راپۆرت-عەلی بانیشاری
گوندی ماستاوە خاوەن مێژوویەكی دورو درێژە لە دروستكردنی كوورەی خشت سووركردنەوەدا. گوندەكە سەر بە شارۆچكەی شەمامكە لە سنووری پارێزگای هەولێر. لەسەردانێكی مەیدانیدا كوورەكانی ماستاوەمان بەسەر كردەوە و وتووێژمان لەگەڵ وەستا و خاوەنی كوورەكان كرد و چەند پرسیارێكمان رووبەڕوو كردنەوە. ئەگەرچی مێژووی دروستی كوورەكان دیار نییە، بەڵام یەكێك لە وەستاكان بەناوی حەیدەر عومەر دەڵێت” نزیكەی 200 ساڵە ماستاوە خاوەنی كوورەی خشت سووركردنەوەیە”. بەپێی وتەی خاوەنی یەكێك لە كوورەكان تەنها لە ماستاوە 9 كوورە بوونیان هەیە.
ئیسماعیل حەسەن، لە گوندی ماستاوە خاوەن كوورەیە و دەڵێ” 4 ساڵە كوورەم هەیە و ساڵانە كوورەكان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە”. دەشڵێت” لە 1970-1980 دانیشتووانی ناو قەڵای هەولێر بۆ دروستكردنی خانوو سوودیان لەو خشتانە دەبینی كە لە هەولێر دروست دەكران”. باس لەوەشدەكات ماوەی مانەوەی خشت لە بلۆك زیاترە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی جوانییەكی تایبەتی هەیە و توانایی گەڕاندنەوەی گەرمی و ساردی لە بلۆك زیاترە. ناوبراو گوتیشی” ئەو خۆڵەی خشتی پێ دروست دەكرێت لە هەموو ناوچەیەك نییە، زۆربەی خۆڵی ماستاوە بۆ دروستكردنی خشت گونجاوە، هەر لەبەر ئەوەیشە گوندەكە 9 كوورەی لێیە، بەڵام تەنها 6 دانەیان بە بەردەوامی كار دەكەن”.
ئیسماعیل حەسەن هەروەها دەشڵێ” سەرەڕای پێشكەوتنەكان، بەڵام دەیان ساڵە خشت لە دروستكردنی خانوو، مزگەوت و كڵێسا و فڕنی نان و باڵەخانەكان بەكاردێت”. ئاماژەی بەوەشدا پێشتر هاووڵاتیان لە بەغدا و خانەقینەوە دەهاتنە هەولێر و خشتیان دەكڕی و دەیان بردەوە. سەبارەت بەو شوێنانەی پێشتر لە سنووری پارێزگای هەولێر كوورەی خشت سووركردنەوەیان لێ بووە؟ ئەو گوتی” سەرەتا كوورە لە هەولێر دروستكرا، پاشان لە تۆپزاوە، دواتر بۆ قۆڕیتان و عارەبكەند و گەزنە و ماستاوە و هێلەوە”.
ئیسماعیل حەسەن هەروەها ئەوەشی گوت” لە ساڵانی 1960 تەنها لە هەولێر 70-80 كوورە هەبوو”. بەوتەی وەستا و خاوەنی كوورەكان چەندین ساڵە شێوە و قەبارەی خشتی سووركراوە وەكو خۆی ماوەتەوە. ئیسماعیل حەسەن دەڵێ” خشتەكان 22سم درێژن و 10 سم بەرز و 5 سم ئەستوور”. گوتیشی” پێشتر بە چ قەبارەیەك خشتمان دروست دەكرد ئێستاش هەر وایە و هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە”.
حەیدەر عومەر، لە هەمان گوند وەستای خشت بڕینە و دەڵێت” هەر كورەیەك 50 هەزار خشتی تێدەكرێت و دەرگای كورەكان دەبەسترێت و لە ژێرەوەی ئاگر دەكرێت تا بە باشی خشتەكان سوور ببنەوە”. دەشڵێت” سووركردنەوەی خشت ماوەی 60 كاتژمێری پێویستە”. ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات لە هەولێر و شەقڵاوە و پیرمام و موسڵەوە هاووڵاتیان دێن و خشتی ماستاوە دەبەن و بۆ باڵەخانە و كۆمەڵێك كاری بیناسازی سوودی لێ دەبینن.
حەیدەر عومەر دەڵێ” هەزار خشت بە 170 هەزار دینار دەفرۆشین و هەر وەستایەكیش رۆژانە 1000-2000 خشت بەدەست دەبڕێت”. سەبارەت بە ماوەی كاركردنی كوورەكان؟ ناوبراو گوتی” ساڵانە لە مانگی چوارەوە تا مانگی یازدە كوورەكان كار دەكەن “. ئەو نایشارێتەوە بەشێك لە كوورەكانی ماستاوە لەئێستا خاپوور بوون. باسی لەوەشكرد نزیكەی 200 ساڵە گوندەكەیان خاوەنی كوورەی خشت سووركردنەوەیە. حەیدەر عومەر كە لە كاتی خشت بڕیندا عارەق بە نێوچاوانیدا دێتە خوارەوە و جار و باریش هەناسەیەكی قوڵ هەڵدەمژێت دەڵێت” لەبەر گرانی نرخی خشت، خەڵكی كەمدەست ناتوانن بیكڕن، زیاتر ئەو كەسانە لە خانوو و باڵەخانەكاندا بەكاری دێنن كە باری داراییان باشە”. بەوتەی ناوبراو وەستاكانی خشت بڕین هەزار خشت بە 40 هەزار دینار دەبڕن.









