وەیسی سەعیدوەیسی
دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە 16ی ئۆكتۆبەری2017 بەهۆی پیلانێكی نەخشە بۆ دارێژراو خیانەتێكی بێوێنە لە خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و خەڵكی كوردستان كرا، بۆیەش ئەم بەروارەیە بە یەكێك لە رۆژە رەش و شوومەكانی مێژووی گەلی كوردستان دادەنرێت كە بەداخەوە بە هاوكاری چەند كەسێك لەناو لایەنێكی سیاسی خیانەت لە كوردستان كرا بەبیانووی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، كە ئەمەش سەرەتاییترین مافی شەرعی و یاسایی و سروشتی خەڵكی كوردستان بوو تا لەم رێگایەدا بڕیار لەچارەنووسی خۆیان بدەن چۆن بژین. لەبەر ئەوەی ریفڕاندۆ ڕا و ئیرادەی خەڵكە بۆیە تاهەتاهەتایە ریفراندۆم وەك دۆكیومێنتێك بەزیندوویی دەمێنێتەوە كە سەركەتووترین رووداوی مێژوویی بوو لە 100 ساڵی رابردوودا، گەرخیانەت رێگای دابا لەم قۆناغەیەدا گەلی كوردستان بەئاواتی خۆیان دەگەیشتن، بەڵام بەداخەوە خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر وای كرد ئەوەی زیاترلەسەدەیەك بەخوێن و خەبات بەدەست هاتبوو بەچەند كاتژمێرێك لەدەستی بدەین، هەروەها دەریخست گەلی كوردستان لەسەرریفراندۆم سزا نادرێت، بەڵكو لەسەر كوردبوونە، بەڵام ویستیان بەم بیانووە كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان لەناو بەرن، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە كە ئیرادەی كوردستانیان زۆر بەهێزتر بوو، بۆیەش تواندرا بەخۆراگریی سەرۆك مسعود بارزانی و قارەمانییەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرپەرچی پیلانەكان بدرێتەوە لە هەریەك لە داستانەكانی پردێ و سحێلا و مەحمودیە و تلسقۆف سنوور بۆ خائین و خاك فرۆرشان دانرا، بەمەش هاوكێشەكان گۆردرا، ئەم خیانەتەش نەیتوانی چۆك بەپێشمەرگە دابدات، بەڵام بۆ مێژوو 16ی ئۆكتۆبەر وەك خیانەتێك تۆمار كرا كە پەڵەیەكی رەش بوو و كەلێنێكی گەورەی دروست كرد، كە ئەستەمە مێژوو لەیادی بكات و خائین و خاك فرۆشەكانیش مێژوویێكی رەشیان بۆخۆیان تۆمار كرد و بۆهەتاهەتایە ناویان لەمێژوودا بەرەشی دەمێنێتەوە، كە هەموو ئەو نەهامەتییانەی بەسەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكاندا هاتووە ئۆباڵەكەی لەئەستۆی ئەوان دایە، ئەگەرچی رووداوەكانی رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی دوایی تا بە ئەمرۆش دەگات بۆ خەڵكی كوردستان ناخۆش و كارەساتبار بوون هەمان دیمەنەكان دوای رێككەوتننامە شومەكەی جەزائیری بەبیر خەڵكی كوردستان هێنایەوە كە بەهۆیەوە بەشێكی زۆری خاكی كوردستان بە شاری كەركووكیشەوە داگیركران ، بەڵام هەموو ئەمانەش نەبووە بەربەست تا واز لە بستە خاكێكی خۆمان و خواستی رەوای گەلەكەمان كە سەربەخۆیییە بهێنین، بەڵكو سوورتر لە جاران تێدەكۆشین بۆ هێنانەدی ئاواتەكانمان، كە ریفراندۆمیش وەك تاپۆیێكی رەش بۆ هەتاهەتایە بەزیندوویی دەمێنێتەوە كە گرنگە دوای