خهبات: سەید فاتیح بەرزنجی:-
لەسەردەمی شاخ و لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەیان كەڵەپیاوی قارەمان و ئازا لەسەردەستی باوكی ڕۆحی نەتەوەیی كورد بارزانیی نەمر پەروەردەكراون یەكێك لەو كەسانەش دكتۆر جەمال ساڵح عەبدولڕەحمان پزیشكی پسپۆڕی دڵ و هەناوەو كۆلیژی پزیشكی زانكۆی مووسڵی تەواو كردووەو پزیشكێكی خاوەن ئەزموونە لەو بوارەداو خاوەنی چەندین بڕوانامەی بەرزەو بڕوانامەی لەنەخۆشی تا وەرگرتووەو زۆر بەكەمی پزیشكان دەچنە ناو ئەو بوارە لە وڵاتی بەریتانیا. دكتۆر جەمال ساڵح لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی خەبات چەندین رووداو و بەسەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە.
لەشاخ ژمارەیەك پزیشكی شارەزا خزمەتی پێشمەرگەیان دەكرد
دكتۆر جەمال ساڵح لەو دیمانەیەدا باس لەو خزمەتانە دەكات كە لە سەردەمی شار و شاخدا ئەنجامی داون و دەڵیت: ئەو كاتەی كە لە بەریتانیا گەڕامەوە بۆ كوردستان لە فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی بە پزیشكی شارەزا لە نەخۆشییەكانی هەناو دامەزرام، دواتر لە كۆلێژی پزیشكی بووم بە وانەبێژ كارم كرد تا دوای راپەڕینە مەزنەكە بووم بە ڕاگری كۆلیژی پزیشكی لە زانكۆی سلێمانی بۆ ماوەی پێنج ساڵ و لەساڵی 1995 جارێكی دیكە چوومە وڵاتی ئەمەریكاو ماوەی چوار ساڵ لەوێ خزمەتم كردو دوای نەمانی شەڕی ناوخۆ دووبارە گەڕامەوە كوردستان و لە پسپۆڕیەكە نازناوی پزیشكی پسپۆڕی ڕاوێژكاریان پێ بەخشیم و تا ئێستاش بەردەوامم لە خزمەتكردن.
دواتر دكتۆر جەمال ساڵح دەربارەی چوونە ڕیزی شۆڕش ڕوونیكردەوە: لەساڵی 1972 حەزم كرد بچمە ڕێزی شۆڕش لە ناوپردان، هەر كە چوومە ئەوێ دكتۆر مەحمود عوسمانیش لەوێ بوو و لەگەڵ ئەودا كارم كرد، لەهەمووی خۆشتر ئەوەبوو جەنابی بارزانیی نەمر پزیشكەكانی زۆر خۆش دەویست، لەبەر ئەوە بەبێ بەرامبەر خزمەتی شۆڕشمان دەكرد و مانگی جارێك دەچووینە خزمەتی بارزانیی نەمر، لە كاتی شەواندا قسەی بۆ دەكردین و زۆر ڕێزی لێ دەگرتین و لەنزیكەوە ئێمەی دەبینی و شانبەشانی دكتۆر مەحمود عوسمان هەموو كاتێك چارەسەری پێشمەرگەمان دەكردو لەگەڵ ئەودا چارەسەری جەنابی بارزانیی نەمریشمان دەكرد، خودا لێی خۆش بێت، جگەلەوەش ماڵباتی بارزانیش هەر حاڵەتێكی نەخۆشیان هەبووایە من چارەسەریانم بۆ دەكردن، چەندین شەو لە دیلمان دەمامەوە تا چارەسەریان بۆ بكەم. مایەی شانازی بوو كە بارزانیی نەمر منی لە نزیكەوە دەناسی و مرۆڤێكی خەمخۆر و شارەزا و بە هەیبەت و قسە خۆش بوو، زۆری حەز دەكرد كە ئێمەی پزیشكانی لە نزیكەوە لەدەوروربەردا بین، ماوەی سالێك و نیو لە ناوپردان مامەوەو دواتر چوومە وڵاتی بەریتانیا بۆ خوێندنی