نادر روستی
هەرێمی كوردستان لە رووی ژمارەوە لە كەرتی گەشتیاری بە خێرایی روو لە گۆڕانكاریە، ساڵانە ژمارەی گەشتیاران زیاتر دەبێت و ژمارەی شوێنی نووستن و خواردن زیاد دەكات، وەبەرهێنانی گەشتیاری وەپێش وەبەرهێنانی كەرتەكانی دیكە كەوتۆتەوە، لە دەستەی گشتی گەشتوگوزار پلان تاكو ساڵی 2025 داڕژراوە، هەموو ئەمانە هیوابەخشن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەیان كێشە هەیە كاریگەری زۆر خراپیان لەسەر كوالیتی و ئەنجامەكان دروستكردووە و بوونەتە مەترسی بەسەر ئایندەی كەرتی گەشتیاری بە تایبەت لە رووی چۆنیەتی و كوالیتیەوە. یەكێك لە كێشەكان سوود وەرنەگرتنە لە توانای دەرچووانی گەشتوگوزار، كەواتە كێشە چییە سوود لە توانایان وەرنەگیراوە؟ یاخود بۆچی هەلی كار بە دەست دەرچووان ناكەوێت؟ بۆچی شوێنەكانی گەشتیاری بە شێوەی زانستی بەرێوەنابردرێن؟لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 625 میوانخانە و 360 مۆتێل و 80 گوندی گەشتیاری و 1850 رێستۆرانت و كافتریا و زیاتر لە 450 كۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری هەیە، واتە زیاتر لە 3 هەزار شوێن هەیە، سەرەڕای هەبوونی سەدان پڕۆژەی كەپری گەشتیاری و دەیان چالاكی گەشتیاری. ئەگەر بە گریمانە وەربگرین هەرشوێنێك 3 دەرچووی گەشتیاری بەكاربخات كۆی گشتی دەگاتە زیاتر لە 9 هەزار دەرچوو. لە هەمانكاتدا لە هەرێمی كوردستان تا ساڵی 2013 تەنیا 3 پەیمانگە هەبوو، بەڵام دواتر پەرە بە زیادكردنی ناوەندەكانی خوێندنی گەشتیاری دراوە، ئامادیی و بەش لە كۆلیژەكان كراونەتەوە، لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان 4 ئامادەی گەشتیاری و 5 پەیمانگە و 5 بەش لە كۆلیژ و زانكۆكانی كوردستان هەیە، هەروەها سەنتەری راهێنانی گەشتیاری لە دەستەی گشتی گەشتوگوزار هەیە. ئەگەر بە نزیكراوە وەربگرین كە چەند قوتابی ساڵانە دەردەچن رەنگە بگەینە ئەنجامێكی نزیكراوە كە بەم شێوەیە: لە ئامادەی نزیكەیی 100 قوتابی، پەیمانگە 120 قوتابی، كۆلیژەكان 120 قوتابی، كۆی گشتی دەگاتە زیاتر لە 340 قوتابی. ئەگەر تەنیا 3 سال وەربگرین كۆی دەرچووان رەنگە بگاتە نزیكەی هەزار قوتابی. كاتێك بەراوردی ژمارەی شوێنەكانی گەشتیاری لە كەرتی تایبەت لەگەڵ دەرچووانی گەشتیاری بكەین رەنگە جیاوازیەكی كەم هەبێت، واتە لە رووی هێزی كاری پسپۆری و پیشەی و ئەكادیمی ئامادەیەكی باش هەیە، بەڵام بابزانین كێشەكە لە چی دایە و چۆن چارەسەر دەكرێ؟ سەرچاوی كێشەكان چییە كە سوود لە توانایی دەرچووانی گەشتوگوزار وەرناگیرێ؟ كێشەكان هەمەلایەنن، هیچ لایەنێك بە تەنیا بەرپرس نییە لە دروست بوونی ئەم قەیرانە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنێك بەشی خۆی بەرپرسیارەتی وەربگرێ و ئامادەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، هەر لایەك كەمتەرخەمی بكات لە ناو بازنەی كێشەكە بەردەوام بە خولاوی دەمێنینەوە، بۆیە بەم جۆرە دەست دەخەینە سەر كێشەكان: وەگرتنی قوتابیان لە بەشەكانی گەشتوگوزار لە پەیمانگە و كۆلیژەكان بەبێ رەزامەندیی و ئارەزووی خۆیان. ئەم كێشەیە بەشێكی زۆر لە قوتابیانی گرتۆتەوە و لە خوێندن سستی كردوون ئەمەش زۆر بێتوانای كردوون، كە خوێندیش تەواو دەكەن لە جیاتی كاركردن داوای دامەزراندن لە حكومەت دەكەن. نەبوونی