كاروان محەمەد سینۆ
بەداخەوە هەفتەی رابردوو لە كتوپڕێكدا، لەنێوان شەو و ڕۆژێك، خەڵكی شاری بەغدا و دواتر شارەكانی باشووری عێراق (نەجەف، كەربەلا، دیوانیە، زیقار و بەسرە.. و چەندین شار و شارۆچكەی دیكەی خواروی عێراق) بە سەدان هەزار خەڵكی سڤیل (دوور لە هەژموونی مەرجەعیەتی ئاینی و مەزهەبی و حزبی ئاینی و عەلمانی) رژانە سەر شەقام و كوچەو كۆڵانەكان. ئەمەش پێشهاتێكی نوێیە لە عێراقی پاش سەدام حوسێن، كە خەڵك دوور لە حزبەكانی دەسەڵات بڕژێنە سەر شەقامەكان. ئەوە هەفتەیەكە خۆپێشاندانەكان بەردەوامە و رۆژ دوای رۆژ فراوانتر و تونتر و دڕندانەتر دەبێت. لە ئەنجامی خۆپێشاندانەكان (تاكو نووسینی ئەم چەند دێرە و بەپێی ئاماری فەرمی وەزارەتی ناوخۆی عێراق) 104 كەس كوژراوە و زیاتر لە 6.107 كەس برینداربووە و بە ملیۆنەها دۆلار زیانی ماڵی كەوتووە. ئەگەرچی لەوەتەی روخانی رژێمی سەدام (2003) تاكو ئێستا، چەندین جار خۆپێشاندان و رووبەرووبوونەوەی خەڵك و هێزە ئەمنییەكان لە بەغداو شارەكانی دیكەی عێراق بەرپابووە، بەڵام دەتوانی بڵێین ئەمە یەكەم خۆپێشاندانە (دوای روخانی ڕژێمی سەدام) كە ئەوەندە خوێناوی و دڕندانە بێت، بەڕادەیەك كە راستەوخۆ رووی تڤەنگ و تڤەنگی ئۆتەماتیك و نیشانگر (قناص) بكرێتە خۆپێشاندەران و یەك دوای یەك بیان كوژن. بۆیە لێرەدا مرۆڤ هەڵوەستەیەك دەكات، ئاخۆ بۆچی ئەمجارە هەروا بەهەناسەی سارد خەڵك دەكوژرێ؟!، ئەی بۆ پێشتر خەڵك نەدەكوژرا؟! یاخو تەنها چەند كەسێك دەبوونە قوربانی!. بۆیە لێرەدا بەشێنەیی دەتوانین بڵێین، بێجگە لە ئەجینداو هەژموونی وڵاتانی ئەقلیمی و زلهێز بەسەر رەوش و ناوەندی بڕیار لە عێراقدا، كە هەمان هۆكار و ئەگەرن لەسەر خۆپێشاندانەكانی پێشوو و ئەمڕۆی عێراق، بەڵام تاك جیاوازی نێوان خۆپێشاندانەكانی پێشوو و ئەمڕۆی عێراق، تەنها ئەوەیە كە جاران حزبێك یان چەند حزب و لایەنێكی تایفەگەر، بۆ گوشار و جێبەجێ كردنی ئەجندایەكی تایبەت لایەنگرانی خۆیان ئاراستەی شەقام دەكردو پاڵپشتی خۆیان ڕادەگەیاند و ڕابەرایەتی خۆپێشاندانەكەیان دەكرد، لەكاتێكدا ئەو حزبانە لەنێو حوكم و حوكمڕانیشدا بوو. بۆیە خۆپێشاندەران نەدەكوژارن و دەستبەسەریش نەدەكران. بەڵام ئەمجارە لەبەر ئەوەی خەڵكێكی رەش و رووت خزاونەتە سەرشەقام، بۆیە لەلایەن هەموولایەنێكەوە دەكوژرێن و تەپەسەر دەكرێن. شایانی باسە هەریەكە لە هێزو حزب و لایەن و ئەجیندای هەژمووندار لە عێراق، هەریەكەیان هەوڵدەدات بە جۆرێك لە جۆرەكان سواری مەوجی خۆپێشاندەران بێت و (بەشە گۆشتی خۆی بە ئاگری ئەوان