دكتۆرا و لەدوایین شەویش كە لە دیلمان بووم، بۆ شەو پێیان گووتم جەنابی بارزانیی نەمر حەز دەكات تۆ ببینێت، من لە دڵی خۆما دەمگوت دیارە جەنابی بارزانیی نەمر ئەوەندە من دەناسێت وا حەزی لێیە من بۆ دواجار ببینێ، ئەو شەوە زیاتر لە یەك كاتژمێر لەگەڵ جەنابی بارزانیی نەمر دانیشتم و گفتوگۆ و قسەی خۆشی بۆ كردم. جەنابی بارزانیی نەمر پێی گوتم: تۆ ماڵی باوكت لە كوێیە ئێستاو لەچ گەڕەكێكە، منیش گوتم گەڕەكی حەوشی گەورە لە سلێمانی. ئەویش گوتی: كاتی خۆی من كە مەنفی بووم و دەستبەسەربووم لە هەمان گەڕەك بووم. بەجەنابی بارزانیی نەمرم گوت: باوكم و مامەم بۆیان گێڕاومەتەوە كە خۆشیان ویستووی و پەیوەندیتان زۆر بەهێزبووە، تەنانەت ئەو شەوەی كە بڕیارتدا بگەڕێیتەوە بۆ بارزان، خوداحافیزیت لەماڵی ئێمە كردووە.. فەرمووی ئێوە ماڵباتێكی باش بوون و خزمەتی منتان كردووە، دواتر خوداحافیزی كردووەو بەهیمەتی برادەران دەگەڕێتەوە بارزان. دواتر پرسیارێكی دیكەی لەمن كردو گوتی: تۆ دەڕۆیتە ئیختساسی خۆت و بڕوانامەی بەرز بەدەستدێنیت جگە لەو هیوایەتە حەزت لەچی دیكە هەیە؟ منیش گوتم: زۆر حەز دەكەم بەچاوی خۆم ببینم كوردستان ئازاد بێت و دەوڵەتمان هەبێت.. لێی پرسیم تۆ حەز دەكەیت كوردستان ببینیت سەربەخۆبێت، منیش گوتم بەڵێ.. جەنابی بارزانیی نەمر فەرمووی من خەباتێكی زۆرم كردووە بەڵام من سەربەخۆیی كوردستان نابینم، ئومێدەوارم تۆ سەربەخۆیی كوردستان ببینی، بەڵام یەك ئامۆژگاریم هەیە بۆت كە تۆ پیاوێكی خەمخۆریت ئەزانم دەچیتەوە سەر كوردایەتیش بەتەواوی واز لە خەباتكردن نەهێنی و هەرگیز كۆڵ نەدەیت.. هەروەها لە هیچ بارودۆخێكدا بە خزم و كەسانت و بە دراوسێكانت بگەیەنە كە هەموو دونیا قەرزاری سەربەخۆیی ئێمەیە.
پزیشكی دێرینی دیلمان – ناوپردان نیگەرانە لە فەرامۆشكردنی
دكتۆر جەماڵ ساڵح لە سەردەمی شۆڕش كە پزیشكی دیلمان – ناوپردان بووە، باس لەوە دەكات، كە چەند جارێك جەنابی سەرۆك مسعود بارزانیم لە كۆڕو كۆبوونەوەكاندا بینیوە، بەڵام بوار نەبووە ئەم قسانەی بۆ باس بكەم، بەتایبەتیش لەكاتی ڕیفراندۆمەكە زۆر حەزم دەكرد جەنابی سەرۆك بارزانی ببینم و ئەو قسانەی بۆ باس بكەم كە كاتی خۆی جەنابی بارزانیی نەمر باسی سەربەخۆیی بۆ كردووم، بەڵام ئەو دەرفەتە نەڕەخسا. ئەوكاتەی كە جەنابی بارزانیی نەمر كۆچی دوایی كرد من لە وڵاتی بەریتانیا بووم و بۆ پرسەنامەكەی چووم بۆ وڵاتی ئێران و لە كەرەج بەشداریم كرد لە پرسەنامەكەی، لەهەمووی خۆشتر و گرنگتر ئەوەیە كە جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی وەك بارزانیی نەمر دەرچووەو خەمخۆرو دڵسۆزی كوردو خاكی كوردستانەو هەوڵێكی یەكجار زۆری بۆ كوردو كوردایەتی داوە.
