ئەكرەم ئێدلبی❊
لە ئاكامی هەڵبژاردنی 30/9/2018، بەڕێز مەسرور بارزانی لە 10/7/2019 سوێندی یاسایی خوارد و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاند. ئەمڕۆ كە 100 رۆژ بەسەر راگەیاندنی كابینەكەی دا تێپەڕ دەبێت، بەپێویستی دەزانین روانینێك بە كارەكانی ئەم حكومەتە بكەین لە گۆشەنیگای كارنامەی راگەیەندراوی حكومەت، بە رەچاوكردنی هەڵومەرجی نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی. رونتر بڵێین ئەم نووسینە هەڵسەنگاندنێكی خێرایە بۆ 100 رۆژی كاری مەسرور بارزانی، دەكرێت وەك پێوەر و رێنما سەیری بكەین، كە ئومێد و گشبینی زۆر هەیە بۆ تەواوكردنی ئەو چوار ساڵە. لەو100 رۆژە كاری زۆر باش كراوە وەك سەرەتا بە ئاراستەی ئەنجامدانی كاری زۆر باشتر و رژدتر، بە ئاراستەی زۆرتر كردنی توانستی بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییەكانی نێوخۆیی و دەرەكی. كاری ئەو 100 رۆژەی حكومەت لەسایەی مەسرور بارزانی ئۆمێدێكی جیاوازی لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی لە نێو رای گشتی دروستكردووە كە لەڕووی بینینی كردارەوە وای كردووە جۆری ئۆمێدەكە زۆر و راستەقینە بێت. ئەو ئۆمێدەی ئێستا ئاكامی كردارە ئۆمێدێكی گەشبینانەی بەرجەستەیە، نەك تەنها خواستی ئۆمێد بێت لە بێ ئومێدیدا. رژدبوون لە دەسپێكەوە گوڕتێنێكی جیاوازی بە كارنامەی ئەو جارەی حكومەت بەخشیوە كە بە كارنامەیەكی تۆكمە و چڕو پڕ دادەنرێت كە چەندین رەهەندی گرنگ و چارەنووسسازی لەخۆگرتووە. هەروەها شێوازێكی پێشكەوتوو و كراوە و پرۆفیشنالانەی پێوەدیارە، بەمەش جێگای ئۆمێد و دڵخۆشی و داواكاریی پێكهاتە و چین و توێژەكانی كوردستانی بووە. گرنگترین خاڵ لە كارنامەی حكومەت لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی خۆی دەبینێتەوە، وەك لە كارنامەكەدا هاتووە:”بەهیچ جۆرێك بەرامبەر بە گەندەڵكاران و سەرپێچیكاران نەرمی نانوێنین و دەبێ خواستی هاووڵاتیان بەجێ بگەیەندرێت”، هەروها هۆشداری دایە وەزیرەكان كە هیچ وەزارەتێك یان وەزیرێك رێگەی پێ نادرێت لە دەرەوەی بەرنامەی حكومەت رەفتار بكات. نابێ بەرژەوەندییە تایبەتی و حزبیەكان باڵ بەسەر هیچ وەزارەتێك یان دامودەزگایەكی حكومیدا بكێشێت”. لەبارەی پرەنسیپی گەشەپێدانی یەكسان و نەهێشتنی ناوچەگەری هاتووە “ئەم حكومەتە كار و چالاكی و خزمەتگوزارییەكانی لە هەر بستێكی كوردستان دەبێت و حكومەتی هەمووانە”. سەبارەت بە پرەنسیپی متمانە و راستگۆیی رەوچاوكردنی توانست لە پیادەكردن و بەكرداركردنی بەرنامەی حكومەت دا دەبینین سەرۆكی حكومەت راشكاوانە پەنجە لەسەر گرفت و لەمپەرەكانی بەردەم حكومەتەكەی داناوە، بەوەی (حكومەتێكمان وەرگرتووە كە چەندین ملیارد دۆلار قەرزدارە، ئەم قەرزانە كەڵەكەبووی رەوشی ناڵەباری دارایی و دۆخێكی نەخوازراوە). كە بەرنامەی كاری ئەو كابینەیە و گوتار و كرداری خۆی لە بانگەشە دوور دەگرێت و جەختی زیاتر لەسەر كردووە و دەكات، بۆیەش ئۆمێد بەو كابینەیە