خەبات: هەمزە سەرحان:-
لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا هەردوو هونەرمەند مەریوان سەفائەدین و كەمال محەمەد ئاماژە بەوە دەكەن، بەم نزیكانە لە نوێترین كاری هونەرییاندا پێكەوە دوێتێك بڵاودەكەنەوە. بەبێ ئەوەی ئاماژە بە تێكستی گۆرانییەكە و ناوەكەی بكات، لەبارەی بەرهەمەكەوە مەریوان سەفائەدین ئەوەی ئاشكراكرد، بەرهەمەكە لە میلۆدی و میكس و ماسترینی شادمیر نامۆیە، لە ئێستادا بەشێك لە كارە هونەرییەكانی تەواوبووە، بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا لەلایەن هەردی عومەرەوە كاری وێنەگرتنی بۆ بكرێت.هونەرمەند كەمال محەمەد لە ستۆریی ئینستاگرامەكەی بەشێك لە گۆرانییەكەی بڵاوكردووەتەوە، بۆ ئەو بەرهەمە دەستخۆشی لە هونەرمەند مەریوان سەفائەدین دەكات، پێیوایە گۆرانییەكە دەچیتە ناو خەڵكەوە.
كەمال محەمەد ساڵی 1960 لە شاری سلێمانی لەدایكبووە، لە ساڵانی هەشتاكانەوە دەستی بە كاری هونەری كردووە، یەكێكە لە گۆرانیبێژە دیارەكانی كوردستان، هەوادارێكی زۆری هەیە، جگە لە سازكردنی چەندین كۆنسێرتی گۆرانی و میوزیك، چەندین ئەلبوم و ڤیدیۆ كلیپی تۆماركراوی هەیە.
مەریوان سەفائەدین لە ساڵی 1972 لە هەڵەبجە لەدایكبووە، لەكاتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا لە شارەكە بووە و برینداربووە، دواتر چووەتە شاری سلێمانی، دوای ساڵی 1990 چووەتە دەرەوەی وڵات و تا ئێستا لە سوید دەژی، ساڵی 1993 دەستی بە كاری هونەری كردووە، یەكەم بەرهەمی بە ناوی “هەی باوە باوە” بڵاوكردووەتەوە، لە ڕێگەی هونەرمەند بەهجەت یەحیاوە دەستی بە كاری هونەری كردووە، ئەندامی تیپی مۆسیقای فۆلكلۆری كورد بووە، چەند كۆنسێرتێكیان لە شاری هەولێر و سلێمانی سازكردووە، ساڵی 2002 یەكەم ئەلبومی بە ناوی “دیە” بڵاوكردەوە، دووەم ئەلبوومی بە ناوی “جێژوان” بڵاوكردووەتەوە، جگە لە كۆنسێرت و ئاهەنگ و گۆرانی چەند ڤیدیۆكلیپێكی تۆماركراوی هەیە.