دروستكردنی ڕێكخراوی مانگی سووری كوردستان بەشی ئەورووپا
دكتۆر جەمال ساڵح لە درێژەی قسەكانیدا بۆ خەبات گوتی: ئەو كاتەی لە بەریتانیا دەمخوێند لەپاڵ خوێندن كاری سیاسیم كردووە، ئەو كات لەگەڵ ژمارەیەك لە قوتابیان پڕوپاگەندەمان بۆ شۆڕشی خۆمان دەكردو پیشانی ئینگلیزەكانمان دەدا كە ئێمە میللەتێكی زوڵم لێكراوین و زوڵممان لێ دەكەن و غەدرمان لێ دەكەن، هەتا ڕۆژێكیان ڕۆژنامەم دەخوێندنەوە و لەستوونێكدا باسی كورد كرابوو كونسوڵ گوتی: كورد چییەو چۆنە، منیش زۆرم لەلاسەیر بوو.. ئەویش هەستی پێكردو گوتی بەداخەوە من لە لایەنی سیاسی وەكو پێویست نیم بۆم باس بكە، منیش پێم گوت ئێمە میللەتی كوردین لەكوردستانی عێراق دەژین و ژمارەمان زیاتر لە چوار ملیۆن كەسە و بەردەوام حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بەردەوام زوڵممان لێ دەكات و بەردەوام شەڕمان پێ دەفرۆشن و نایەڵن هەرگیز پەرە بە كولتووری خۆمان بدەین و بەرەو پێشەوەی ببەین و خۆمان بەڕێوەبەرین.. ئینجا داوای لێبوردنی كرد و لەڕۆژنامەكەدا وێنەی بارزانیی نەمرم پیشانداو یەكسەر بارزانیی نەمری ناسی و هەر لەوێ ڕێكخراوێكم دروستكرد بەناوی ڕێكخراوی مانگی سووری كوردستان بەشی ئەورووپا، دروستكردنی ئەو ڕێكخراوەش بووە باشترین مینبەری پڕوپاگەندە بۆ كوردو شۆڕشی كوردی و هەوڵمان دەدا نامیلكە دابەش بكەین بەسەر خەڵكان و باسی دڕندەیی حكوومەتی عێراقمان دەكرد، كە بەردەوام میللەتی كوردی دەچەوساندەوە و هەمیشە گەلی كوردی قەتلوعام كردووە و زۆرێك لەو نامیلكانەمان كردە كتێب و دابەشی سەر هەموو ئەندامەكانی پەرلەمانی بەریتانیا كرا.. بەڵام بەداخەوە خیانەتیان لێ كردین و شۆڕشەكەمان تووشی نسكۆ بوو هەموو میللەتی كورد بەو خیانەتە ناڕەحەت بوون و گریانمان بۆ یەكتری دەهات، ئەو كاتەی كە شۆڕش ڕووخا من تا ساڵی 1980 لەو وڵاتە مامەوە لەساڵی 1980 گەڕامەوە عێراق و هەوڵی دامەزراندنم دا پێیان گوتم دكتۆر دەبێ بچیت موقابەلەی دەزگای ئەمن و ئیستخبارات بكەی لە شاری بەغدا، ئەوەبوو سەردانی بەغدام كرد و لەماڵێكدا چاوم بە سێ بەرپرسی گەورەی ئەمن كەوت وپێیان گوتم بەخێر بێیتەوە و بۆمان بنووسە تۆ چیت كردووە لە وڵاتی بەریتانیا، منیش پێم گوتن لە بەریتانیا لە چەندین نەخۆشخانەدا كارم كردووە و بڕوانامەی دووەمم بەدەستهێناوەو حەزم كردووە لە وڵاتەكەی خۆم خزمەت بكەم و نامەم بۆ وەزیری تەندروستی عێراق نووسیی بوو ئەو بەخێرهاتنەوەی لێكردووم و گوتوویەتی ئەوە وڵاتی خۆتە، “ئەو كات دكتۆر ریاز وەزیر بوو” دەتوانی خزمەت بكەیت و لەلای ئەو بەرپرسانە نەموێرا هیچ بخۆمەوە و لەوە دەترسام شتێك لەناو خواردنەوەكەدا بێت.. پێم گوتن بەخوا من بەڕۆژوومە، ئەوەبوو گەڕامەوە بۆ شاری سلێمانی و لەوێ دەزگا ئەمنیەكان بەردەوام چاودێریان دەكردم و هەوڵمدا هیچ لەزمەیەك نەدەم و زۆر جاران برادەران تەلەفۆنیان بۆ دەكردم من بابەتەكانم دەگۆڕی لەترسی جەلادەكانی بەعس و دوای ڕاپەڕینە مەزنەكەی بەهاری ساڵی 1991 دەركەوت هەرچی