واقعیانەیە چونكە لەسەر بنەمای ئەو پێناسەیەی كە “سیاسەت هونەری توانراوەكانە”. پوختەی رامانمان بۆ 100 رۆژی كاری كابینەی نۆیەم لەم تەوەرانەی خوارەوە چڕ دەكەینەوە: ئاشتەوایی نێوخۆیی دیارترین ئاماژەی ئەرێنی مەسرور بارزانی خۆی دەبینێتەوە لە هەوڵی بۆ كرانەوەی پەیوەندییەكان و رەچاوكردنی ژینگەی كۆمەڵایەتی و فرەحزبی و كلتوری كوردستان، هەر لە سەرەتای هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت دوور لە بیری تەسكی حزبایەتی و بازدانی هەستیارییەكانی رابردوو و ئارامی لە چەندین گەڕی گفتوگۆ لەگەڵ هێزە سیاسیەكانی نێوخۆی كوردستان و كەسایەتیە دیارەكان دەستی پێكرد، كە سەرەنجام حكومەتێكی بنكە فراوانی لێكەوتەوە. هەروەها كاركردن لەسەر رەخساندنی كەشێكی ئەرێنی لە پەیوەندیی لەگەڵ هێزە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم وەك كۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی هەدەپە و راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا و لەنێوان كێشەكانی توركیا لەگەڵ گەلی كورد لە باكور، بەمەش هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ دروستبوونی شەڕی كورد بە كورد پوچەڵكرانەوە. ئاشتەوایی نێوخۆی عێراق خاڵی جیاوازی بەڕێز مەسرور بارزانی دووربینی و پێشبینی هاوكێشەكانی ناوچەكە رەچاوكردنی پرنسیپی توانست (بەتایبەتی بە رەچاوكردنی ئەوەی لەم رۆژانە لە رۆژئاوا دەبینرێت) بەڕێزیان سەرەتایەكی باشی سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەولێر- بەغدا دەسپێكردووە، كە پێشتر پەیوەندیەكانی هەولێر و بەغدا گەیشتبووە خاڵی بنبەست، ئەوا بە لێزانی و هەوڵەكانی مەسرور بارزانی وەرچەرخانێكی بنەڕەتی بەخۆوە بینی، دیارترین ئاماژەی ئەم وەرچەرخانەش بریتین لە سەردانیكردنی بەغدا لەلایەن مەسرور بارزانی دوای 5 رۆژ لە پێكهێنانی كابینەكەی، پێكهێنانی چەندین لێژنە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دروستكردنەوەی هەماهەنگی لەنێوان حكومەتی هەولێر-بەغدا، كاراكردنەوەی ماددەی 140 لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵەوە كە دەرخەری هەوڵەكانی مەسرور بارزانیە لە پێشڤەچوونی پەیوەندییەكان. ئەمە جگە لە كاراكردنەوەی پەیوەندی هێزە كوردستانیەكان لەگەڵ ئەو هێزانەی لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم قورساییان هەیە، هەروەها چارەسەركردنی بارگرژییەكانی نێوان هێزە كوردییەكان لە كەركوك و زەمینەسازی بۆ چوونەناو هەڵبژاردنەكانی ئەم پارێزگایە، ئەمە جگە لە هەنگاو هەڵگرتنی كردەیی كە ئاشتەوایی نێوان كوردستان و پارێزگاكانی تری عێراق بەگوڕتر دەكات وەك هەڵگرتنی باج لەسەر هاتنەناوەوەی هاووڵاتیانی عێراق بۆ هەرێم. هەروەها هەوڵەكانی بۆ كردنەوەی گرێكوێرەكانی پێشمەرگە و بودجە و نەوت و گاز، دیارە، بەمەش دەكرێت بگوترێت دەروازەیەكی تری ئابووری بەسەر رووی هەرێمی كوردستان دا دووبارە كرایەوە كە پێشتر توركیا تاكە دەروازە