ببرژێنێت). هەڵبەت هەموومان دەزانین كە كێشەو گرفت و ناسەقامگیرو نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی كارو گەندەڵی و كێشەكانی دیكەی عێراق، هەموو ئەمانە زێدی شەورۆژێك نین بەڵكو ئەمانە كەڵەكەبووی گرفتی 16 ساڵی رابردووە، هەر لە كاتی روخانی ڕژێمی سەدامەوە تاكو ئێستا، بەڵام بۆچی ئەمڕۆ لە وادەی چەند مانگەی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی خۆپێشاندان و ناڕەزایی خوێناوی سەریان هەڵدا؟!. وەڵامی ئەم پرسیارە بابەتێكی قووڵەو دەرفەتی ئەوەمان نییە لەم چەند دێرەدا شلۆڤەی بكەین.. . بەهەر حاڵ، حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی لەماوەی 11 مانگی تەمەنی خۆیدا، ئەزموونێكی خراپی نەبووە كە ببێتە مایە ئەوەی ئەم جۆرە خۆپێشاندانە دژی بكرێ!. بەڵكو بەپێچەوانەوە بەپێی هەڵسەنگاندنی چاودێرانی بێلایەن لە ماوەی 11 مانگی تەمەنیدا، حكوومەتی عادل عەبدول مەهدی لە هەموو حكوومەتەكانی پێشوو باشتربووە. كەواتە دۆخی ئەمڕۆی عێراق لە ئەگەری هەڵە لە ئیدارەدانی وڵات نەبووە؟!، بەڵكو دەتوانین بڵێین دۆخی ئەمڕوی عێراق ئیدارەدانی هەڵە كەڵەكەبووەكانی ساڵانی رابردووە، لەپێناو گەیشتن بە ئامانج و مەبەستێك؟!، لەپێناو ئەمەدا هەر لایەن و حزب و گروپ و مەرجەع و ئەجندایەكی دەرەكی بەشێوەیەك لە شێوەكان ئیدارەی هەڵەكان كات بۆ گەیشتن بە مەبەستەكانی خۆیان. جا ئەگەر بە شێوازێكی راست و حەكیمانە بەدواداچوون و چارەسەری ئەم قەیرانەی عێراق نەكرێ؟!، ئەوا عێراق رووەو تونێلێكی تاریك ئاراستە دەبێت و لەكۆتاییدا تەنها هاوڵاتی رەش و رووتی عێراق لە رووی ماڵی و گیانی زەرەرمەند دەبن و هەڵەیەكی دیكە لەسەر هەڵەكانی پێشووی عێراق كەڵەكە دەبێت. بۆیە لەپێناو پاراستنی عێراق لەدۆخیكی نەخوازراو، رۆژی دووشەممە 2019/10/7 سەرۆك بارزانی لەكۆبوونەوەیەكی دا لەگەڵ دكتۆر ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیتیلافی نیشتیمانی عێراق لەسەلاحەدین كۆبۆوەو هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوەكرد كە بێجگە لە چوارچێوەی دەستوری عێراق، هیچ گۆرانكارییەكی دیكە لەپرۆسەی سیاسی عێراق قبوڵ نییەو جەختیان لەوەش كردەوە كە دەبێ حكوومەتی ئێستای عێراق پارێزگاری لە ژیان و كەرامەتی هاووڵاتیانی عێراق بكات، هەروەها هەردوولا پاڵپشتی تەواوی خۆیان بۆ حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی دەربڕی بۆ بەدیهێنانی هێمنی و سەقامگیری و سزادانی گەندەڵكارانی و ئەوانەی بوونەتە هۆی خوێنڕشتنی خەڵكی بێ تاوان.