ئارەزووی كاركردنی دەرچووان لە شوێنەكانی گەشتیاری ئەمەش بە هۆی كەم فێربوون و كەم شارەزای بێت یان بە هۆی باری كۆمەڵایەتی بێت كە رەنگە هەموو خێزانێك لای ئاسای نەبێت كوڕ و كچەكانی لە هوتێل و شوێنكانی گەشتیاری كار بكەن، بەو پێیەی لە رابردوو چەمكی گەشتوگوزار مانای رابواردن و خواردنەوە و كاتبەسەر بردنی شەوانە بوو. نزمی ئاستی زانستی دەرچووانی گەشتوگوزار چ بەم هۆكارانەی سەرەوە بێت كە باسم كرد چ بەهۆی نەگونجانی پرۆگرام و كەم ئەزموونی هەندێك لە مامۆستا و وانەبێژەكان بێت، كە ئەمەش كاری زۆر خرابی كردۆتە سەر فێرنەبوونی زمانی دووەم و فێرنەبوونی بواری ئەیلیكترۆنی كە ئێستا لە سەرجەم بنكەكانی گەشتیاری پێویستیەكی سەردەمیە. نەبوونی فێركاری مەیدانی و كرداری لە كۆلیژ و پەیمانگاكان. قوتابیانی بەشەكانی گەشتیاری بە كارگێری و رێبەری و بەشەكانی دیكەشەوە پێویستیان بە خوێندنی كرداری ( پراكتیكی) هەیە و پێویستە ئەوەی ئەخوێنن لە ناو هوتێل و چێشتخانەكان بە كردار جێبەجێ بكەن بۆیە بەردەوام پێویستە بەشێك لە وانەكانیان كرداری بێت، چ لە رێگەی هەبوونی دامەزراوە و شوێنی تایبەت چ لە رێگەی هەماهەنگی لە گەڵ شوێنەكانی گەشتیاری لە كەرتی تایبەت. هەروەها پێویستە بەردەوام گەشتی زانستیان بۆ ناوچەكانی گەشتیاری بۆ سازبكرێ و شوێنەكانیان لە رووی مێژووی و سروشتی پێ ئاشنا بكرێن. ئەگەر هیچ لەمانە نەكرێ ئەوە پێویستە ساڵی دووەمی پەیمانگە و ساڵی سێیەمی كۆلیژ سێبەشی لە دەرەوەی ژوورەكان كار بكەن، هەروەها توێژینەوەی دەرچوونیان لەسەر كاری مەیدانی بێت. دروست نەكردنی سیڤی( cv ) و ئەزموونی كار، هیچ قوتابیەك ئامادەی تێدا نییە كە لە وەرزی هاوین یان دووای تەواوكردنی خوێندن بۆ ماوەی چەند مانگێك لە شوێنێكی گەشتیاری خۆبەخشانە كار بكات و ئەزموونی خۆی بە هێزبكات و خۆی بۆ دۆزینەوەی كار ئامادە بكات، سێبەشی تەنیا باسی دامەزراندن و بردنەسەر كاری ئامادەكراو دەكات. ئامادەنەبوونی كەرتی تایبەت و شوێنەكانی گەشتیاری بۆ وەرگرتن و بەكارخستنی دەرچووانی گەشتوگوزار بە بیانۆی ئاست نزمی دەرچوان و كەم شارەزا لە كاركردن بە تایبەت ئەو هۆكارانەی لەسەرەوە ئاماژەم بۆیان كرد، بەردەوام لە لایەن كەرتی تایبەت ئاماژەی پێ دەكرێ. نەبوونی یاسا یان رێنمای تایبەت لە دەستەی گشتی گەشتوگوزار بۆ بنكە و شوێنەكانی گەشتیاری كە ناچاریان بكات ساڵانە رێژەیەكی دیاریكراو لە دەرچووانی گەشتوگوزار بەكار بخات، یان راهێنانی دیاریكراویان پێ بكات و ئامادەیان بكات بۆ بەكارخستنیان لە كەرتی تایبەت. نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان ئیدارەی خوێندن لە پەیمانگاكان و كۆلیژەكان لەگەڵ كەرتی تایبەت، چ كۆمەڵەی میوانخانە و چیشتخانەكان بێت چ ئیدارەی هوتێل و شوێنەكانی گەشتیاری بێت، هەروەها نەبوونی میكانیزمی هەماهەنگی لە نێوان دەستەی گەشتوگوزار و ئیدارەی خوێندنەكان و كۆمەڵە و رێكخراوەكانی مەدەنی بەیەكەوە كە خزمەتی پەرەپێدانی خوێندن و ئایندەی دەرچووان بكات. لە كۆتایدا كێشەكان تەنیا بە یەك لایەن چارەسەر ناكرێن، بەڵكو پێویستی بە زنجیرەیەك كۆبوونەوە و وۆرك شۆپ و تەنانەت كۆنفڕانس هەیە. جێگای ئاماژەیە كە دەستەی كشتی گەشتوگوزار چەند مانگێكە سەرقاڵی دارشتنی پلانێكە بۆ چارەسەری بەشێكی زۆر لەم كێشانەی سەرەوە.