بوو. هەوڵی چارەسەكردنی كێشەكانی (هەرێم – بەغدا) پێشبینی و دووربینی مەسرور بارزانی نیشان دەدات كە سیاسەتكردن لە نێو زۆنێكی بەریەككەوتنی ململانێی نێودەوڵەتی لەلایەك بەرچاوكردنی ئەوەش كە چارەسەر كردنی كێشەكان لە ئاستی ناوەخۆیی لە ژێر سایەی سەروەری دەوڵەتێكی وەك عێراق كە ئەگەر سەروەریەكەی لەڕووی كردەییەوە لاوازە بەڵام لەڕووی یاسای نێودەوڵەتی هەر بەجۆرێك پارێزراوترە (كە بەغدا لە دۆخی بەهێزدا نیە و هەرێم هێشتا زۆر بەهێزە) دەستگرتن بە پێگەو و دەسكەوتەكانی هەرێم لە دۆخێكی وەك ئێستا گرەنتیتی ترە لەوەی بخرێتە نێو ریسكی ئەو ململانێ نێودەوڵەتیە. مەسرور بارزانی هەر لەگەڵ دەسكردن بە هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت زوو رەچاوی ئەوەی كردووە كە كێشەكانی (هەولێر-بەغدا) هێشتا لە ئاراستەی باوی سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەهۆی هاوكێشەی ئاڵۆزی بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتە هەرێمییەكان و زلهێزەكانی جیهان وادەخوازێت لەسەر بنچینەی توانست و پراگماتیكیانە بێت بۆ ڕاستی ئەو دووربینی و داناییە (كە بەداخەوە و بە پێناخۆشیەوە) دۆخی كورد لە رۆژئاوا لەو چەند رۆژەی دوایی دەبینین، كە ئەگەر زووتر رەچاوی ئەوەیان كردبا كە نیشاندانی خۆیان بە درێژبووەوەی پەكەكە چ بەهانەیەك بە دەوڵەتێكی وەك توركیا دەدات، هەروەها هاوكێشەكانی بەرژەوەندی هەرێمی ونێودەوڵەتیش گرەنتی هیچ هاوپەیمانیەتیكی دەرەكی ناكات، كەوا بەتەواوی پشتی پێببەسترێ. چاكسازی كارگێڕی سەبارەت بە هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەم لە بواری كارگێڕی دا، چەندین بڕیار لەو بارەیەوە دراون، وەك پابەندكردنی فەرمانبەران و بەرۆژ و كاتژمێرەكانی دەوام، نەهێشتنی دیاردەی بەرتیڵ، كاراكردنەوەی چاودێری بەسەر فەرمانگەكان، پێداچوونەوە بە میلاك و پەیكەری وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكان بە مەبەستی هێنانەئارای هاوسەنگیەك لەنێوان رێژەی فەرمانبەران و ئەرك و كارایی فەرمانگەكان. بە مانایەكی تر پڕكردنەوەی كەمی میلاكی فەرمانگەكان لە زیادەی میلاكی فەرمانگەكانی ترەوە كە ئەمەش دەبێتەهۆی دانانی سنوورێك لە دامەزراندنی رەمەكیانە. هەروەها بڕیارەكانی حكومەت لە بەئەڵكترونیكردنی سیستەمی حوكم مایەی دڵخۆشین و دەبێتەهۆی پەردەلادان و نەهێشتنی چەندین دیاردەی گەندەڵی وەك دوو موچەییی، بندیوار، نەهێشتنی روتین و روونی (شەفافیەت) و پیشەمەندی و تد. پەروەردە و تەندروستی پەروەردە و تەندروستی كە بە كرۆكی كەرتی خزمەتگوزاری گشتی دادەنرێت كاراكردنەوەیان یەكێكە لە تەوەرە هەرە پڕبایەخانەی ئەم حكومەتە كە بریتیە لە بڕیار و هەنگاوە كردەییەكانی لەپێناو كاراكردنەوەی كەرەتە خزمەتگوزارییە گشتیەكان بە تایبەتیش لە بواری پەروەردە و تەندروستی. لەمڕووەوە چەندین بڕیاری كردەیی دراون بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی قوتابیان و هۆكاری گەرمكردنەوەی