تێپەربوونی دووساڵ بەسەر ئەم خیانەتە رەشە بەكورتی هەڵوەستە لەهەمبەر چەند خاڵێكدا بكەین بۆ ئەوەی زیاتر راستییەكان بخرێنەروو. یەكەم: ریفراندۆم دەرخستی خواستی خەڵكی كوردستان بوو بۆسەربەخۆیی كە بە كۆتا نەهاتووە، چونكە ریفراندۆم ویست و دەنگی زۆرینەی كوردستانییانە بە هیچ كەس و لایەنێك لەناو نابردرێت یاخۆد هەڵناوەشێندرێتەوە، چونكە ئەمە لەدەسەڵاتی هیچ كەس وهێزیكدا نیە تەنها لەدەسەڵاتی خەڵكی كوردستان دایە كە هەركاتێك زەمینە ساز بوو كاردەكرێت بۆ راگەیاندنی دەرەنجامەكەی، چونكە لە دوای راپەرینەوە ریفراندۆم یەكەمین پرۆسەی دەنگدان بوو كە زۆرینەی خەڵكی كوردستان بە گەرم وگورییەوە بەشداری تێدا بكەن. دووەم: خیانەت لەناوگەلی كوردستان مێژووێیكی كۆنی هەیە كە خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر بۆ هەتاهەتایە وەك رۆژێكی رەش تۆماركرا كە پلانێك بوو بەهاوكاری دەستێكی ناوەخۆیی ئەنجامدرا بۆ سرینەوە و لەناوبردنی كیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان و بێماناكردنی مافەكانمان كە بەدڵنیاییەوە هیچ كات ئەم رۆژە شوومە لە یاد ناكرێت. سێیەم: گەلی كوردستان خاوەن ئیرادەی خۆیەتی و هیچ كەس و هێز و لایەنێك ناتوانێت بەزەبری چەك و هەڕەشە و گوەڕشە ئیرادەیان تێك بشكێنێت، چونكە ئیرادەی كوردستانیان پۆڵاینە و گرەو لەسەر تێكشكاندنی ناكرێت كە داستانەكانی پردێ و سحێڵا و مەحمودیە شاهیدی ئەم راستییەن كە جگە لەوەی تواندرا سنوورێك بۆ خیانەت و خاكفرۆشان دابندرێت، بارودۆخەكەشی گۆڕی بە جۆرێك لەبەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بێت، بەدڵنیاییەوە گەر حیكمەتی سەرۆك بارزانی و قارەمانییەتی شێرەكورانی پارتی و بارزانی نەبوایە كوردستان لەرەوشێكی تردا دەبوو، جگە لە خوای گەورە كەس نەیدەزانی چارەنووسمان چی دەبوو. بەڵام بەهۆی ئەم قارەمانییەتییە هاوكێشەكان گۆران. چوارەم: خۆراگری و پشوودرێژی كلیلی سەركەوتنە كە گەلی كوردستان دەریخست ئیرادەكەی لەسەرووی هەموو پیلانێكە كە بەهۆی پشوودرێژی و خۆراگریی خەڵكی كوردستان تواندرا گەمارۆكان تێكبشكێندرێت و بارودۆخ وەك جارانی لێ بێتەوە، بۆیەش گرنگە هەمووكات هەڵوێستی خۆراگرانەی كوردستانیان لە یاد بێت . پێنجەم: گەرئەم خیانەتە نەكرابا بەدڵنیاییەوە زۆرئەستەم بووبەم شێوەیە كەركووك و ناوچەكانی تری كوردستان داگیركرابان، بەڵام بەداخەوە لەپێناوبەرژەوەندیی گیرفانی چەند كەسێك شارەكە هەرزان فرۆش كرا، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا كەركووك هەربەهێڵی سوورماوەتەوە كە بەدرێژایی مێژووش جێگای بایەخی بارزانیی نەمر بووە، بۆیەش هەمیشە كەركووك وەك شارێكی كوردستانی دەمێنێتەوە و سازشی لەسەر ناكرێت، تەنانەت هەروەكو بارزانیی نەمر فەرموویەتی (كەركووك یەك كوردیشی تێدا نەمێنێت هەركوردستانە)، بۆیەش هیچ هێز و لایەنێك ناتوانن نە بەزەبری چەك نە بە تەعریب بیكات بەهی خۆی و سازشی لەسەر ناكرێت.









