راپۆرت-عەلی بانیشاری
پاش زیاتر لە هەفتەیەك لە پۆپراسیۆنی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان كەرتی گەشتیاری ئەو وڵاتە رووبەڕووی زیان بووەتەوە. بەوتەی خاوەن كۆمپانیاكانی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان رێژەی چوونی گەشتیار بۆ توركیا نەك لە كوردستانەوە بەڵكوو لەسەرجەم وڵاتانی جیهانەوە كەمیكردووە. شارەزایانی ئابووری توركیاش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن لە ماوەی یەك هەفتەدا رێژەی چوونی گەشتیار بۆ ئەو وڵاتە دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە.
شێخ ساڵح بەرزنجی، خاوەنی كۆمپانیای لەندەن سكای بۆ فڕۆكەوانی و گەشتیاری لە شاری هەولێر بە (خەبات)ـی گوت” ئەو جەنگەی ئێستا توركیا بەرپای كردووە كاریگەری زۆر لەسەر رێژەی چوونی گەشتیار بۆ ئەو وڵاتە دەبێت”. گوتیشی” هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەراورد بە چەند هەفتەی رابردوو كەمتر داوای پێدانی فیزای توركیا دەكەن”. شێخ ساڵح بەرزنجی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ئێستا وڵاتی توركیا پێدانی فیزا قورس كردووە و داوای بەڵگەنامەی زیاتر لەو كەسانە دەكات كە دەیانەوێت گەشت بۆ ئەو وڵاتە بكەن.
خاوەنی كۆمپانیای لەندەن سكای بۆ فڕۆكەوانی و گەشتیاری دەشڵێت” ئێستا كە سەردانی وڵاتی توركیا دەكەیت لە فڕۆكەخانەی ئەو وڵاتە كێشەت بۆ دروست دەكەن و پرسیاری زۆرت ئاڕاستە دەكەن”. باسی لەوەشكرد پاش دەستپێكردنی پۆپراسیۆنی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بۆ تڕانزلێتیش زۆربەی هاوڵاتیان بە توركیادا هاتووچۆ ناكەن، مەگەر كەسێك كاری پێویستی هەبێت. سەبارەت بە نرخی ئێستا فیزای توركیا؟ شێخ ساڵح بەرزنجی گوتی” نرخی فیزای توركیا وەكو خۆیەتی و گۆڕانكاری بەسەر نەهاتووە”.
سەیوان عومەر، خاوەنی كۆمپانیای بابان تراڤڵ بۆ گەشتوگوزار لە شاری سلێمانی بە (خەبات)ـی راگەیاند” هەر وڵاتێك توشی شەڕ و ئاڵۆزی ببێت خەڵك كەمتر سەردانی دەكات، بەتایبەت وڵاتێكی وەكو توركیا كە ئێستا كەوتووەتە شەڕێكی قورسەوە”.گوتیشی” لەبەرئەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان سۆزێكی نەتەوەییان بۆ رۆژئاوا هەیە لە پاش دەستپێكردنی شەڕ كەمتر گەشت بۆ توركیا دەكەن”. ئەوەشی گوت” شەڕی توركیا و رۆژئاوای كوردستان كاریگەرییەكی زۆری لەسەر كەرتی گەشتیاری توركیا دەبێت و گەشتیار نەك لە كوردستانەوە بەڵكوو لە وڵاتانی دیكەشەوە كەمتر گەشت بۆ ئەو وڵاتە دەكەن”. تەئكیدی كردەوە ئەگەر ئەو ئۆپراسیۆنەی توركیا كە ئێستا دەستی پێكردووە كۆتایی پێی بهێنرێت لە چەند مانگی داهاتوودا رێژەی چوونی گەشتیار بۆ ئەو وڵاتە ئاسایی دەبێتەوە.
هەژار عومەر، ماستەر لە كارگێڕی كار و سەرۆكی بەشی كارگێڕی یاسا لە زانكۆی لوبنانی فەڕەنسی بە (خەبات)ـی گوت” ئەو داهاتەی توركیا ساڵانە لە رێگەی كەرتی گەشتیارییەوە دەستی دەكەوێت نزیكەی29.6 ملیۆن دۆلارە كە دەكاتە 4%ی داهاتی توركیا”. گوتیشی” هەر وڵاتێك ئاڵۆزی تێكەوت و رووبەڕووی شەڕ بوویەوە پێش هەموو سێكتەرەكانی دیكە كەرتی گەشتیاری سست دەبێت و زیانی بەر دەكەوێت، چونكە گەشتیاری زۆر بەكەمی سەردانی وڵاتێك دەكات كە شەڕی تێدا بێت”. هەژار عومەر هەروەها ئەوەشی گوت” ئۆپراسیۆنەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان زیانێكی زۆر لە كەرتی گەشتیاری ئەو وڵاتە داوە و ژمارەی بێكاریش لە توركیا بەرز دەبێتەوە”.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی گەشتوگوزاری توركیا ساڵی رابردوو نزیكەی 41ملیۆن گەشتیار روویان لەو وڵاتە كردووە. رووسیا پلەی یەكەم و ئەڵمانیا پلەی دووەم و بەریتانیا پلەی سێیەمی لە چوونی رێژەی گەشتیار بۆ توركیا بەردەكەوێت. وەزارەتی گەشتوگوزاری توركیا پلانی ئەوەی داناوە لەمساڵدا رێژەی هاتنی گەشتیار بۆ50 ملیۆن بەرز بكاتەوە. ئاژانسی ئەنادۆڵۆی نزیك لە حكوومەتی توركیا بڵاوكردووەتەوە لە چوار مانگی یەكەمی ئەمساڵدا هەشت ملیۆن و735 هەزار و268 گەشتیار سەردانی وڵاتی توركیایان كردووە، ئەمەش بەراورد بە چوار مانگی ساڵی2018 بە رێژەی لە12% زیادیكردووە.









