری (كۆبانێ)،خودی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی پێشوازی لە پێشمەرگەكان دەكرد و سوپاس و ستایشی رۆڵی پێشمەرگەكانی دەكرد لەهەست و هەڵوێستی نیشتیمانپەروەرییان و بەجێگەیاندنی ئەركی پێشمەرگایەتی بۆ رزگار كردنی شاری (كۆبانێ) لە داگیركەر و تیرۆرستانی (داعش).
لە هەولێرەوە تاكو (كۆبانێ) میللەتی كورد گوڵبارانی پێشمەرگەیان دەكرد
پاش ئەوەی سەرۆك بارزانی فەرمانی بە پێشمەرگەی كوردستان كرد كە رووەوە رزگاركردنی (كۆبانێ) جووڵە بكەن. لە رێ رۆی چوونی پێشمەرگە، هەر لە ناحیەی (خەبات)ـەوە خەڵكی نیشتیمان پەروەر رژانە سەر شەقام و بە فرمێسكی نیشتیمان پەروەرییەوە هێزی پێشمەرگەیان گوڵباران دەكرد و شیرینی ییان بەسەر ئۆتۆبێلی پێشمەرگەیان دەباراند. بە هەمان شێوە بەدرێژایی رێگای هەولێر ــ كۆبانێ هەڵوێستی خەڵكی نیشتیمان پەروەر هاوچەشن و هاو شێوە بوو، لە بەردەرەش. و روڤیا. و چڕە. و شێخان. و باعەدرێ. و دهۆك. و سێمێل. و زاخۆ، شیرینی و فرمێسكی خۆشی و گوڵ تێكەڵی یەكتر دەبوون و بەسەر پێشمەرگەدا دەبارین. هەروەها بەهەمان شێوە لەو دیوی (سنووری دەستكرد)، لە سلۆپی. و نسێبین. و قزلتەپە. و ئۆرفا. و سروجێ. و هەتا سنووری توركیا-كۆبانێ، بەهەمان شێوەی خەڵكی نیشتیمان پەروەری باشووری كوردستان، هەروەها خەڵكی باكوری كوردستانیش گوڵ و شیرینیان بە فرمێسكی نیشتیمان پەروەرییان تێكەڵ دەكرد و بەسەر پێشمەرگەیان دەباراند. بەم شێوەیە لە رۆژی 30/10/2014 پێشمەرگەی كوردستان چوونە ناو شاری كۆبانێ و دەمو دەست بەرامبەر تیرۆرستانی (داعش) بە نزیكەی 300 مەتر سەنگەری بەرگری و رزگار كردنیان داكوتی.
شایانی باسە لەبەر ئاپۆرا و پێشوازی و گوڵبارانی پێشمەرگە لەلایەن خەڵكی كوردستان لەباشوور و باكوور، هێزی پێشمەرگەی كوردستان دوورۆژ لە وادەی گەیشتن بۆ كۆبانێ (كە بۆیان دیاری كرابوو) دواكەوتن، بە گەیشتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ناو شاری (كۆبانێ)، دەم و دەست هەڵمەت و هێڕشی پێشمەرگە بۆسەر تیرۆرستانی (داعش) دەستی پێكرد و دەمودەست تەرازووی هێز بەلای شەڕڤانانی (كۆبانی) شكایەوە و هەرلەهەفتەی یەكەمی هێڕشی پێشمەرگە، %50ی شاری كۆبانێ رزگار كرا و لە ماوەی (پێنج مانگدا) تەواوی شاری كۆبانێ و 32كم لە گوندەكانی دەورووبەری كۆبانێ لەسەر دەست پێشمەرگەچاونەترسەكانی كوردستان لە تیرۆرستانی داعش رزگار و ئازاد كرا و هەروەكو جەنابی سەرۆك بارزانی فەرموو بووی كۆبانێ نەكەوت و رزگار و ئازاد كرا. رزگاركردنی شاری (كۆبانێ) وێرای شەهید و بریندارانی شەرڤانانی (كۆبانێ)، هەروەها هێزی پشمەرگەی كوردستانی بۆ رزگاركردنی (كۆبانێ) شەهیدێكی كردە قوربانی بەناوی (زێرەڤان ئەكردەم عەبدولجەبار) و 16 پێشمەرگەی دیكەش برندار بوون.
لە پێنجەم ساڵیادی ئازدكردنی خاكی دەڤەری (كۆبانێ) و فریادرەسی و رزگاركردنی خەڵكی شاری (كۆبانێ)، وەكو مللەتی كورد لە تەواوی كوردستان و جیهاندا سوپاسی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی دەكەین بۆ ئەو هەڵوێستە بوێر و نیشتیمان پەروەر و جوامێرانەی كە بووە فریاد رەسی (كۆبانێ)، سوپاسی ئەو پێشمەرگە گیان لەسەردەستانەی كوردستان دەكەین كە بەشدارییان كردبوو لە رزگاركردنی (كۆبانێ)، سەری رێز و نوازش دەنوێنین بۆ شەهید (زێرەڤان ئەكرەم عەبدولجەبار) و بریندرانی داستانی رزگاركردنی (كۆبانێ)، شاد و ئارام بێت كوردستان.. هەرشەكاوەبێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان.