ئەو تەلەفۆنانەی كە بۆمن دەكرا لەماوەی ئەو چەند ساڵانەدا هەر لەساڵی 1980 تا ساڵی 1991 هەر هەموو ئەو تەلەفۆنانە تۆمار كرابوون لە دائیرەی ئەمنەكەو مەلەفێكیان بۆ من كردبووەوە و هەموو تەلەفۆناكانی من لەسەر شریتی بچوك تۆمار كرابوون و بەدۆسیەكەمدا قایم كرابوو، بەڵام من كۆڵم نەداو هیچیان لەگەڵم پێ نەكراو زۆرجار بەمنیان دەگوت تۆ پارە بە پێشمەرگە دەدەیت، من هەر هیچ قسەم نەدەكردو ئینكاریم دەكرد، هەرچەندە قایمەیان لەلابوو بەڵام هیچیان پێ نەكرا و زۆرجاران كە لەنەخۆشخانە بووم ئەو بەرپرسە ئەمنانە دایكیان دەهێنا بۆ چارەسەر كردن ئێمەش كارمان بۆ دەكردن ئەوان دەیانگوت بابە ئەو پزیشكە پیاوێكی زۆر باشەو خزمەت دەكات وازی لێ بهێنن و ئەوقسانە ڕاست نین ئەوە قسەی خەڵكیە. بەڵام خەڵكانی دیكەیش هەبوون لە كوردستانەوە دەهاتنە بەریتانیا و ئێمە خزمەتی باشمان دەكردن بۆ چارەسەركردن دەهاتن و پیاوەتیمان لەگەڵ دەكردن و دەمانبردنە لای پزیشكە باشەكان بۆ چارەسەر كردن هەر كە دەگەڕانەوە بۆ كوردستان ڕاپۆرتیان لەسەر ئێمە دەنووسی و مەلەفێكی گەورەیان لەسەر تۆمار كردین كە خۆی لە 500 لاپەڕە دەدا و ناوی ئەو كەسانەشیان پێ دەگوتین كە ڕاپۆرتیان لەسەر ئێمە دەنووسی و ناوی ئەو كەسەیان پێ گوتم بەڵام من ئینكاریم كردو باسەكەم لادوور خستنەوەو لیستێك گیرابوو 5 مانگ بەر لە ڕاپەڕینە مەزنەكە ئەو لیستە گیرابوو ناوی منیشی تیابوو، ئەگەرچی من پارەم بە خۆبەخشانە بۆ پێشمەرگە دەنارد و مدیر ئەمن بەدوایدا ناردم هەموو پرسیارێكی لێ كردم، بەڵام من هیچم نەدركاند و پێم گوتن من بۆ خزمەتكردن هاتوومەتەوەو هیچ كارێكی تر ناكەم. ئەو مودیر ئەمنەی شاری سلێمانی بڕوای پێ كردم و كاغەزەكەی دوورخستەوەو ڕزگارم بوو و وازیان لێ هێنام و زۆر ئامۆژگاریشی كردم و پێی گوتم ئاگات لەخۆت بێت و لەئێستاشدا پزیشكم لە سەنتەری میدیا لەهەولێر و زانستێكی زۆرم كۆكردۆتەوە لەبواری پزیشكی و ئومێدی ئەوە دەكەم كە وەكو جەنابی بارزانیی نەمر فەرمووی كورد سەربەخۆ بێت و ئەو قسەیەی جەنابی بارزانیم هەرگیز بیر ناچێتەوە هەموو جیهان قەرزاری كوردە بۆ سەربەخۆیی ئەوەش گەورەترین قسەیە.
پێویستە گۆڕانكاری بەسەر سیستەمی تەندروستی كوردستاندا بێت
دكتۆر جەمال ساڵح لەبارەی سیستەمی تەندروستی لە كوردستانیش گوتی: سیستەمی تەندروستی كوردستانم بەدڵ نییەو پێویستە گۆڕانكاری بەسەردا بێت، پێویستە ئێمە لەكوردستان تەئمینی تەندروستیمان هەبێ تا دەوڵەت بەرامبەر زەریبەیەكی كەم خزمەتی چینی هەژار و كەمدەرامەت بكات.
بەختەوەربووم كە مەسرور بارزانی بوو بە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم ئومێدەوارم ئەمجارە بەجدیتر كاربكات و كار و بەرنامەی تێروتەسەلی هەبێت و گۆڕانكاری تەواو بكات بەتایبەتی لەبواری پەروەردە و گرنگی تەواوی پێ بدرێت و ژمارەی قوتابخانەكانیش زۆر زیاتر بكات تا جەنجاڵی لەناو پۆلەكانی قوتابخانەدا دروست نەبێت ئەو كاتە قوتابی زیاتر لە مامۆستاكەی سوود وەردەگرێت.









