رێبوار حەمەلاو شوانی
هەر لە كاتژمێرەكانی دەستپێكردنی هێرش و هەوڵی داگیركردنی رۆژئاوای كوردستان، سەرۆك بارزانی هاوشێوەی كۆبانێ ، پردێ و سحێلا گشت توانا سیاسی و دیپلۆماسییەكانی خستۆتەگەر لە پێناو پاراستنی گەلی كورد لە روژاوای كوردستان و رێگری لەو پیلانگێرییەی كە بەرامبەر بە رۆژئاوای كوردستان چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە. لە لایەكی ترەوە شەڕێكی گەورە سەپێنراو، ئاڵۆز، بەڵام نابەرامبەر رووبەرووی خەڵكی رۆژئاڤا بۆتەوە بە (ئۆكەی) یان بێدەنگی زلهێزەكان و بە هەندوەرنەگرتنی لەلایەن دونیای ڕۆژئاوا، بێهەڵوێستی جەمسەرەكان و شاگەشكەبوونی وڵاتانی داگیركاری كوردستان.
كورد لە ڕۆژئاوای كوردستاندا بە بەرداشی بەرژەوەندیی جەمسەرەكان دەهاڕدرێت، هەر جەمسەرە لەسەر جەستەی كورد ئامانجیەتی ئەوە بچنێتەوە كە لەگەڵ بەرژەوەندیی خۆی یەكانگیرە. زۆر لە سەركردەكانی ئەمریكا وەك لیدسی گراهام، نیكی هالیی، لیز چێنی، میت رۆمنێی و چەندان سیاسەتمەداری تر لە هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتی دژی ئەو بڕیارەی سەرۆكی ئەمریكا (ترامپ)ن، ئەوان پێیان وایە كە كشانەوەی ئەمریكا لە باكووری سووریا رێگە خۆش دەكات بۆ ئەوەی دووبارە داعش سەرهەڵبداتەوە و نفوزی توركیا و رووسیا و ئێران و بەشار ئەسەد زیاتر و زیاتر بێت. ئەوان ئەو پرسیارە لە خۆیان دەكەن كە ئەگەر ئێمە كشاینەوە، كێ ئەو بۆشاییە پڕ دەكاتەوە كە ئێمە بەجێ دەهێڵین؟ پێشتر سەركردەكانی پێنتاگۆن بە بەرپرسەكانی توركیایان راگەیاندبوو كە هێرشی یەكلایەنەی توركیا كێشە بۆ توركیا دروست دەكات، پێنتاگۆن پێیان وابوو كە بە هەماهەنگی زیاتر دەتوانرێت سەقامگیری بەدەست بهێنرێت. یەكێك لە سەركردەكانی پێنتاگۆن بە رۆژنامەی (فۆرێن پۆڵیسی) راگەیاند كە ئێمە ئاگادار بووین لە پەیوەندیی نێوان سەركردایەتی سیاسی توركیا و ئەمریكا، بەڵام باوەڕمان نەدەكرد كە ترامپ رازی دەبێت بە داوای توركیا. ئەو گوتی، هەموو سەركردە باڵاكانی پێنتاگۆن دژی ئەر بڕیارەی (ترامپ)ن. ترامپ نایەوێت ببینێت كە سووریا نرخێكی ستراتیژیی هەیە بۆ ئەمریكا، هەروەها ئەو نایەوێت توركیا لەدەست بدات بەتایبەتی كە ئێستا گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران توندتر بووە، ئەمریكا دەیەوێت هەم توركیا لە ڕووسیا دوور بكەوێتەوە و هەمیش یارمەتیی ئێران نەدات بۆ دەربازبوون لە گەمارۆ ئابوورییەكان لەسەری كە ئێستا بەهۆیەوە كەوتووەتە ناو بارودۆخێكی دژوارەوە. كوردانی رۆژئاوا ئەمجارە كارتی بەهێزیان لەبەردەستدایە، ئەوان دەتوانن داوای یارمەتی لە ئەورووپا بكەن، بەتایبەتی كە ئێستا توركیا و یەكێتیی ئەورووپا پەیوەندییان باش نییە بەتایبەتی لەسەر مەسەلەی