قوتابخانەكان و چاودێری سەر كەمتەرخەمی مامۆستایان. لە بواری تەندروستیش چەندین هەنگاوی بەنرخ نراون وەك چاودێری بەسەر دەوامی دكتۆرەكان و كارمەندانی بنكە تەندروستیەكان و هەروەها چاودێری توند بەسەر كواڵێتی دەرمان و.. هتد. وەبەرهێنان و بازاری ئازاد لەمڕووەشەوە چەندین بڕیار و هەنگاوی پێویست نراون بۆ نەهێشتنی مۆنۆپۆلكردنی بازار و دیاردەی خزمخزمێنە لە بواری بازرگانی و پرۆژەكانی وەبەرهێنان دا، ئەمەش بە رەخساندنی زەمینەیەكی لەبار بۆ وەبەرهێنانی سەرمایەی دەرەكی و نێوخۆیی لە رێگای زامنكردنی قازانج و نەفەوتانی سەرمایەی وەبەرهێنەكان كە بێگومان لە كۆی هەموو ئەمانەدا وڵات فراژووبوونی ئابووری، خۆشگوزەرانی كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە. سیستەمی بەرگری نەبوونی سیستەمێكی بەرگری توكمە و لێهاتوو لەسەر بنەمای سوپا پروفیشناڵەكانی جیهانە كە بەهۆیەوە هەرێمی كوردستان تووشی چەندین كارەساتی نەخوازراو هاتوو، بۆ نمونەیە (16ی ئۆكتۆبەر)، یەكێك لە خاڵە هەرە نەرێنیەكانی هەرێمی كوردستانە، هەربۆیەش دووبارە رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە پێشینەی كارەكانی مەسرور بارزانی بووە بۆ ئەم مەبەستەش خۆی بە رژدی هاتۆتە ناو بابەتەكە و بە هاوكاری هێزە هاوپەیمانەكان (ئەمریكا و بەریتانیا و ئەلمانیا..هتد) خەریكی دۆزینەوەی شێوازێكی گونجاو و مۆدێرنە كە بتوانێت خەڵكی هەرێمی كوردستان بپارێزێت و بەرگری لە بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێم بكات و جێ متمانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بن لە هەر هەڕەشەیەكی نەخوازراو و گروپی تیرۆریستی كە بەهۆیەوەش شوێنپێی هەرێمی كوردستان لە نەخشەی ئەوەی ناودەبرێت بە “جیهانی ئازاد” پتەوتر دەبێت. پەیوەن ێودەوڵەتییەكان مەسرور بارزانی بە كارامەیی خۆی و ئەزموونی دیپلۆماسی و پرستیژی كەسایەتی خۆی توانیویەتی قورسایی هەرێمی كوردستان لە هاوسەنگی بەرژەوەندییە دژبەیەكەكانی وڵاتانی هەرێمی و زڵهێزان لە ناوچەی رۆژهەڵات و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی رابگرێت، لێرەوە دەكرێت بگوترێت كە كارامەیی مەسرور بارزانی لە پیادەكردنی هاوسەنگی لە بێلایەنی دەرەكی و ئاشتەوایی نێوخۆیی نمونەیەكی دانسقە و دەگمەنە لە ئەزموونی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا. لە كۆتاییدا، هەموو ئەوەی كراوە، چەندین هەنگاوی پۆزەتیڤی سەرەتایین لە چەندین بواری جیاجیای حكومكاری ، بە ئامانجی كەوتنەسەر رێچكەی حكومكاریەكی كارا و دروست ئەوەی پێی دەوترێت Good Governess و بنیادنانی كوردستانێكی بەهێز لەسەر بنەمای دامەزراوەیبوون، دیموكراسی، هاووڵاتیبوون و دادپەروەری كە بەهۆیەوە تاكی كوردستانی وا كارا ببێتەوە كە لە یەككاتدا هەم ببێتە ئامراز و هەم ببێتە ئامانج لە سەردەمی حكومكاری مەسرور بارزانی دا، كە ئۆمێدی زۆر هەیە ببێتە سەرتای حوكمكاراییەكی دروست.
❊ قوتابی دكتۆرا لە زانستە سیاسییەكان