پەنابەرەكان، هەروەها پەیوەندیی یەكێتیی ئەورووپا و ئەمریكاش كەمێك گرژیی تێدایە، ئەوان دەتوانن ئەو هەلە بقۆزنەوە بە سوودی خۆیان. هەروەها ئەوان دەتوانن دەرگای ئەو كەمپانە بكەنەوە كە چەكدارەكانی داعش تێیدا زیندانی كراون بۆ ئەوەی لە شەڕدا بەكاری بێنن، ئەوان دەتوانن نزیكەی دە هەزار چەكدار ئازاد بكەن و دوو هەزار بیانیش لەدەستیان هەڵبێن، بەداخەوە ئەگەر ئەمە روو بدات كارەسات روو دەدات لە سووریا بەتایبەتی و لە ناوچەكە بەگشتی. سەركردە سەربازییەكانی ئەمریكا ئەو مەترسییەیان بە كۆشكی سپی راگەیاندووە. هەموو لایەنە سیاسییەكانی كورد لە چوارچێوەی یەك گوتاری نەتەوەیی هاوبەشدا داوا لە كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكان ، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، یەكێتی ئەوروپا و ئیسڕائیل بكەن كە توركیا بەم بڕیاری دەستدرێژیكارییەیدا بچێتەوە و بە زووترین كات خواستی تەماحكارانەی بۆ دەستوەردان لە خاكی وڵاتێكی درواسێی كە سوریایە ڕابگرێت. لەلایەكی ترەوە ـ هەوڵدان بۆ دروستكردنی ناوچەی دژەفڕین لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و پێدانی چوار ملیۆن پەناهەندەكە بە ڕۆژئاوای كوردستان، تا لەژێر چاودێری و هاوكاری كومەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا لە توركیاوە بگوازرێنەوە سوریا و لەوێ ئاسایشیان بپارێزرێت، تا چیتر توركیا ئەم ئاوارانەی سوریا بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان بەكارنەهێنێت. بەدڵنیاییەوە، ئەم تەنگژەیەی ئێستا لە ئارادایە ڕاگوزەرە، دواجار بە قازانجی ڕۆژئاوای كوردستان دەشكێتەوە، بەدڵنییاییەوە، هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی چۆن توانیی رێگری لە كەوتنی كۆبانێ بكات و ئینجا پیلانگێری دژی هەرێمی كوردستانی لە پردێ و سحێلا مایەپووچ كرد، لە ئێستاشدا گشت هەوڵەكانی خستۆتەگەر بۆ تێكشكاندنی ئەو پیلانگێرییە و رێگریكردن لە سوپای تورك بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان. ئێستا رۆژئاوا، لە باكووردا لەبەردەم هێرش و پەلاماری مەترسیداری كارەسات خوڵقێنەری سامناك و لە باشووریش لەبەردەم هەوڵ و كۆششە مەزنەكانی سەرۆك بارزانی دایە. بۆ هەموو ئەو لایەن و كەس و وڵاتانەی نەخشە رێگای سەرۆك “بارزانی”یان بۆ رۆژئاوا بەهەند وەرنەگرت، فریادڕەسیی رابەر و سەرۆك بارزانی، ئەو سەرۆكەی خوێنی كوردی لەلا بەبەهاترە لە پارە و چەك و پرسی كوردیش وەك پرسێكی رەوای نەتەوەیی دەبینێ، ئەوجارەش بەهانای رۆژئاوا دەچێت. لە ئاسۆی هزر و نەخشە رێگای بارزانی سەرۆك و رابەرەوە، ئەو خاڵە گەش و ئومێدە مەزنە وا وەك خۆری دەم ئاسۆ گەشە كە تیشكی زێرینی پەخش دەكا.









